Print WWW.GORRAN.NET
 ئامانجە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی لیستی (148)
9/11/2018 6:18:27 PM
بزوتنەوەی گۆڕان بە دروشمی بەرەو هەرێمێکی دادپەروەر و خزمەتگوزار، بەرنامەی خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رادەگەیەنێت و جەخت دەکاتەوە کە خەبات دەکات بۆ بەنیشتمانیی كردنی سەرجەم دامەزراوەكانی هەرێم و پاككردنەوەی هەمو ئەو دامەزراوانە لە وەلائی حیزبی و شەخسی و بنەماڵەیی.

لیستی (148)ی بزوتنەوەی گۆڕان، لە بەرنامەی خۆی بۆ ئامانجه‌ نیشتیمانی و نەتەوەیییەکان پێداگریی دەکات لەسەر بەدامەزراوەییكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق و دانانی پەرلەمانی كوردستان بە مەرجەعی شەرعی بڕیاردان لەسەر پرسە نیشتیمانی و چارەنوسسازەكان.

لیستی (148)ی بزوتنەوەی گۆڕان، لە تەوەرێکی دیکەی بەرنامەکەیدا سوربونی خۆی نیشان دەدات بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هەمو ئەو بڕیار و دیاردە‌ و ئاكارانەی گیانی نیشتمانپەروەریی لاواز دەكەن، وەك تاكڕەوی لە دەسەڵاتدا، بەکارهێنانی دروشمی ساختە بۆ بەرژەوەندی بەرتەسکی حیزبی، زەقکردنەوەی ناوچەگەرێتی و خێڵگەری، گەندەڵی، بێدادیی لە دابەشكردنی سامانی نیشتمانی ‌و پۆست ‌و بەركەوتی هاوڵاتیاندا، لە نێوان بەركەوتی شار ‌و شارۆچكە ‌و گوند و ناوچە جیاوازەكاندا.

وەک بەشێک لە بەرنامەی سیاسی و ستراتیژیی خۆی لیستی (148)ی بزوتنەوەی گۆڕان پێداگریی دەکات لەسەر چارەسەركردنی كێشەی ناوچە دابڕاوەكان بەپێی ستراتیژییەكی نیشتیمانی و بەپشتبەستن بە دەستور و بەڵگەنامە و راستییە مێژویی و جوگرافییەكان، بەتایبەت پرسی كەركوك و چارەسەركردنی بەگوێرەی مادەی (140)ی دەستوری عێراق و چارەسەركردنی ئەو كێشانەش‌ كە پەیوەندییان بە ناوچەكانی كەركوك، شەنگال، زوممار، تەلەعفەر، شێخان، مەخمور، خانەقین، دوز و مەندەلی و ناوچە دابڕاوەكانی ترەوە هەیە.

بەرنامەی لیستی (148)ی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
ته‌وه‌ری یه‌که‌م

یەکەم؛ ئامانجه‌ نیشتیمانی و نەتەوەیییەکان
1. بەدامەزراوەییكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق و دانانی پەرلەمانی كوردستان بە مەرجەعی شەرعی بڕیاردان لەسەر پرسە نیشتیمانی و چارەنوسسازەكان.

2. هەرێمی کوردستان پێویستی بەدامەزراوەی مەدەنی و رۆشنبیری، زمانی فەرمی، دامەزراوەی نیشتیمانی، داهاتی نیشتمانی، ئاسایشی نیشتیمانی، ئیدارەی نیشتمانی، سوپای نیشتمانی، دادگای نیشتیمانی، میدیای نیشتمانی، زانكۆی نیشتمانییە ... بۆئەوەی تاك لە ئینتیمای خێڵەكی و ناوچەیی بەرتەسك دەرباز بێت و ببێتە خاوەن ئینتیمایەكی ئاسۆیی بۆ گەل و نیشتیمان.

3. بەدامەزراوەییکردنی په‌یوەندییەكان و یەكخستنی گوتاری فەرمی هەرێم لەگەڵ دەرەوەدا، لەسەر بنەمای رۆشنیی، لەڕێی كەناڵە یاسایی ‌و دەستورییەكانەوە.

4. پێناسه‌کردن و دەستنیشانكردنی ئاسایشی نیشتیمانی و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان بەشێوەیەكی رۆشن (شەفاف) لە پەرلەمان ‌و دەزگا فەرمیەكاندا.

5. بەنیشتمانیكردنی سەرجەم دامەزراوەكانی هەرێم و پاككردنەوەی هەمو ئەو دامەزراوانە لە وەلائی حیزبی و شەخسی و بنەماڵەیی.

