Print WWW.GORRAN.NET
 بەرنامەی هەڵبژاردنی لیستی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (2018)
9/11/2018 6:26:37 PM
ته‌وه‌ری یه‌که‌م

یەکەم؛ ئامانجه‌ نیشتیمانی و نەتەوەییەکان 
دوەم؛ ئامانجه‌ دیموکراتیییەکان

ته‌وه‌ری دوەم
یەکەم؛ ئامانجە ئابورییەکان
- لەسەر ئاستی دەسەڵاتی پەرلەمان
- لەسەر ئاستی بازاڕ و سەرمایەگوزاری و کەرتی تایبەت 
- لەسەر ئاستی سامانە سروشتییەکان

دوەم؛ ئامانجە ستراتیجییەکان  

• ئاوەدانکردنەوە و بوژاندنەوە
• کشتوکاڵ و پیشەسازی و به‌رهه‌مهێنان 

ته‌وه‌ری سێیەم
یەکەم؛ په‌روه‌رده ‌و خوێندنی باڵا
دوەم؛ ئامانجی فەرهەنگی و مەدەنی و رۆشنبیری و هونەرییەکان 
سێهەم؛ ئامانجە ئەمنی و سەربازییەکان

ته‌وه‌ری چواره‌م
یەکەم؛ ئامانجە ته‌ندروستی و ژینگەییەکان
دوەم؛ سامانی مرۆیی و دادی کۆمه‌ڵایه‌تی 
- هاوکاری هاوڵاتیانی هەژار و خانەنشین و کەسوکاری شەهیدان
- پێگەیاندنی منداڵان و نەوجەوانان
- پشتیوانیکردنی ژنان و گەنجان
- هاوکاریکردنی پەککەوتە و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان
- هاوکاریکردنی کرێکار و کارگوزار و کاسبکار و فرۆشیاران
- پشتیوانیکردنی رەوەندی کوردی


ته‌وه‌ری یه‌که‌م

یەکەم؛ ئامانجه‌ نیشتیمانی و نەتەوەیییەکان 
1. بەدامەزراوەییكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق و دانانی پەرلەمانی كوردستان بە مەرجەعی شەرعی بڕیاردان لەسەر پرسە نیشتیمانی و چارەنوسسازەكان.

2. هەرێمی کوردستان پێویستی بەدامەزراوەی مەدەنی و رۆشنبیری، زمانی فەرمی، دامەزراوەی نیشتیمانی، داهاتی نیشتمانی، ئاسایشی نیشتیمانی، ئیدارەی نیشتمانی، سوپای نیشتمانی، دادگای نیشتیمانی، میدیای نیشتمانی، زانكۆی نیشتمانییە ... بۆئەوەی تاك لە ئینتیمای خێڵەكی و ناوچەیی بەرتەسك دەرباز بێت و ببێتە خاوەن ئینتیمایەكی ئاسۆیی بۆ گەل و نیشتیمان.

3. بەدامەزراوەییکردنی په‌یوەندییەكان و یەكخستنی گوتاری فەرمی هەرێم لەگەڵ دەرەوەدا، لەسەر بنەمای رۆشنیی، لەڕێی كەناڵە یاسایی ‌و دەستورییەكانەوە. 

4. پێناسه‌کردن و دەستنیشانكردنی ئاسایشی نیشتیمانی و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان بەشێوەیەكی رۆشن (شەفاف) لە پەرلەمان ‌و دەزگا فەرمیەكاندا.

5. بەنیشتمانیكردنی سەرجەم دامەزراوەكانی هەرێم و پاككردنەوەی هەمو ئەو دامەزراوانە لە وەلائی حیزبی و شەخسی و بنەماڵەیی. 

6. به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هەمو ئەو بڕیار و دیاردە‌ و ئاكارانەی گیانی نیشتمانپەروەریی لاواز دەكەن، وەك تاكڕەوی لە دەسەڵاتدا، بەکارهێنانی دروشمی ساختە بۆ بەرژەوەندی بەرتەسکی حیزبی، زەقکردنەوەی ناوچەگەرێتی و خێڵگەری، گەندەڵی، بێدادیی لە دابەشكردنی سامانی نیشتمانی ‌و پۆست ‌و بەركەوتی هاوڵاتیاندا، لە نێوان بەركەوتی شار ‌و شارۆچكە ‌و گوند و ناوچە جیاوازەكاندا.

7. پابەندبون بە هەر بڕیارێكی نیشتیمانییەوە كە نوێنەرانی گەل لە پەرلەمانی كوردستان لەسەری ڕێكدەكەون لە ئاست پرس و كێشە چارەنوسسازەكاندا.

8. بە پیشەییكردن و بە یاساییكردنی ئەركی دانوستان و چاودێریكردنی ئەدای نوێنەرانی گەلی كوردستان لەناو دەسەڵاتە جیاوازەكانی حكومەتی فیدراڵ و وەزارەت و دامەزراوە و دەستە سەربەخۆكانی عێراقدا. لەڕێگەی دامەزراندنی دەستەیەكی نیشتمانییەوە، کە لە پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرێ و لە‌بەردەم پەرلەمانیشدا بەرپرسیاربێت.

9. پێداگریكردن لەسەر چارەسەركردنی كێشەی ناوچە دابڕاوەكان بەپێی ستراتیژییەكی نیشتیمانی و بەپشتبەستن بە دەستور و بەڵگەنامە و راستییە مێژویی و جوگرافییەكان، بەتایبەت پرسی كەركوك و چارەسەركردنی بەگوێرەی مادەی (140)ی دەستوری عێراق و چارەسەركردنی ئەو كێشانەش‌ كە پەیوەندییان بە ناوچەكانی كەركوك، شەنگال، زوممار، تەلەعفەر، شێخان، مەخمور، خانەقین، دوز و مەندەلی و ناوچە دابڕاوەكانی ترەوە هەیە. 

