جڤاتی نیشتمانی: ئەنجامی هەڵبژاردنەکان راستنەکرێتەوە هەمو بژاردەیەک لەبەردەممان کراوەیە، بە بڕیاری بایکۆتی سیاسیشەوە
جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ ئەو ساختەکارییە رێکخراوەی یەکێتیو پارتی کە بەهۆیەوە دەنگی سەدان هەزار هاوڵاتی کوردستانیان دزی، جارێکی تریش سەلماندیان کە لە پێناوی بەرژەوەندی حیزبی خۆیان سڵ لە هیچ رەفتارێک ناکەنەوە، دەشڵێت: بەو رەفتارەیان هاوڵاتیانی کوردستانیان رق ئەستورتر کرد بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە شکسخواردوو خۆسەپێنە.
دوای تەواوبونی کۆبونەوەکە، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە " جڤاتی نیشتمانی سوپاسی هاوڵاتیانی کوردستان دەکات کە بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنیان کرد. هەروەها سوپاسی هەڵسوڕاوو دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکات کە ماندونەناسانە لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا بە گوڕوتینەوە کاریان بۆ سەرخستنی لیستی گۆڕان کرد".
هەروەها جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان "سەرتاپای هەڵبژاردنەکان رەتدەکاتەوە و لە هەمان کاتدا چاوەڕێی رێکارە یاساییەکانو هەوڵە سیاسیو دیپلۆماسییەکانن بۆ دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی هەرێمو پارێزگاکانی کەرکوکو موسڵ، یان راستکردنەوەی ئەنجامەکانو گێڕانەوەی دەنگە راستەقینەکانی هاوڵاتیانی کوردستان. بەپێچەوانەوە هەمو بژاردەیەک لەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕان کراوەیە، بە بڕیاری بایکۆتی سیاسیشەوە، بە راوێژ لەگەڵ یەکگرتوی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموکراسیو دادپەروەری، بزوتنەوەی ئیسلامیو حیزبی شیوعی کوردستان".
داواش لە هەمو هێزو لایەنە کوردستانییە نیشتمانییەکان دەکات بەرەیەکی فراوان دروست بکەن بۆ گۆڕانکاری ریشەیی لە هەرێمی کوردستان.
جڤاتی نیشتیمانی داوا لە هاوڵاتیانی کوردستان دەکات بە گوڕوتینەوە خۆیان ئامادە بکەن بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە لە ٣٠/٩ی ئەمساڵ بەڕێوە بچێ. ئەوەش بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکاری ریشەیی لە نەخشەی سیاسی لە هەرێمی کوردستانو سیستمی حوکمڕانیو پوچەڵکردنەوەی پیلانەکانی پارتیو یەکێتی و هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان سەنگی مەحەک دەبێ بۆ بڕیاردان لەسەر شێوازی خەبات لە پێناوی بەدیهێنانی گۆڕانکاریو چاکسازی لە هەرێمی کوردستان.
دەقی راگەیانراوی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان
ئەمڕۆ ٢٦/٥/٢٠١٨ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە مەکۆی سەرەکی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا. لە کۆبونەوەکەدا بارودۆخی کوردستانو پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقو ساختەکارییە رێکخراوو لە رادەبەدەرەکەی پارتیو یەکێتی تاووتوێکران.
جڤاتی نیشتمانی سوپاسی هاوڵاتیانی کوردستان دەکات کە بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنیان کرد. هەروەها سوپاسی هەڵسوڕاوو دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکات کە ماندونەناسانە لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا بە گوڕوتینەوە کاریان بۆ سەرخستنی لیستی گۆڕان کرد.
کۆبونەوەکە بڕیاریدا بە:
یەکەم: ئیدانەکردنی ئەو ساختەکارییە رێکخراوەی یەکێتیو پارتی کە بەهۆیەوە دەنگی سەدان هەزار هاوڵاتی کوردستانیان دزیو سەرەتاییترین مافی هاوڵاتیانی کوردستانیان پێشێل کرد. جارێکی تریش سەلماندیان کە لە پێناوی بەرژەوەندی حیزبی خۆیان سڵ لە هیچ رەفتارێک ناکەنەوە. بەڵام بەو رەفتارەیان هاوڵاتیانی کوردستانیان رق ئەستورتر کرد بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە شکسخواردوو خۆسەپێنە.
دوەم: توندی ئیدانە کردنی پەلامارە ترسنۆکانەکەی چەکدارانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە لە ئێوارەی ١٢/٥ دا کردیانە سەر مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی.
سێیەم: رەتکردنەوەی سەرتاپای ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق. لە هەمان کاتدا چاوەڕێی رێکارە یاساییەکانو هەوڵە سیاسیو دیپلۆماسییەکانین بۆ دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی هەرێمو پارێزگاکانی کەرکوکو موسڵ، یان راستکردنەوەی ئەنجامەکانو گێڕانەوەی دەنگە راستەقینەکانی هاوڵاتیانی کوردستان. بەپێچەوانەوە هەمو بژاردەیەک لەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕان کراوەیە، بە بڕیاری بایکۆتی سیاسیشەوە، بە راوێژ لەگەڵ یەکگرتوی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموکراسیو دادپەروەری، بزوتنەوەی ئیسلامیو حیزبی شیوعی کوردستان. هەروەها داوا لە هەمو هێزو لایەنە کوردستانییە نیشتمانییەکان دەکەین بەرەیەکی فراوان دروست بکەن بۆ گۆڕانکاری ریشەیی لە هەرێمی کوردستان.
هاوڵاتیانی کوردستان
بزوتنەوەی گۆڕان بڕوای بەو راستییەیە کە ئیرادەی گەلەکەمان لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتو بوەو ئەو ساختەکارییەی پارتیو یەکێتی، باشترین بەڵگەیە کە ئەو رەفتارەیان لە ئەنجامی ئیفلاسی سیاسیو جەماوەرییانەوەیە.
دوابەدوای هەوڵەکانی گۆڕانو هێزە کوردستانییەکانی تر بۆ ساخکردنەوەی دەنگەکانی هاوڵاتیان چەندین هێزو لایەنی سیاسی عیراقیو نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلە دەکەن لە ساختەکارییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن. هەروەها دروستکردنی لیژنەی لێکۆڵینەوە لەلایەن حکومەتی عیراقەوە هەنگاوێکی ئەرێنیو دانپێدانانە بە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا.
لە کۆتاییدا داوا لە هاوڵاتیانی کوردستان دەکەین بە گوڕوتینەوە خۆیان ئامادە بکەن بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە لە ٣٠/٩ی ئەمساڵ بەڕێوە بچێ. ئەمەش بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکاری ریشەیی لە نەخشەی سیاسی لە هەرێمی کوردستانو سیستمی حوکمڕانیو پوچەڵکردنەوەی پیلانەکانی پارتیو یەکێتی. هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان سەنگی مەحەک دەبێ بۆ بڕیاردان لەسەر شێوازی خەبات لە پێناوی بەدیهێنانی گۆڕانکاریو چاکسازی لە هەرێمی کوردستان.
جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان