هه‌واڵ
  یوسف محەمەد؛ گۆڕان نەخشەسازی دەوڵەتێک دەکات نەبێتە دەسکەلای هێزە دەرەکیەکان
یوسف محەمەد سەرۆکی لیستی گۆڕان بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، لە ئاهەنگی کردنەوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ (چوارشەممە) 28/8/2013، پەیامی لیسیتی گۆڕانی بۆ هەڵبژاردن راگەیاند.
لە پەیامەکەدا یوسف محه‌مه‌د داوای لە خەڵکی کوردستان کرد کە لە رۆژی هەڵبژاردندا بە گەرموگوڕیەوە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بە لیستی ژمارە ١١٧ی بزوتنەوەی گۆڕان بدەن.
هه‌ر له‌و په‌یامه‌دا سه‌رۆكی‌ لیستی‌ گۆڕان رایگه‌یاند: دەنگدان بە لیستی گۆڕان دەنگدانە بە هاتنە پێشەوەی نەوەیەکی سیاسی نوێ  و بەشداریی ڕاستەوخۆی گەنجان لە بڕیاردانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان.
وتیشی‌: کاردەکەین بۆ ئەوەی سەربەخۆیی کوردستان لە دروشمەوە بگۆڕدرێ بۆ ئامانجی ستراتیژی، گۆڕان ئەیەوێت نەخشەسازیی دەوڵەتێک بکا کە لەخزمەتی ئێستا و داهاتوی گەلی کوردستاندا بێت نەک ببێتە دەسکەلای هێزە دەرەکیەکان.
هەر لە درێژەی پەیامەکەیدا رونیکردەوە کە بەهەموو هەولێکیانەوە دژ بە قۆرخکاری بازاڕ و داهاتەکانی نەوت دەوەستنەوە و ناهێڵن لەلایەن چەند تاقم و بنەماڵەیەکەوە قۆرخبکرێت.

ده‌قی‌ په‌یامی‌ لیستی‌ گۆڕان بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان:
پەیامی لیستی گۆڕان/ ١١٧ بە بۆنەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان
بەناوی خوای گەورە
هاوڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان
ئێوە شایەتی ئەوەن کە بزوتنەوەی گۆڕان لە چوار ساڵی ڕابردودا سەرەڕای ئەوەی چەند جار داوای لێکرا، بەڵام رەدی کردەوە بچێتە حکومەتەوە و، بێ ڕەچاو کردنی بەرژەوەندیی حیزبی و شەخسی، وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی کوردستان خۆی ناساند. چونکە پێمان وابو بەرژەوەندیی هاوڵاتیانی کوردستان وا ئەخوازێ ئێمە لە سەنگەری بەرگری کردن لە بەرژەوەندیاکانیاندا بین. هەر بۆیەش لە ڕێگای خەباتی پەرلەمانی و میدیایی و شەقامەوە گوشارێکی جددیمان لەسەر هەر دوو حیزبی حوکمڕان دروست کرد و ئەوەی لەژێر بەڕە بوو خستمانە سەربەڕە و بوینە سەرچاوەی سەرەکی ئاشکراکردن و ڕەخنە کردنی گەندەڵی و کەموکورتیەکان لە سەرجەم کەرت و بوارەکاندا.
ئێستا ئیتر ئەمانەوێ بە متمانە و پشتیوانیی ئێوە، ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەین بۆ ئەوەی هەمو ئەو پڕۆژانەی لە ماوەی ڕابردو ئامادەمان کردوە و لە بەرنامەی هەڵبژاردنی لیستەکەمان بۆ پەرلەمانی کوردستان دا ڕەنگی داوەتەوە، جێبەجێ بکەین.
بۆیە داواتان لێئەکەین لە ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە حەماس و گەرموگوڕیەوە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و، دەنگ بە لیستی ١١٧ی گۆڕان بدەن.
دەنگدانی ئێوە بە لیستی گۆڕان، زامنی سەرهەڵنەدانی دیکتاتۆریەت و حوکمی بنەماڵەیی میراتی و، چەسپاندنی دیموکراسی و سەقامگیریی سیاسی لە کوردستان ئەکا.