10. دانانی ستراتیجێكی ڕۆشن، بە خستنەگەڕی هەمو هەوڵێكی دەستوری، پەرلەمانی، جەماوەری، سیاسی و مەدەنی بۆ گەڕاندنەوەی كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان بۆسەر خاكی هەرێم.

11. پابەندبون بە جاڕنامەی گەردونیی مافەكانی مرۆڤ‌ و رێگریی لە هەر پێشێلكارییەك دژی بەنده‌کانی.

12. دروستكردنی متمانە و پاراستنی مافە نەتەوەیی و كلتورییەكانی عەرەب و توركمان و كلدۆئاشوری و ئەرمەن و پێكهاتەكانی تر، لەسەر بنەمای شەراكەت و پێكەوەژیان و ئەزمونی مێژویی هاوبەش، لە دەستوری هەرێمی كوردستاندا، لەگەڵ زامنكردنی مافەكانیان و بەشداری پێكردنیان لە دەسەڵات و دامەزراوە ئیدارییەكانی هەرێمی کوردستاندا.

13. په‌ره‌دان بە فەرهەنگی لێبوردەیی و دابینكردنی ژینگەیەكی كۆمەڵایەتی دروست، كە تێیدا پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان موسڵمان و مەسیحی و ئێزدی و كاكەیی ... مسۆگەر بكات.

14. رێزگرتن لە فەرهەنگی جیاوازی و پاراستنی ئازادیی رادەربڕین و مافی سیاسی و مەدەنی و بیروباوەڕی ئاینی، لەسەر ئاستی ژیانی سیاسی ‌و كۆمەڵایەتی‌ و رۆشنبیریی... هتد.

15. به‌گژداچونه‌وه‌ی هەر رەفتار‌ و ئاكار‌ و هزرێكی توندڕەو‌ و تیرۆریستی، لەژێر هەر ناو ‌و هەر پاساوێكدا بێت.

16. پێشکه‌شکردنی هاوکاریی کولتوری و سیاسی و دارایی پێویست بۆ کورد لە باکور و خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوای کوردستانی گه‌وره‌، له‌ چوارچێوه‌ی نه‌ریته‌ دیموکراتی و نێوده‌وڵه‌تییه‌کاندا، به‌ڕه‌چاوکردنی مافه‌کانی هاوسێیه‌تی له‌نێوان عێراق و ئه‌و وڵاتانه‌ی کوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌شکراوه‌.

17. خستنه‌‌گه‌ڕی چالاکی دیبلۆماسی هه‌رێم و په‌یوه‌ندییه‌ دیبلۆماسیه‌کانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی کۆماری عێراقی فیدراڵ له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و نێوه‌نده‌ دیبلۆماسییه‌کانی جیهاندا، به‌ئاراسته‌ی داکۆکیکردن له‌ مافه‌ ره‌واکانی گه‌لی کورد.

دوەم؛ ئامانجه‌ دیموکراتییەکان
1. پتەوكردنی پرەنسیپەكانی سیستمی دیموكراتی و چەسپاندنی چەمکی هاوڵاتیبون، كاراكردنی خەباتی پەرلەمانی، جیاكردنەوەی ئەركی حیزبی لە فەرمانی حكومی، دەسەڵاتی سیاسی لە دەسەڵاتی كۆمەڵگەی مەدەنی، دەسەڵاتە ناوەندییەكانی هەرێم لە دەسەڵاتی پارێزگاكان، دابەشكردن ‌و وردكردنەوەی دەسەڵاتەكان لەسەر هەمو ئاستە کارگێڕی و داراییەكان.

2. چەسپاندنی پرەنسیپی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانی (یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەری)، رێزگرتن لە سەربەخۆیی دادگا و دامەزراوەکان. بەشێوەیەك كە هەر دامەزراوەیەك بتوانێت سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت و چاودێرێكی چالاك بێت بەسەر دامەزراوەكانی دیكەوە.

3. کاراکردنەوەی لیژنەی ئامادەکردنەوەی پرۆژەی دەستوری هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی تەواوکردنی پرۆژەی دەستوری هەرێمی کوردستان لەرێگەی سازانی نیشتیمانییەوە. 

4. گۆڕینی سیستەمی سیاسی هەرێمی کوردستان بۆ سیستەمی پەرلەمانی و چەسپاندنی ئەم سیستەمە لە پرۆژە دەستوری هەرێمی کوردستاندا.

5. دامەزراندنی دەوڵەتی هاوڵاتی و چەسپاندنی پرەنسیپی سەروەریی یاسا، كە بەسەر هەمواندا بەشێوەیەكی یەكسان جێبەجێ‌ ببێت.

6. چەسپاندنی کلتوری دیموکراتی لە بواری ململانێی سیاسیدا، لەگەڵ چەسپاندنی بنەمای دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات و بەرپرسیارێتی بەشێوەیەکی مەدەنی، دور لە پەنابردنەبەر هێز بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێکان.

7. دامەزراندنی حكومەتێكی كارا، بچوككردنەوە‌ی حکومەت و ژمارەی وەزارەت و دەستە و دامەزراوەکانی هەرێم‌، لەگەڵ نەهێشتنی شوێنەواری دو ئیدارەیی‌ و مۆدێرنیزەکردنی سیستمی کارگێڕی‌، دور لە بیرۆكراسی‌ و هەڵاوسانی كارگێڕیی. لەگەڵ هە‌ڵبژاردنی كاندیدی پسپۆڕ و تەكنۆكرات و سەربەخۆ بۆ دەستە سەربەخۆكان و پۆستە قەزاییەكان. 

