Print WWW.GORRAN.NET
 شەش لایەن پشتگیریی بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق دەکەن
6/8/2018 12:47:42 AM
شەش لایەنی سیاسی پشتگیریی هەنگاوەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن بۆ بەدەنگەوە هاتنی دەنگدەران و لایەنە سیاسیەکان لەسەر تەزویر و ساختە و چەتەیی ئەلیکترۆنی بۆ سەر دەنگی هاوڵاتیان و دەستکاری ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.

لەبەیاننامەیەکی هاوبەشدا، بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان و یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەریی و حیزبی شیوعی کوردستان و بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان، پشتگیریی هەنگاوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان و دوبارە ئەژمارکردنەوەی دەستی دەنگەکان و رایدەگەیەنن: پشتگیریی خۆمان رادەگەیەنین بۆ ئەو هەنگاوە گرنگ و مێژوییەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گرتیەبەر بۆ بەدەنگەوە هاتنی دەنگدەران و لایەنە سیاسیەکان لەسەر تەزویر و ساختە و چەتەیی ئەلیکترۆنی بۆ سەر دەنگی هاوڵاتیان و دەستکاری ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

هەروەک بە پێویستی دەزانن داوا لە لایەنە دادوەرییە پەیوەندیدارەکانی عێراق بکەن کە رۆڵی تەواو و راستەقینەی خۆیان بگێڕن بۆ پاراستن و پارێزگاریکردن لە پاشماوەی پرۆسەی هەڵبژاردن و گێڕانەوەی و وەرگرتنەوەی ماف بۆ خاوەنەکانیان .


دەقی راگەیەندراوەکە:


ئەم شەش لایەنەی خوارەوە، پشتگیری خۆمان رادەگەیەنین بۆ ئەو هەنگاوە گرنگ و مێژوییەی ئەنجومەنی نووینەرانی عێراق گرتیەبەر بۆ بەدەنگەوە هاتنی دەنگدەران و لایەنە سیاسیەکان لەسەر تەزویر و ساختە و چەتەیی ئەلکترۆنی بۆسەر دەنگی هاوڵاتیان و دەستکاری ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 12ی 5ی 2018لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

لەهەمان کاتدا هەڵوێستی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەرز دەنرخێنین کە لەکاتی پێویستدا هاتە سەرخەت بۆ هاوکاریی و هەماهەنگی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ریسواکردنی پرۆژەی گەندەڵکارانی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.

لێرەدا بە پێویستی دەزانین داوا لە لایەنە قەزاییە پەیوەندیدارەکانی عێراق بکەین کە رۆلی تەواو و راستەقینەی خۆیان بگێڕن بۆ پاراستن و پارێزگاریکردن لە پاشماوەی پرۆسەی هەڵبژاردن و گێڕانەوەی و وەرگرتنەوەی ماف بۆ خاوەنەکانیان .

هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری
بزوتنەوەی گۆڕان
یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان
کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان
حزبی شیوعی  کوردستان
بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان
7/6/2018