گۆڕان: هێشتا برینە جەستەیی و دەرونییەكانی كارەساتی هەڵەبجە وەكو خۆیان ماونەتەوە
بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ کاتی یادكردنەوەی ساردوسڕ و بەڵێنی بێ بنەما بۆ هەڵەبەجە دەمێكە كۆتایی هاتوەو ئەگەر یادكردنەوە و بیرهێنانەوە هاوتەریب نەبێت بە ساڕێژكردنێكی فیعلیی برینەكان و ئاوەدانكردنەوەی شارەکە، جگە لە كولاندنەوەی برینەكان شتێكی دیكە بۆ هەڵەبجەییەكان زیاد ناكات.
بزوتنەوەی گۆڕان بەبۆنەی سییەمین ساڵرۆژی تاوانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە "ئێستا (30) ساڵ بەسەر ئەم تاوانەدا تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا برینە جەستەیی و دەرونییەكانی ئەو كارەساتە وەكو خۆیان ماونەتەوە. ئەگەر پێشتر گلەیی و گازندەمان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و دەوڵەتی عێراق بوە كە بەدەنگ خەڵكی لێقەوماوی هەڵەبجەوە نەچون، ئێستا پاش ئەزمونی (27) ساڵ حكومڕانی و گۆڕینی چەند كابینەیەكی حكومەتی هەرێم و سەرفكردن و تەخشان و پەخشانكردنی دەیان ملیار دۆلار، كاتیەتی رەخنە لە دەسەڵاتدارانی هەرێم بگیرێت كە كەمتەرخەم بون لەبەرامبەر قوربانیانی كارەساتەكە و پارێزگای هەڵەبجە و تاوانبارانی دۆسییەكە كە تائێستا سزا نەدراون".
بزوتنەوەی گۆڕان جەخت دەکاتەوە لەوەی "كە كاتی یادكردنەوەی ساردوسڕ و بەڵێنی بێ بنەما دەمێكە كۆتایی هاتوەو ئەگەر یادكردنەوە و بیرهێنانەوە هاوتەریب نەبێت بە ساڕێژكردنێكی فیعلیی برینەكان و ئاوەدانكردنەوە و بیناكردنەوەی شارەكە و گەڕاندنەوەی بێسەروشوێنەكان، جگە لە كولاندنەوەی برینەكان شتێكی دیكە بۆ هەڵەبجەییەكان زیاد ناكات".
ئەوەش هاتوە "ئەمڕۆ گەلی كورد لە رۆژئاواو لەعفرینی خۆڕاگر لە ژێر هەڕەشەی داگیركاریدایە و لە باشوریش تا بێت پێگەی هەرێم لاواز دەبێت، بۆیە كورد لەهەمو كات زیاتر پێویستی بەیەكریزی و یەكگرتوی هەیە بۆ بەرەنگاربونەوەی هەڕەشەكان و پاراستنی ئەزمونەكامان و بەهێزی كورد لەناوخۆوە دەست پێ دەكات نە بە پشت بەستن بە دەوڵەتان".
پەیامی بزوتنەوەی گۆڕان بەبۆنەی سییەمین ساڵرۆژی تاوانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەوە
كارەساتی كیمیاییبارانی هەڵەبجەدا یەكێك بو لە دڕندەترین تاوانەكانی رژێمی بەعس بۆسەر گەلەكەمان، كە لە لایەكەوە بوە سیمبول بۆ خۆراگری و قوربانیدانی كورد و لەلایەكی تریشەوە بوە هێمایەك بۆ وەحشیگەری و بێبەزەیی ئەو رژێمە لەناوچوە، بەرامبەر بە كورد.
ئێستا (30) ساڵ بەسەر ئەم تاوانەدا تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا برینە جەستەیی و دەرونییەكانی ئەو كارەساتە وەكو خۆیان ماونەتەوە. ئەگەر پێشتر گلەیی و گازندەمان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و دەوڵەتی عێراق بوە كە بەدەنگ خەڵكی لێقەوماوی هەڵەبجەوە نەچون، ئێستا پاش ئەزمونی 27 ساڵ حكومڕانی و گۆڕینی چەند كابینەیەكی حكومەتی هەرێم و سەرفكردن و تەخشان و پەخشانكردنی دەیان ملیار دۆلار، كاتیەتی رەخنە لە دەسەڵاتدارانی هەرێم بگیرێت كە كەمتەرخەم بون لەبەرامبەر قوربانیانی كارەساتەكە و پارێزگای هەڵەبجە و تاوانبارانی دۆسییەكە كە تائێستا سزا نەدراون.
لەم سۆنگەیەوە، بزوتنەوەی گۆڕان جەخت لەوەدەكاتەوە كە كاتی یادكردنەوەی ساردوسڕ و بەڵێنی بێ بنەما دەمێكە كۆتایی هاتوەو ئەگەر یادكردنەوە و بیرهێنانەوە هاوتەریب نەبێت بە ساڕێژكردنێكی فیعلیی برینەكان و ئاوەدانكردنەوە و بیناكردنەوەی شارەكە و گەڕاندنەوەی بێسەروشوێنەكان، جگە لە كولاندنەوەی برینەكان شتێكی دیكە بۆ هەڵەبجەییەكان زیاد ناكات.
ئەمڕۆ گەلی كورد لە رۆژئاواو لەعفرینی خۆڕاگر لە ژێر هەڕەشەی داگیركاریدایە و لە باشوریش تا بێت پێگەی هەرێم لاواز دەبێت، بۆیە كورد لەهەمو كات زیاتر پێویستی بەیەكریزی و یەكگرتوی هەیە بۆ بەرەنگاربونەوەی هەڕەشەكان و پاراستنی ئەزمونەكامان و بەهێزی كورد لەناوخۆوە دەست پێ دەكات نە بە پشت بەستن بە دەوڵەتان.
لە سییەمین ساڵڕۆژی خولقاندنی ئەو تاوانە گەورەیەدا جارێكیتر سەری رێزو نەوازش بۆ قوربانیانی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە و قوربانیانى ناوچەکانى دوڵی جافایەتی و خۆشناوەتی و قەرەداغ و قەڵا سێوکە و بادینان دادەنوێنین و داواش دەكەین حكومەتی هەرێمی كوردستان بەجدی کاربکات بۆ بەفیعلی كردنی هەڵەبجە بەپارێزگایەكی نمونەیی كە ببێتە مایەی خزمەتكردنی زیاتری كەسوكاری قوربانیان و هاونیشتیمانیانمان لەم پارێزگایە.
بزوتنەوەی گۆڕان
16/3/2018