8. كاراكردنی ئەنجومەنەكانی نوێنەرایەتی و پێدانی دەسەڵاتی زیاتر بە پارێزگا ‌و بەڕێوبەری قەزا‌ و ناحیە‌ و گوندەكان. بەمەبەستی چەسپاندنی نا-ناوەندێتی و بە ئەلکترۆنیکردنی پەیوەندییە کارگێڕییەکان و کەمکردنەوەی رۆتین و خێرایی لە بەڕێوەبردنی کارو خزمەتگوزارییەکان بۆ هاوڵاتیان.

9. فراوانکردنی پانتایی ئازادیی رادەربڕین و ئازادی میدیایی و رێزگرتن لە ڕای جیاواز.

10. دیاریکردنی سیستمێكی هەڵبژاردنی دیموکراتی و رۆشن‌ به‌گوێره‌ی پێوەرە یاسایی‌ و نێودەوڵەتی‌ و تەكنیكییەكان بۆ دانانی میکانیزم بۆ رێگرتن لە پێشێلكاریی ‌و ساختەكاریی لە پرۆسەی دەنگداندا.

11. چاکسازیکردن لە سیستمی دادوەریی هەرێمی کوردستان و دامەزراندنی دادگای دەستوری لە ڕێگەی هەموارکردن و دەرچواندنی ئەو یاسایانەی پەیوەندییان بەم دەسەڵاتەوە هەیە.

12. سه‌رلەنوێ‌ دامەزراندنەوەی فەرمانگەی داواكاری گشتی بەو جۆرەی لە سیستمی دیموكراتی دنیای مەدەنیدا هەیە، بۆ بەرگریكردن لە مافی گشتیی خەڵك لە ئاست پێشێلكاریی‌ و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتە سیاسی ‌و كۆمەڵایەتی ‌و كارگێڕی ‌و حیزبییەكاندا.

13. بنبڕکردنی هەژمون و دەسەڵاتی حیزب، لەڕێگای بەمەدەنیكردنی رۆڵ و چالاكییەكانی حیزب لە بواری ململانێی سیاسیدا، بەوپێیە‌ی حیزب ئەبێ رێكخراوێكی سیاسیی بێت، بێ میلیشیا و دامودەزگای نهێنی بێت. 

14. ئاشكراكردنی پارە‌ و موڵك ‌و بەرژەوەندی ئابوریی كۆمپانیا بازرگانییەكانی حیزب و رێگریی لە هەر پاوانكارییەكی حیزبیی بۆسەر بازاڕ ‌و تەندەر ‌و كەرتی تایبەت.

15. قەدەغەکردنی دیاردەی پاوانكردنی پۆست و دارایی وڵات ‌و بەكارهێنانی بۆ ترساندن و کڕینی ده‌نگ و ویژدانی هاوڵاتیان.

16. دەستکردن بە لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی گەندەڵکاران، ئەوانەی مڵکوماڵی گشتیان‌ بردوە و بە رێگەی ناشەرعی و نائاسایی دەوڵەمەندبون.
پشتگیرییكردنی كۆمەڵی مەدەنی و كاركردن بۆ زامنكردنی سەربەخۆیی سەندیكا و رێكخراو و كۆمەڵەكان، رێكخستنی كار و چالاكییەكانیان لە رێگەی دەزگایەكی باڵای سەربەخۆوە، بەشێوەیەك كە خزمەتی بەرژەوەندییە مەدەنی و پیشەییەكانی توێژەكانی كۆمەڵ بكات.

ته‌وه‌ری دوەم

یەکەم؛ ئامانجە ئابورییەکان
- لەسەر ئاستی دەسەڵاتی پەرلەمان
1. سپاردنی پرسی پەسەندكردنی بودجە بە پەرلەمان، پاش پێشنیازكردنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پابەندكردنی ئەنجومەنی وەزیران بە بەخشینی زانیاری پێویست بە پەرلەمانتاران، بەرپرسیاركردنی ئەنجومەنی وەزیران لە جێبەجێكردنی هەمو وردەكاریەكانی بودجە‌.

2. چارەسەركردن و روبەروبونەوەی گەندەڵی و پابەندبون بە بنەمای رۆشنی داهاتو و بودجەی گشتی و چۆنێتی خەرجكردنی.

3. کاراكردن و بەنیشتمانییکردنی دیوانی چاودێریی دارایی، دەستەی دەستپاکی بە هاوکاری لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ی په‌رله‌مان بۆ بەدواداچون ‌و ناوبردنی‌ و سزادانی گەندەڵكاران. 

4. پەیڕەوكردنی پرەنسیپی رۆشنی (شەفافیەت) لە مامەڵەكردن لەگەڵ داهات و بودجەی گشتی حكومەتی هەرێم، لەبواری: وردەكارییەكانی بودجە، سەرچاوەكانی و چۆنێتی خەرجكردن و دابەشكردنی بەسەر سێكتەر و كەرتە ئابوریی و وەزارەتە جیاوازەكان و پارێزگاکانی هەرێمدا.

5. كاراكردنی رۆڵی دادگاكان و دەستە و ‌دەزگاكانی نەزاهە و چاودێری دارایی لە بەدواداچون و لێپێچینەوە و سزادانی بەرپرسە حكومی و حیزبییەكان و كۆمپانیا و لایەنە پەیوەندییدارەكان لە كاتی رودانی هەر لادانێكی داراییدا.

