Print WWW.GORRAN.NET
 شەش لایەن راگەیەنراوێک لەبارەی ئەژماری دەستی دەنگەکان بڵاودەکەنەوە
7/9/2018 3:19:00 AM

شەش لایەن لە هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی هاوبەش سەبارەت بە پرۆسەی ئەژمارکردنەوەی دەستیی سندوقەکانی دەنگدان بڵاودەکەنەوەو داوا دەکەن؛ کۆمیسیۆن یاساکە وەکو خۆی و بەبێ هیچ لادانێک جێبەجێ بکات و سەرجەم سندوقەکان ئەژمارکردنەوەی دەستییان بۆ بکرێت.

بزوتنەوەی گۆڕان، یەکگرتوی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی، حزبی شیوعی و بزوتنەوەی ئیسلامی لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژەیان بۆ ئەوەکردوە، سەرەڕای دەرچونی یاسای ژماردنەوەی دەستیی سەرجەم دەنگەکان و پەسەندکردنی لە لایەن دادگای باڵای فیدڕاڵییەوە، بەڵام ئەنجومەنی کۆمیسیارانی پێکهاتو لە دادوەران پابەندی جێبەجێ کردنی یاساکە نەبون، ئەمە جگەلەوەی تا ئەم ساتەوەختەش وەڵامی هیچ سکاڵا و تانەیەکمان نەدراوەتەوەو کۆمیسیۆنیش هاوکار نەبوە لە پێدانی زانیاریی سەبارەت بە چۆنێتیی بەڕێوەچونی پرۆسەکە.

ئەو شەش لایەنە سێ خاڵیان وەک داواکاری خستوەتەڕو و داوا دەکەن کە؛ کۆمیسیۆن یاساکە وەکو خۆی و بەبێ هیچ لادانێک جێبەجێ بکات و سەرجەم سندوقەکان هەژمارکردنەوەی دەستییان بۆ بکرێت، پێویستە کۆمیسیۆن رێگا بدات بریکارانی لایەنە سیاسییەکان لە نزیکەوە چاودێریی وردی سندوقەکان بکەن، هەروەها بەراوردکاریی نێوان پەنجەمۆرو باڕکۆدی فۆرمی دەنگدانەکان بکرێت و کۆمیسیۆن و دەستە دادوەرییەکە وەڵامی سکاڵا و تانە یاساییەکانی ئەم لایەنانە بدەنەوە.

لە کۆتاییشدا دەڵێن: بەپێچەوانەوە، پرۆسەی هەژمارکردنەوەی دەستیی ژمارەیەکی کەمی سندوقەکانی دەنگدان، پێچەوانەی یاسا و رێنماییەکان و شەرعییەتدان دەبێت بە پرۆسەی ساختەکاریی.

دەقی راگەیەنراوەکە

راگەیەندراوی هاوبەشی (بزوتنەوەی گۆڕان، یەکگرتوی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆدیموکراسی،حزبی شیوعی کوردستان ، بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان )
سەبارەت بە پرۆسەی هەژمارکردنەوەی دەستیی سندوقەکانی دەنگدان
 
دەنگدەرانی ئازیز.. هاونیشتمانییانی خۆشەویست..
دوابەدوای بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە رۆژی (12/05/2018) و دەرکەوتنی ئەنجامە ساختەکان، ئێمە بە بەڵگەی بنەبڕ و بەپێی رێکارە یاساییە کارپێکراوەکان، تانە و سکاڵامان لەسەر ئەو ئەنجامە ساختانە دا و کۆی پرۆسەکەمان رەت کردەوە، دەرئەنجامی فشار و هەوڵەکانیشمان، یاسای جیاکردنەوە و هەژمارکردنەوەی دەستیی سەرجەم دەنگەکان دەرچوو، پاشان لە لایەن دادگای باڵای فیدڕاڵییشەوە پەسەند کرا.
لێرەدا ئەم تێبینی و سەرنجانە دەخەینە بەردەم رای گشتی و کۆمیسیۆن و دامودەزگا پەیوەندییدارەکان:
یەکەم: سەرەڕای دەرچوونی یاسای ژماردنەوەی دەستیی سەرجەم دەنگەکان و پەسەندکردنی لە لایەن دادگای باڵای فیدڕاڵییەوە، بەڵام ئەنجومەنی کۆمیسیارانی پێکهاتوو لە دادوەران پابەندی جێبەجێکردنی یاساکە نەبوون و بڕیاریان دا تەنیا ژمارەیەک سندوقی کەم هەژمار بکرێنەوە.
دووەم: لە سەرجەم قۆناغەکانی پرۆسەکەدا تانە و سکاڵا و راپۆرتی زۆرمان پێشکەش بە دەستە دادوەرییەکە و دامودەزگا پەیوەندییدارەکان کردووە، بەڵام تا ئەم ساتەوەختەش وەڵامی هیچ سکاڵا و تانەیەکمان نەدراوەتەوە.
سێیەم: کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان هاوکار نەبووە لە پێدانی زانیاریی سەبارەت بە چۆنێتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، هەروەها بەپێی رێکارەکانی کۆمیسیۆن و پەیڕەوی ژمارە (١٣)ی ساڵی (٢٠١٨)، بوار نەدراوە بە چاودێرییکردنی وردی پرۆسەکە لە لایەن نوێنەری قەوارە سیاسییەکانەوە و تەنیا رێگا بە یەک بریکار دەدرێت کە لە دوورەوە چاودێریی پرۆسەکە بکات، کە لە یەک کاتدا سەدان کارمەند سەرقاڵی پرۆسەی هەژمارکردنەوەکە دەبن.
هەربۆیە، هاوشێوەی هەڵوێستەکانی پێشوومان داوا دەکەین کە:
1- کۆمیسیۆن یاساکە وەکو خۆی و بەبێ هیچ لادانێک جێبەجێ بکات و سەرجەم سندوقەکان هەژمارکردنەوەی دەستییان بۆ بکرێت.
2- پێویستە کۆمیسیۆن رێگا بدات بریکارانی لایەنە سیاسییەکان لە نزیکەوە چاودێریی وردی سندوقەکان بکەن و ژمارەی ئەو بریکارانەش زیاتر بکرێت، هەروەها بەراوردکاریی نێوان پەنجەمۆر و باڕکۆدی فۆرمی دەنگدانەکان بکرێت.
3- پێویستە کۆمیسیۆن و دەستە دادوەرییەکە وەڵامی سکاڵا و تانە یاساییەکانی ئەم لایەنانە بدەنەوە.
 
بەپێچەوانەوە، پرۆسەی هەژمارکردنەوەی دەستیی ژمارەیەکی کەمی سندوقەکانی دەنگدان، پێچەوانەی یاسا و رێنماییەکان و شەرعییەتدان دەبێت بە پرۆسەی ساختەکاریی.
 
٨ ی تەموزی ٢٠١٨