دەنگدان بە لیستی ١١٧، ڕێگا خۆش ئەکا بۆ هاتنەکایەی دادپەروەری لە کوردستان. چونکە ئێمە پێمان وایە کە داهاتەکانی هەرێمی کوردستان بەشی دەستەبەرکردنی ژیانێکی کەرامەتمەندانە و خۆشگوزەران بۆ سەرجەم هاوڵاتیان ئەکا ئەگەر بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێ.  لیستی گۆڕان بەرنامەی هەیە بۆ کەمکردنەوەی جیاوازیی نێوان موچەی پلە تایبەت و ئاساییەکان، کار ئەکا بۆ دەستەبەرکردنی خانەنشینی بۆ هەمو هاوڵاتیەک لە تەمەنی خانەنشینی، بە یاسایی کردنی هاوکاریی کابانی ماڵ و، منداڵ و، پەککەوتە و بەساڵاچوان و خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان، باشتر کردنی ژیانی کرێکاران و زامن کردنی بیمەی تەندروستی و خانەنشینی بۆیان، هاوکاریکردنی کرێنشینان و دابین کردنی شوێنی نیشتەجێ بون بۆیان.
دەنگدان بە لیستی گۆڕان، دنگدانە بە هاتنە پێشەوەی نەوەیەکی سیاسیی نوێ و، بەشداریی ڕاستەوخۆی گەنجان لە بڕیاردانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان.
لیستی گۆڕان کار ئەکات بۆ ئەوەی سەربەخۆیی کوردستان لە دروشمەوە بگۆڕێ بۆ ئامانجی ستراتیژی و پێداویستیەکانی بۆ دەستەبەر بکا. گۆڕان ئەیەوێ نەخشەسازیی دەوڵەتێک بکا کە لەخزمەتی ئێستا و داهاتوی گەلی کوردستاندا بێ نەک ببێتە دەسکەلای هێزە دەرەکیەکان.
هەر بۆ ئەمەش گۆڕان ئەیەوێ دامەزراوەکانی هەرێم بە نیشتیمانی بکا.
هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس بە پیشەیی بکا و ژیانێکی شکۆمەند و موچەی شایستەیان بۆ دابین بکا.
گۆڕان بەرنامەی هەیە بۆ گێڕانەوی سەروەری بۆ دادگاکان و یەکسان بونی سەرجەم هاوڵاتیان لەبەردەم یاسادا. هاوکات کار ئەکەین بۆ ئەوەی هەموو هاوڵاتیانی کوردستان بە بێ جیاوازیی ئایینی و ڕەگەزی و نەتەوەیی و سیاسی و بنەماڵەیی دەرفەتی یەکسانیان هەبێ بۆ هەموو دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان.
ئێمە ئەمانەوێ داهاتی نەوت و گاز بکەینە مایەی بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوریی هەرێم و، دابین کردنی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک نەک قۆرخ کردنی لە لایەن چەند تاقم و بنەماڵەیەک.
ئێمە پشتیوانیی لە بازاڕی ئازاد ئەکەین، دژی قۆرخکردنی هەر کەرتێکی ئابورین و، ئەمانەوێ هەلی کاری یەکسان بۆ هەمو هاوڵاتیەک بڕەخسێنین.
دەنگدانی هاوڵاتیان بۆ لیستی ١١٧ی گۆڕان، زامنی دەستەبەرکردنی ئەم بەرنامە نیشتیمانیە ئەکات و ئێمەش وەک کاندیدەکانی لیستی گۆڕان، شەرەفی ئەوەمان پێدەبڕێ کە بە هەموو توانامانەوە هەوڵی دەستەبەر کردنی مافی هاوڵاتیان بدەین.
ئیتر بەرەو گۆڕانکاریی گەورە و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات.

یوسف محەمەد
سەرۆکی لیستی ١١٧ی گۆڕان
٢٨/ ٨/ ٢٠١٣
28/08/2013
زیاتر...
په‌ڕه‌یله‌ 5
ژماره‌ی بابه‌ت