6. كاركردن لەسەر بنەمای لێپرسینەوە، پاداشت و سزا، پەرەپێدانی توانستە كەسیی و ئیداریی و ئابوریی و یاساییەكان لە تەواوی دامودەزگاكانی حكومەتدا.

7. هەڵوەشاندنەوە، یان هه‌موارکردنی هەمو ئه‌و یاسا و رێنمایی و بڕیارە تایبەتانەی‌ پەیوەندیدارن به‌ سیستمی موچه، خانه‌نشینی و ئیمتیازاتی به‌رپرس و وه‌زیر و په‌رله‌مانتاران، بە جۆرێک دادپەروەری کۆمەڵایەتی تێدا فەراهەم بێت.

8. دامەزراندنی دەستەیەک، بۆ گێڕانەوەی ئەو پارانەی بە نایاسایی براونەتە دەرەوەی هەرێم، بە گوێرەی مادەی (١٠٦)ی دەستوری هەمیشەیی عێراق.

9. دانانی پلانێكی نیشتمانی هەمەلایەن، لەبەر رۆشنایی پرۆژەیەكی ستراتیجی ‌و كارنامەیەكی حكومیی رۆشندا، بۆ بەرزكردنەوەی دەرامەتی تاكەكەس ‌و داهاتی نیشتمانی لە هەرێمی كوردستاندا.

- لەسەر ئاستی بازاڕ و سەرمایەگوزاری و کەرتی تایبەت 
1. پەیڕەوكردنی رۆشنی دەربارەی بازاڕ، ئاشكراكردنی هۆكاری پاوانكاریی، خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات، پاشاگەردانی ‌و گرانیی خۆراك ‌و كەلوپەل‌ و قەیرانی كۆنترۆڵی كوالێتی.

2. پەیڕەوكردنی رۆشنی لەسەر پرۆژەكانی ئاوەدانی ‌و خزمەتگوزاریی، هۆكانی دواكەوتن ‌و خراپ جێبەجێكردنیان لەگەڵ زیادکردنی باجی دواکەوتن لە جێبەجێکردنی پرۆژەکان، گەڕان ‌و دۆزینەوەی سەرەداوەكانی گەندەڵیی ‌و قەیرانە ئابورییەكان ‌و بڵاوكردنەوەیان بۆ رای گشتی لە كاتی یاسایی خۆیدا.

3. پەیڕەوكردنی رۆشنی سەبارەت بەتەندەر ‌و كۆنتەرات‌ و گرێبەستی نێوان حكومەت ‌و دەوڵەتان ‌و كۆمپانیاكان. لەگەڵ ئاشکراکردنی تەندەرەکان لە روی بڕ و کات و شوێنەوە.

4. لێپێچینەوە لە سەرپێچیی دارایی‌ و كارگێڕی ‌و ناردنە دەرەوەی پارە‌و سامانی هەرێم بەشێوازی نایاسایی. هاوکات پابەندکردنی کەسایەتی و بازرگان و سەرمایەدارەکان بەهێنانەوەی پارەکانیان و دانانی لەبانکی حکومی گێڕانەوەی متمانە بە بانکی ناوخۆیی.

5. فراوانکردن و ئازادكردنی كەرتی تایبەت لە ژێر چاودێری یاسا، رێگریی لە هەر پاوانكارییەكی بازاڕ ‌و پرۆژەكان لەلایەن كەس ‌و لایەنە دەسەڵاتدارەكانەوە.

6. پەیرەوکردنی سیستەمی باج بە جۆرێک هەمو کۆمپانیایەکان بگرێتەوە، لەگەڵ دانانی سیستەمێک بۆ کۆکردنەوەی باج لە کۆمپانیاکان، بەمەبەستی بەدیهێنانی دادپەروەری لە سیستمی باج، لەلایەکی دیکەش بەمەبەستی چالاککردن و بوژاندنەوەی جموجۆڵی بازاڕی ناوخۆ، بەم جۆرەش دەبێتە سەرچاوەیەکی دارایی جێگیر بۆ داهاتی حكومەت. 

7. گێڕانەوەی داهاتی خاڵە سنورییەکان ‌‌و داهاتەکانی تری ناوخۆ و فڕۆکەخانەکان بۆسەر بودجەی گشتی حکومەت.

8. پەیڕەوكردنی ئەو پرنسیپەی كە حكومەت‌ و دەسەڵاتی سیاسی لایەن ‌و شەریك نین لە بازاڕدا. حكومەت بۆی هەیە چاودێریی بازاڕ بكات بۆ پاراستنی كوالێتی شمەك ‌و ئاسایشی ئابوریی، بۆ راگرتنی هاوسەنگی‌ و رێگریی لە پاوانكاریی.

9. پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی بانکی گونجاو بۆ پەرەدان بە بانکە فەرمی و ئەهلییەکان و کاراکردنی رۆڵی بانکە جیهانییەکان لە هەرێمدا، بەمەبەستی پێدانی قەرز بە هاوڵاتیان و هەروەها بەشداربونی بانکەکان لە پرۆژەکانی بەرهەمهێنان و بازرگانی. 

10. ئەکتیڤکردنی سیستمی بانکی مۆدێرن و جوڵاندنی پارە، کەم بێ یا زۆر، بە هەمو جۆرەکانییەوە، لە رێگەی بانکەوە. لە پێناوی پاراستنی قەبارەی سیولە و زانینی جوڵەی پارە، بە مەبەستی رێگە گرتن لە گەندەڵی و سپی کردنەوەی پارەی رەش.

11. بەدواداچون ‌و سزادانی ئەو كەس ‌و لایەنانەی هەوڵی سپیكردنەوەی پارە دەدەن، دەركردن‌ و كاراكردنی یاسای پێویست بۆ ئەو مەبەستە.

