هه‌واڵ
  د. بورهان یاسین: له‌ سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردیدا زۆرێك له‌ پایه‌كانی دروستبونی ده‌وڵه‌ت هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌

د. بورهان یاسین، نوسه‌ر و لێكۆڵه‌ری‌ كورد، ئاماژه‌ به‌ هۆكاره‌كانی‌ دروستنه‌بونی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت له‌ سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردیدا زۆرێك له‌ پایه‌كانی دروستبونی ده‌وڵه‌ت هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌.
له‌ کۆڕێکدا کە پاشنیوه‌ڕۆی‌ ئه‌مڕۆ (شه‌ممه) له‌ هۆڵی‌ کۆبونەوەکانی مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان بەڕێوەچو لە شاری سلێمانی، د.بورهان یاسین، مامۆستای‌ زانكۆ له‌ وڵاتی‌ سوید، باسێكی سه‌باره‌ت به‌ دروستبونی ده‌وڵه‌ت و چه‌مكه‌ سیاسیه‌كه‌ی‌ پێشكه‌شكرد و ئه‌و بیرمه‌ندانه‌ی وه‌ك نمونه‌ هێنایه‌وه‌ كه‌ له‌و بواره‌دا كاریان كردوه‌ و دروستبونی ده‌وڵه‌تی توركیای وه‌ك نمونه‌ هێنایه‌وه‌، كه‌ ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه‌.
کۆڕەکە لەلایەن کەناڵی (كه‌ی‌ ئێن ئێن)ه‌وه‌ ساز کرابو کە ژماره‌یه‌كی‌ زۆ له‌ رۆشنبیران و نوسه‌ران و گۆڕانخوازان ئامادەی بون و تیایدا د.بورهان باسی له‌و هۆكارانه‌ كرد كه‌ له‌ رابردودا وایكردوه‌ كورد نه‌بێته‌ خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت و وتی:‌ "ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ كورد به‌ زۆر لكێندرابێت به‌ عێراقه‌وه‌، ئه‌وا پاش روخانی به‌عس، بو به‌ لكاندنێكی دڵخوازانه‌، چونكه‌ كورد لێی بێده‌نگ بو، ده‌بێت له‌ بری ئه‌وه‌ی بپرسین كورد بۆ نه‌بوه‌ به‌ ده‌وڵه‌ت، بپرسین كورد بۆ نه‌بوه‌ به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی مۆدێرن؟".
هۆكاره‌كانی ئه‌وه‌شی‌ شیكرده‌وه‌ و به‌ستیه‌وه‌ به‌ نه‌بونی ئابوریه‌كی به‌هێز و هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی كوردستان و نه‌بونی زمانێكی یه‌كگرتو، رازیبون به‌ ئۆتۆنۆمی له‌ بری ده‌وڵه‌ت و لاوازیی ناسیۆنالیستی كوردیشی به‌ هۆكاری دیكه‌ ناوبرد.
هه‌ر له‌و كۆڕه‌دا، د.بورهان یاسین وتی‌: "له‌ سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردیدا زۆرێك له‌ پایه‌كانی دروستبونی ده‌وڵه‌ت هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌"، پێشیوایه‌ بیانوه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد به‌ رازیبون به‌ فیدراڵی كارێكی مه‌ترسیداره‌.
رونیشیكرده‌وه‌ كه‌ نه‌وه‌ی نوێ نیشانه‌ی پرسیاری له‌ سه‌ر شانازییه‌كانی دوێنێ هه‌یه‌، چونكه‌ ده‌پرسێت ئه‌گه‌ر بۆ ئێمه‌ خه‌باتتان كردوه‌، بۆ ئێستا ئازادیه‌كانی ئێمه‌ بنپێ ده‌خه‌ن و وتیشی:‌ "پاش یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئیداره‌ی سلێمانی و هه‌ولێر سێ حكومه‌ت دروستبو، حكومه‌تێكی لاوازی یه‌كێتی و حكومه‌تێكی به‌هێزی پارتی و حكومه‌تێكی هاوبه‌ش بۆ چه‌واشه‌كردن"، پرسیاری‌ ئه‌وه‌شی‌ وروژاند ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانی ستراتیژی له‌ خزمه‌تی دروستبونی ده‌وڵه‌تی كوردیدا نه‌بێت ئیتر سودی چیه‌؟

17/08/2013
زیاتر...
په‌ڕه‌یله‌ 5
ژماره‌ی بابه‌ت