6. به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هەمو ئەو بڕیار و دیاردە‌ و ئاكارانەی گیانی نیشتمانپەروەریی لاواز دەكەن، وەك تاكڕەوی لە دەسەڵاتدا، بەکارهێنانی دروشمی ساختە بۆ بەرژەوەندی بەرتەسکی حیزبی، زەقکردنەوەی ناوچەگەرێتی و خێڵگەری، گەندەڵی، بێدادیی لە دابەشكردنی سامانی نیشتمانی ‌و پۆست ‌و بەركەوتی هاوڵاتیاندا، لە نێوان بەركەوتی شار ‌و شارۆچكە ‌و گوند و ناوچە جیاوازەكاندا.

7. پابەندبون بە هەر بڕیارێكی نیشتیمانییەوە كە نوێنەرانی گەل لە پەرلەمانی كوردستان لەسەری ڕێكدەكەون لە ئاست پرس و كێشە چارەنوسسازەكاندا.

8. بە پیشەییكردن و بە یاساییكردنی ئەركی دانوستان و چاودێریكردنی ئەدای نوێنەرانی گەلی كوردستان لەناو دەسەڵاتە جیاوازەكانی حكومەتی فیدراڵ و وەزارەت و دامەزراوە و دەستە سەربەخۆكانی عێراقدا. لەڕێگەی دامەزراندنی دەستەیەكی نیشتمانییەوە، کە لە پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرێ و لە‌بەردەم پەرلەمانیشدا بەرپرسیاربێت.

9. پێداگریكردن لەسەر چارەسەركردنی كێشەی ناوچە دابڕاوەكان بەپێی ستراتیژییەكی نیشتیمانی و بەپشتبەستن بە دەستور و بەڵگەنامە و راستییە مێژویی و جوگرافییەكان، بەتایبەت پرسی كەركوك و چارەسەركردنی بەگوێرەی مادەی (140)ی دەستوری عێراق و چارەسەركردنی ئەو كێشانەش‌ كە پەیوەندییان بە ناوچەكانی كەركوك، شەنگال، زوممار، تەلەعفەر، شێخان، مەخمور، خانەقین، دوز و مەندەلی و ناوچە دابڕاوەكانی ترەوە هەیە.

10. دانانی ستراتیجێكی ڕۆشن، بە خستنەگەڕی هەمو هەوڵێكی دەستوری، پەرلەمانی، جەماوەری، سیاسی و مەدەنی بۆ گەڕاندنەوەی كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان بۆسەر خاكی هەرێم.

11. پابەندبون بە جاڕنامەی گەردونیی مافەكانی مرۆڤ‌ و رێگریی لە هەر پێشێلكارییەك دژی بەنده‌کانی.

12. دروستكردنی متمانە و پاراستنی مافە نەتەوەیی و كلتورییەكانی عەرەب و توركمان و كلدۆئاشوری و ئەرمەن و پێكهاتەكانی تر، لەسەر بنەمای شەراكەت و پێكەوەژیان و ئەزمونی مێژویی هاوبەش، لە دەستوری هەرێمی كوردستاندا، لەگەڵ زامنكردنی مافەكانیان و بەشداری پێكردنیان لە دەسەڵات و دامەزراوە ئیدارییەكانی هەرێمی کوردستاندا.

13. په‌ره‌دان بە فەرهەنگی لێبوردەیی و دابینكردنی ژینگەیەكی كۆمەڵایەتی دروست، كە تێیدا پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان موسڵمان و مەسیحی و ئێزدی و كاكەیی ... مسۆگەر بكات.

14. رێزگرتن لە فەرهەنگی جیاوازی و پاراستنی ئازادیی رادەربڕین و مافی سیاسی و مەدەنی و بیروباوەڕی ئاینی، لەسەر ئاستی ژیانی سیاسی ‌و كۆمەڵایەتی‌ و رۆشنبیریی... هتد.

15. به‌گژداچونه‌وه‌ی هەر رەفتار‌ و ئاكار‌ و هزرێكی توندڕەو‌ و تیرۆریستی، لەژێر هەر ناو ‌و هەر پاساوێكدا بێت.

16. پێشکه‌شکردنی هاوکاریی کولتوری و سیاسی و دارایی پێویست بۆ کورد لە باکور و خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوای کوردستانی گه‌وره‌، له‌ چوارچێوه‌ی نه‌ریته‌ دیموکراتی و نێوده‌وڵه‌تییه‌کاندا، به‌ڕه‌چاوکردنی مافه‌کانی هاوسێیه‌تی له‌نێوان عێراق و ئه‌و وڵاتانه‌ی کوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌شکراوه‌.

17. خستنه‌‌گه‌ڕی چالاکی دیبلۆماسی هه‌رێم و په‌یوه‌ندییه‌ دیبلۆماسیه‌کانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی کۆماری عێراقی فیدراڵ له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و نێوه‌نده‌ دیبلۆماسییه‌کانی جیهاندا، به‌ئاراسته‌ی داکۆکیکردن له‌ مافه‌ ره‌واکانی گه‌لی کورد.