12. هاندانی سەرمایەگوزاریی دەرەكی بەجۆرێك لە بەرژەوەندی ستراتیجیی هەرێمدا بێت، له‌ بواره‌کانی بنیاتنانی ژێرخان و پرۆژه‌ نیشتمانییەکاندا، به‌و مه‌رجه‌ی لەرێگای یاساوە کۆمپانیا بیانییه‌کان ئیلزام بکرێن بە بەگەڕخستنی رێژه‌یه‌کی گونجاوی کارمه‌ند و ته‌کنیککار و کرێکاری ناوخۆی هه‌رێم، بە مەبەستی گواستنەوەی شاره‌زایی و نەهێشتنی بێکاری و رەخساندنی هەلی کار.

13. هاندانی سه‌رمایه‌گوزاری ناوخۆیی به‌شێوه‌یه‌کی دادپه‌روه‌رانه‌ و رێگرتن لەوەی حیزب ‌و كۆمپانیای ئیحتکاریی پرۆژە ستراتیجیەكان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان قۆرخ بکه‌ن، یان لە جێیەكی دیاریكراودا چڕیان بكەنەوە.

14. دامەزراندنی دەزگایەكی ئامار‌ و لێكۆڵینەوەی زانستی‌ و پیشەیی بۆ چاودێریكردن، پێوانەكردنی دیاردەكان ‌و پێشبینیی پێشوەختی تەنگژە ئابورییەكان، سەبارەت بە رادەی هەناردە‌ و هاوردە، هەڵاوسان ‌و بێكاریی، رادەی گەشە‌ و پاشەكشە، وەك ئامرازێك بۆ داڕشتنی سیاسەتی ئابوریی بەگوێرەی داتا‌ و پلان‌ و پێشبینییەكان.

15. لەچوارچێوەی سیستمی بازاڕی ئازاد و پشتیوانیكردن لە كەرتی تایبەت، هەمو تاكێك مافی سەرمایەگوزاری و گەشەپێدانی سەرمایەی هەبێت، بەمەرجێك ناكۆك نەبێت لەگەڵ بەرژەوەندی گشتیدا. هاوکات چاودێریکردنی بازاڕ و رێگریکردن لە قۆرخکاری و زیادکردنی نرخ لەکاتی هەر بۆنە و پێشهات و روداوێکدا.

16. کەمکردنەوەی بیرۆکراسی لە بەردەم کەرتی تایبەتدا بۆ کردنەوەی بیزنس و ئاسانکاری تەواو بۆ پێدانی ئاسانکاری ئیجازەی کارکردن بە فەرمانبەرانی کۆمپانیاکان. 

- لەسەر ئاستی سامانی سروشتی
1. مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ سامانی سروشتی، سەرزەوی و ژێرزەوی، وه‌ک موڵكی هەمو هاوڵاتیانی كوردستان بەبێ‌ جیاوازی. وەک لە ماددەی (١١١)ی دەستوری عێراقدا هاتوە.

2. کاراکردنی رۆڵی چاودێری و لێپرسینەوەی په‌رله‌مان له‌ سیاسه‌تی نه‌وت و گاز و سامانی سروشتی، له‌ چاودێر‌یکردنی ناوه‌رۆکی گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌کان به‌ر له‌ ئیمزاکردنیان له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌. هاوکات پێویستە هەر گرێبەستێکی نەوت بەبێ ڕەزامەندی پەرلەمان واژۆ نەکرێت.

3. دروستکردنی "سندوقی کوردستان بۆ داهاتە نەوتی ‌و غازییەکان"، به‌ مه‌به‌ستی گێڕانەوە و پاشه‌که‌وتکردنی بڕێک له‌ داهاتی سامانی سروشتی (نەوت، گاز، كانزا‌ و كانی ئاسن‌ و... هتد) بۆ نه‌وه‌کانی داهاتو، بۆ ئەو ناوچانەی خاوەن ئەو سامانەن، یان بەکارهێنانی لە کاتی قەیرانی ئابوری و گەمارۆدا.

4. نەوت و سامانی سروشتی وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی داهات لە هەرێمی کوردستاندا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، نەک وەک تاکە سەرچاوەی داهات. ئەوەش لە پێناو دورکەوتنەوە لە دیاردەی (دەوڵەتی رەیعی: دەوڵەتی کرێخۆر)، خستنەگەڕی بەشێک لە داهاتی نەوت و سامانە سروشتییەکانی دیکە لە بوژاندنەوەی کەرتەکانی دیکەی وەک (کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری)، تا هەمو کەرتەکان پێکەوە ببنە سەرچاوەی داهاتی گشتی لە هەرێمی کوردستاندا.

5. دانانی نه‌خشه‌یه‌کی گشتگیرو پلانی جێگرەوە بۆ پاراستن و به‌کارهێنانی کانزاکان و سامانی سروشتی جگه‌ له‌ نه‌وت و گاز.

6. هەموارکردنەوەی یاسای ژمارە (٢٢)ی ساڵی (٢٠٠٧)ی نەوت و غاز و پێکهێنانی هەمو ئەو کۆمپانیانەی لەو یاسایەدا ناویان هاتوە. لەگەڵ هەموارکردنەوەی یاسای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان.

7. لە ماوەی یەک مانگدا، خاوەندارێتی هەردو پاڵاوگەی (بازیان ‌و کەڵەک) بدرێتەوە بە حکومەتی هەرێم. هاوکات، مافی ئەو کۆمپانیا ناحیزبییانەی ڕۆڵیان هەبوە لە پێشخستنی پاڵاوگەکاندا، پارێزراو بێ. تا گۆڕینی موڵکدارێتی پێویستە نرخی پاڵاوتنی بەرمیلێک نەوتی خاو بە رێژەی سەروی (٥٠%) دابەزێنرێ.

