راگەیەندراوێک لە بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی دۆخی عەفرینەوە
بزوتنەوەى گۆڕان داوای بەپەلە وەستاندنی پەلامارەکانى سەر کانتۆنى عەفرین و چارەسەرکردنی هەمو کێشەکان بە رێگەچارەی ئاشتیانە دەکات و داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات پەردەی بێدەنگی بشکێنن و دەڵێت:”پێوستە حکومەت و پەرلەمانی کوردستانیش هەڵوێستی جدی هەبێت و هاوکاری مرۆیی بە پەلە بگەیەنێتە خوشک و براکانمان لە کانتۆنی عەفرین”.
بزوتنەوەی گۆڕان راگەیەنراوێک لەبارەی دۆخی عەفرینەوە بڵاو دەکاتەوە و تێیدا ئەوە دەخاتەڕو کە شەڕڤان و خەڵکی عەفرین نزیکەی دو مانگە بەرەنگاری قورسترین هێرشی سوپای تورکیا و گروپە توندڕەوەکان دەبنەوە، بەو هۆیەشەوە چەندین هەزار هاوڵاتی لە ژن و منداڵ و بەتەمەن شەهید و برینداربون و دەیان هەزار خێزان ئاوارە بون و هەمو خزمەتگوزارییەکان وەک ئاو و کارەبا و خوێندن وەستاوە.
هەروەک جارێکی دیکە ئیدانەی لەشکرکێشییەکە و بێ دەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، بەتایبەت ئەمەریکا و روسیا و یەکێتی ئەوروپا کە “لە ئاست ئەم تاوانانە بێ هەڵوێست بون و بەرپرسن بە بەرامبەر ئەم دۆخە کارەساتبارە، کە بەداخەوە ئێستا مەترسی داگیرکردنی تەواوەتی عەفرین لەئارادایە”.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتوە؛ ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان داوای بەپەلە وەستاندنی پەلامارەکان و چارەسەرکردنی هەمو کێشەکان بە رێگەچارەی ئاشتیانە دەکەین و داواکارین لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پەردەی بێدەنگی بشکێنن.
دەقى راگەیەندراوەکە:
راگەیەندراوێک لە بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی دۆخی عەفرینەوە
شەڕڤان و خەڵکی عفرین نزیکەی دو مانگە بەرەنگاری قورسترین هێرشی سوپای تورکیا و گروپە توندڕەوەکان دەبنەوە، بەو هۆیەشەوە چەندین هەزار هاوڵاتی لە ژن و منداڵ و بەتەمەن شەهید و برینداربون و دەیان هەزار خێزان ئاوارە بون و هەمو خزمەتگوزارییەکان وەک ئاو و کارەبا و خوێندن وەستاوە، کە کارەساتێکی مرۆیی گەورەی خولقاندوە.
بزوتنەوەی گۆڕان جارێکی تر ئیدانەی ئەم لەشکرکێشییە و بێ دەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، بەتایبەتیش ئەمریکا و روسیا و یەکێتی ئەوروپا کە لە ئاست ئەم تاوانانە بێ هەڵوێست بون و بەرپرسن بە بەرامبەر ئەم دۆخە کارەساتبارە، کە بەداخەوە ئێستا مەترسی داگیرکردنی تەواوەتی عەفرین لەئارادایە.
لە کاتێکدا شەڕڤانان بەدرێژایی شەڕی دژی داعش و تیرۆر بەهێزترین و کاراترین هێزی روبەڕوبونەوە بون و لەسەر دەستی ئەوانیشەوە بەر بە هەژمونی وێرانکاریی داعش گیرا، شکستی داعش لە کۆبانێی خۆڕاگر وەرچەرخانی مێژویی بو بۆ سەرەتای کۆتاییهاتنی داعش لە عێراق و سوریا.
ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان داوای بەپەلە وەستاندنی پەلامارەکان و چارەسەرکردنی هەمو کێشەکان بە رێگەچارەی ئاشتیانە دەکەین و داواکارین لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پەردەی بێدەنگی بشکێنن. پێوستە حکومەت و پەرلەمانی کوردستانیش هەڵوێستی جدی هەبێت و هاوکاری مرۆیی بە پەلە بگەیەنێتە خوشک و براکانمان لە کانتۆنی عفرینی رۆژئاوای کوردستان.
بزوتنەوەی گۆران
١٢/٣/٢٠١٨