Print WWW.GORRAN.NET
 بەیاننامەی فراكسیۆنی گۆڕان لە ساڵیادی كۆمەڵكوژی شەنگالدا
8/3/2018 10:40:21 PM
له‌ساڵیادی‌ كۆمه‌ڵكوژیی‌ شه‌نگالدا، فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان هاوخه‌میی‌ بۆ كه‌س و كاری‌ قوربانیانی‌ ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌ دوپات ده‌كاته‌وه‌ و پاڵپشتیی‌ خۆشی‌ راده‌گه‌یه‌نێت بۆ گێڕانه‌وه‌ی‌ ژیانی‌ ئاسایی‌ بۆ دانیشتوانی‌ شنگال و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ ناوچه‌كه‌یان.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا فراكسیۆنی‌ گۆڕان جه‌خت له‌سه‌ر به‌جینۆسایدناساندنی‌ تاوه‌نه‌كه‌ ده‌كاته‌وه‌ و داواش له‌ حكومه‌تی‌ عێراق ده‌كات هه‌ماهه‌نگ بن بۆ به‌جینۆسایدناساندنی‌ ئه‌و تاوانه‌و و قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی‌ كه‌سوكاری‌ قوربانیان.

هه‌روه‌ك داواش ده‌كات ئه‌وانه‌ی‌ به‌رپرسیاربون و كه‌مته‌رخه‌م بون له‌ پارێزگاریكردن له‌ شه‌نگال، سزا بدرێن.

ده‌قی‌ به‌یاننامه‌كه‌: 

لە ساڵرۆژی کۆمەڵکوژیی شەنگالدا، نیگەرانی قوڵی خۆمان دوپاتدەکەینەوە و هاوخەمی کەسوکاری قوربانیانی ئەو تاوانە و گەلی کوردستانین بەگشتی. 

تاوانی داعش بەرانبەر خەڵکی شەنگال برینێکی مێژویی و کۆتایی نەهاتوە لە یادەوەریی نەتەوەییماندا و بەهەمو شێوەیەک پاڵپشتی گێڕانەوەی ژیانێکی ئاسایی شایستەین بۆ خەڵکەکەی و ئاوەدانکردنەوی تەواوی ناوچەکە.

ئێمە لەفراکسیۆنی گۆڕان جەخت لە بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکە و قەرەبوکردنەوەی ماددی و مەعنەوی شەنگال و خەڵکەکەی دەکەینەوە و بۆ ئەمەش لە پەرلەمانی کوردستان ئامادەی بەجێگەیاندنی هەمو ئەرکێکین.

داوا لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتی عیراقی فیدرال دەکەین بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئاست ئەو تاوانە کۆمەڵکوژییەدا جێبەجێبکەن و هەماهەنگی تەواوبکەن بۆ بەجینۆسایدناسان و هەمو قەرەبوکردنەوەیەک. هەروەک چۆن رێكخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و وڵاتانی هاوپەیمانی دژی تیرۆر بەرپرسیار دەبینین لە گرتنەبەری هەمو رێکارە یاساییە نێودەوڵەتییەکان و بەهاناوەهاتنی خەڵکی ناوچەکە و چڕکردنەوەی بەشێکی یارمەتییەکانیان بۆ چاککردنی ژیان و ئاوەدانی لەو ناوچە کارەساتبارەدا. 

بەپێویستی دەزانین ئەو راستییە تاڵە بیر بهێنینەوە کە شەنگال بەرگریی لێ نەکرا و چۆڵکرا، ئەم روداوە کارەساتەکەی گەورەتر کرد، بۆیە ئەرکی دامەزراوەکانی سەربازیی لەلایەک و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەریی بوە، هەمو رێگاکانی لێپرسینەوە بخەنەڕێ و بەرپرسیاران و ئەوانەی کەمتەرخەمبون لەپاراستنی شەنگالدا، سزابدرێن، بەڵام تائێستا ئەم کێشەیە بە فەرامۆشکراوی ماوەتەوە و دەبێت لەوە زیاتر راستییەکان نەشاردرێنەوە و برینی خەڵکی شەنگال قوڵ نەکرێتەوە.

لەکۆتاییدا سەری رێز و نەوازش لەبەردەم شەهید و قوربانیانی شەنگال و تێکڕای شەهیدانی رێگەی سەرفرازی گەلی کوردستان نەوی دەکەین.

فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان
٣/٨/٢٠١٨