8. پێویستە گرێبەستەکانی فرۆشتنی نەوت و غاز بخرێنە بەردەست دیوانی چاودێری دارایی و لە لایەن كۆمپانیایەكی پسپۆڕی جیهانییەوە وردبینی بکرێن و دەرگا واڵا بکرێت بۆ رێكخراوە جیهانییەکانی بواری شەفافیەتی نەوت. دواتر نرخی فرۆشتن، تێچونی گواستنەوە و خەزن، داشكاندن بەهۆی كوالێتی و داشكاندن بەهۆی نەبونی سەروەری وەك دەوڵەت، رونبێتەوە.

9. دەزگای چاودێری دارایی لێكۆڵینەوە لە كۆی داهاتی نەوت و گازی سروشتی و داهاتی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كانی‌ ناوخۆ بکات لەماوەی چەند ساڵی رابردودا، لە بڕی بەرهەمهاتو، تا نرخی فرۆشتن و داشكاندنەكان و پارەی بەدەستهاتو لەگەڵ چۆنێتی بەكارهێنانی پارەكەی.

10. هەموارکردنەوەی گرێبەستەکانی نێوان حكومه‌ت و كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی کارەبا.

11. رێکخستنه‌وه‌ی کەرتی به‌کارهێنانی کاره‌با، به‌کۆنترۆلکردنی زیاده‌ڕە‌وی و سه‌رپێچی و به‌فیرۆدان، بێ چاوپۆشی لە ماڵ و پڕۆژە و باخ و دامەزراوەی حیزبەکان. وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزی کاره‌بای کۆمپانیا و کارگه‌کانی بازرگانی و پیشه‌سازی و لێپرسینه‌وه‌ و لێپێچینه‌وه ‌له‌و لێخۆشبونانه‌ی لەماوەی ‌رابردودا کراون.

12. پێداچونه‌وه ‌و زیادکردنی کرێی کاره‌بای کۆشک و ڤێلا گه‌شتیارییه‌کان و باخ و شوێنی حەوانەوە و جیاکردنه‌وه‌یان لە ڕوی کرێوە له ‌که‌رتی نیشته‌جێ بون.

13. بایەخدان بە دروستکردنی پیشەساز‌ی نەوت بە شێوەی ستونی و دەسەڵاتی دروستكردنی كارگەی مۆدێرن، بە تایبەت كارگەی پترۆكیمیاوییەكان، بدرێت بە حکومەتە خۆجێییەکان.

14. هەڵوەشاندنەوەی هەمو ئەو گرێبەستانەی تایبەتن بە پاراستنی کێلگە نەوتییەکان لە لایەن کۆمپانیای بەپرسە حیزبیەکان و پاراستنی ئەم ئەرکە بە پۆلیسی نەوت و غاز.

15. هەناردەکردنی نەوت و گازی هەرێم لە ڕێی دامەزراوە فیدراڵییە تایبەتمەندەکانی عێراق، بە بەشداری نوێنەری هەرێمی کوردستان بەپێی ماددەکانی (١١١) و (١١٢)ی دەستوری عێراق ، لە ژێر چاودێری پەرلەمانی کورستان و دامەزراوە چاودێریەکانی هەرێم و عێراق.

دوەم؛ ئامانجە ستراتیجییەکان 

• کشتوکاڵ و پیشەسازی و به‌رهه‌مهێنان 
1. دانانی نەخشەیەكی گشتی بۆ پاراستنی ئاوی سەرزەوی‌ و ژێرزەوی، دروستكردنی بەنداو ‌و كەناڵی تایبەت بە قازانجی پرۆژەكانی ئاو‌ و باخداریی ‌و ژینگەو كەرتی كشتوكاڵی.

2. دانانی پلانێکی نیشتمانی بەمەبەستی زیادکردنی سەرچاوەکانی داهات لە هەرێمی کوردستان، ئەوەش لە رێگای بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری و وەبەرهێنان ...هتد، ئەمەش لەپێنا و بەدیهێنانی گەشەپێدانی گشتگیر و دورکەوتنەوە لە پشتبەستن بەتەنها یەک سەرچاوەی داهات و زیادکردنی داهاتی گشتی و زیادبونی هەلی کار لە کوردستاندا.

3. دانانی پلانێکی نیشتمانی بۆ زیادکردنی بڕی شمەکی هەناردە و کەمکردنەوەی بڕی شمەکی هاوردە.

4. پێڕه‌وکردنی سیاسه‌تێکی کشتوکاڵی به‌پێی نەخشەیەكی گشتی بۆ زیندوكردنەوە‌ و هاندانی كەرتی كشتوكاڵ، بەگەڕخستنی هەمو ئەو پلان‌ و ئامێرە هاوچەرخانەی كە لە وڵاتە پێشكەوتوەكاندا كاریان پێدەكرێت.

5. پاداشتکردنی جوتیار بەرامبەر هەر بەرهەمیكی كشتوكاڵی لە بواری باخداری، دانەویڵە، سەوزەوات و خانوی شوشەیی.

6. هاندانی پرۆژە كشتوكاڵییە گەورە‌ و هەرەوەزییەكان، بە تەرخانكردنی زەوی‌ و كاراكردنی بانكی كشتوكاڵی.

7. پشتیوانیکردنی پرۆسەی ئاژەڵداریی، چ لەسەر ئاستی دەسپێشخەریی تاكەكەس، چ لەسەر ئاستی پرۆژەی گەورە ‌و هاوبەش.

8. هاندانی پیشەسازیی سوك‌ و پشتیوانیكردنی دارایی ئەو پرۆژانەی كە بەرهەمی خۆماڵی دەكەنە ركابەری بەرهەمی دەرەوه‌.

9. هاوکاریکردنی پیشەسازیی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، شیرەمەنی، زەیت، لەقوتوگرتن، ئاوی كانزایی. پشتیوانیكردنی تایبەتی ئەو پرۆژانەی هەناردەی دەرەوە دەكرێن.

10. کردنەوەی لقی بەرهەمهێنی كۆمپانیا جیهانییەكانی پیشەسازیی سوك‌ و قورس، بەمەرجێك لە خزمەتی ژینگە ‌و بەرژەوەندیی ستراتیجی ‌و كەمكردنەوەی دیاردەی بێكاریدا بێت.

• ئاوەدانکردنەوە و بوژاندنەوە
1. ئه‌نجامدانی زنجیره‌یه‌ک پرۆژەی ستراتیجیی لە بوارەكانی (رێگەوبان، هێڵی شەمەندەفەر، كارەبا، نەوت ‌و گاز، ئاو و ئاوەڕۆ، بەندا‌و، ئاودێریی، كارگەی بەرهەمهێنی كشتوكاڵی ‌و پیشەسازی، گەشەدان بە كەرتی گەشتوگوزار ‌و هەمو بوارەكانی ژێرخانی دەوڵەتێكی مەدەنی هاوچەرخ). 

2. پرۆژەی ستراتیجیی لە بواری بنیاتنانی كامپی گەورەی یەكەكانی نیشتەجێبون لە هەمو شار و شارۆچكەكاندا، بە هەمو پێداویستی‌ و خزمەتگوزارییە شارستانییەکان بۆ هاوڵاتیانی بێماڵ، بە كرێی گونجاو یان فرۆشتنەوەیان بە نرخی تێچو بە قەرزی درێژخایەن.

3. پەیڕه‌وکردنی پلەبەندیی ‌و دانانی ئەولەویەت لە ئاوەدانكردنەوەی قەزا‌ و شارۆچكە ‌و ناوچە كەنارییەكاندا، ئەوانەی كە خاپور‌ و ژەهرباران كراون، یان روبه‌ڕوی هه‌ڵمه‌ته‌کانی ئه‌نفال بونه‌ته‌وه‌، بخرێنە لیستی پێشەوەی ئاوەدانی ‌و بودجەی تایبەتیان بۆ تەرخان بكرێت.

4. دانانی نەخشەیەكی گشتی (ماستەر پلان) بۆ بەمەدەنیكردنی هەمو قەزا‌ و ناحیەكان، قەڵاچۆكردنی بێدادیی لە ئاوەدانكردنەوەی هەندێكیان ‌و پشتگوێخستنی هەندێكیان.

5. دانانی پلانێکی نیشتمانی بۆ دامەزراندنی گوندی هاوچەرخ، وەك ناوەندی چەند گوندێكی لێك نزیك، بە هەمو پێداویستی ‌و ئامرازەكانی ژیانی هاوچەرخەوە.

6. دانانی نەخشەیەكی گشتی بۆ چارەسەركردنی كێشەی خەڵکانی ئۆردوگا زۆرە ملێكان، بە قەرەبوكردنەوە ‌و هاندانیان بۆ گه‌ڕانەوەیان بۆ گوندەكانیان پاش ئاواكردنەوە‌ و هاوچەرخكردنیان.

7. پەیڕه‌وکردنی پلەبەندیی ‌و دانانی ئەولەویەت لە چارەسەركردنی كێشەی ئەو ناوچانەی قوربانیانی ئەنفال‌ و شۆڕشیان زیاترە، بخرێنە لیستی پێشەوەی ئاوەدانی‌ و پەرەپێدان و بودجەی تایبەتیان بۆ تەرخان بكرێت.

8. بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری ناوچە گەشتیارییەکان، لەرێگەی گەیاندنی پرۆژەی رێگاوبان و ئاوی پاک و کارەبا و دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکان بۆیان.

9. پاراستنی شوێنەوار و شوێنە مێژوییەكانی کوردستان و هەوڵدان بۆ نۆژەنکردنەوەیان.

• به‌رهه‌مهێنان و کشتوکاڵ و سەرمایەگوزاری
1. دانانی نەخشەیەكی گشتی بۆ پاراستنی ئاوی سەرزەوی‌ و ژێرزەوی، دروستكردنی بەنداو ‌و كەناڵی تایبەت بە قازانجی پرۆژەكانی ئاو‌ و باخداریی ‌و ژینگە و كەرتی كشتوكاڵی.

2. بەرزکردنەوەی رادەی بەرهەمهێنان و نزمکردنەوەی رادەی بەرخۆری (استهلاک) لە کوردستاندا.

3. دانانی پلانێکی نیشتمانی بۆ زیادکردنی بڕی شمەکی هەناردە و کەمکردنەوەی بڕی شمەکی هاوردە.

4. پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی بانکی گونجاو بۆ پەردەدان بە بانکە فەرمی و ئەهلیەکان و کاراکردنی رۆڵی بانکە جیهانییەکان لە هەرێمدا، بۆ پێدانی قەرز بە هاوڵاتیان و هاندانی پرۆژەکانی بەرهەمهێنان و بازرگانی.

5. بەزانستیکردنی کەرتی کشتوکاڵ و سودبینین لەتەکنەلۆژیای سەردەمی تایبەتمەند، به‌پێی نەخشەیەكی گشتی بۆ زیندوكردنەوە‌ و هاندانی كەرتی كشتوكاڵ، بەگەڕخستنی هەمو ئەو پلان‌ و ئامێرە هاوچەرخانەی كە لە وڵاتە پێشكەوتوەكاندا كاریان پێدەكرێت. 

 

6. جوتیار بکرێتە سەنتەر لە وەزارەتی کشتوکاڵ.

7. دابینکردنی بودجەی پێویست بەکەرتی کشتوکاڵ و ئاو کە ئاسایشی خۆراک و ئاوی پێوەبەندە.

8. هاندانی پرۆژە كشتوكاڵییە گەورە‌ و هەرەوەزییەكان، بە تەرخانكردنی زەوی‌ و كاراكردنی بانكی كشتوكاڵی.

9. پشتیوانیکردنی پرۆسەی ئاژەڵداریی، چ لەسەر ئاستی دەسپێشخەریی تاكە كەس، چ لەسەر ئاستی پرۆژەی گەورە‌ و هاوبەش.

10. هاندانی پیشەسازیی سوك‌ و پشتیوانیكردنی دارایی ئەو پرۆژانەی كە بەرهەمی خۆماڵی دەكەنە ركابەری بەرهەمی دەرەوه‌.

11. گرنگیدان بەگرەنتینە کشتوکاڵیەکان لەدەروازە و خاڵەسنورییەکان بەدانانی کەسانی شارەزا و ئامێری پێشکەوتو.

12. ڕوپێوکردنی زەوییە کشتوکاڵیەکانی هەرێمی کوردستان و پۆلێنکردنیان بۆ بەرهەمی هەمەچەشن بەپێی گونجاوی ژینگەو ئاوهەوا. هاوکات ساڵانە هەڵمەتی فراوان بکرێت بۆ پاککردنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان، بەتایبەت ئەوزەوییانەی کە نایلۆن و ماددەی پلاستیکی تێدابەکاردێت.

13. هاندانی سەرمایەگوزاری دەرەكی بەجۆرێك لە بەرژەوەندی ستراتیجیی هەرێمدا بێت له‌ بواره‌کانی بنیاتنانی ژێرخان و پرۆژه‌ نیشتمانیەکاندا به‌و مه‌رجه‌ی کۆمپانیا بیانیه‌کان رێژه‌یه‌کی گونجاوی کارمه‌ند و ته‌کنیکار و کرێکاری ناوخۆی هه‌رێم به‌گه‌ڕبخه‌ن و شاره‌زایی خۆیانیان بۆ بگوێزنه‌وه‌.


ته‌وه‌ری سێیەم

یەکەم؛ په‌روه‌رده ‌و خوێندنی باڵا
1. بنیادنانی سیستمێکی پەروەردەیی پێشکەوتو، گونجاو لەگەڵ دونیای هاوچەرخ و پێشکەوتنەکانی ئەم سەردەمە. گونجاو لەگەڵ بنەما دیموکراسی، مەدەنی و زانستییەکان. کە ببێتە بنەمای بونیادنانی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتو، لە هەرێمی کوردستاندا.

2. ته‌‌رخانكردنی بەشێكی گەورەی بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ پەروەردە‌ و پێگەیاندن‌ و خوێندن و گەشەدان بە باخچەكانی منداڵان ‌و پێشخستنی قوتابخانە بنەرەتی و ئامادەییەکان.

3. بچوككردنەوەی پۆلی خوێندن لەڕوی ژمارەی خوێندکار و فێرخوازانەوە، هەوڵدان بۆ گەورەكردنی هۆڵەکانی خوێندن لەڕوی روبەر ‌و كەرەستەكانی، لەگەڵ دابینكردنی ئارامیی جەستەیی ‌و مەعنەویی بۆ خوێندکاران و فێرخوازان.

4. رەخساندنی دەرفەتی یەکسان لەبەردەم هەمواندا، بۆ پەروەردەیەکی پێشکەوتو بە کوالێتی باش، لەگەڵ بایەخدان بەچاودێری تەندروستی خوێندكاران لەخوێندنگاكاندا.

5. پەرەپێدانی زانكۆكان، دامەزراوە ئەكادیمییەكان، ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە، كاركردن بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانستییان و قەدەغەكردنی دەستوەردانی حیزب لە كاروباریان و زامنكردنی سەربەخۆییان و دابینكردنی بودجەی تەواو بۆیان. 

6. دابینکردنی بژێوی شایستە بۆ مامۆستایان و پاراستنی مافە داراییەکانیان، بۆئەوەی گرنگیان تەنها بۆ کارەکەی خۆیان هەبێت. دابینکردنی ماف و هەلومەرجەکانی ژیان وەک؛ شوێنی نیشتەجێبون، بیمەی تەندروستی، پاداشتی ماددی و مەعنەوی، لە پێناو پاراستنی پێگەی کۆمەڵایەتیان.

7. کارکردن بۆ نه‌هێشتنی جیاکاریی لەنێوان ئاستی خزمەتگوزاریی‌ و خوێندن، لەنێوان قوتابخانەكانی گوند‌ و شاردا، لەنێوان ئاستی قوتابخانە نمونەییەكان ‌و قوتابخانە ئاساییەكاندا.

8. لێپێچینه‌‌وه‌و سزادان سەبارەت بە هەر جیاكاریەك كە لەسەر بنەمای رەگەزی منداڵ ‌و هەرزەكار، رەنگ‌ و جەستە، پێشینەی سیاسی ‌و كۆمەڵایەتی باوك‌ و خێزان، دەوڵەمەندیی ‌و هەژاریی، دەرهەق بە قوتابیان بكرێت.

9. ڕەتکردنەوەی (فێرکردنی بانکی) بەوەی تەنها فێرخواز وەرگر و گوێڕایەڵ بێت، بەڵکو خویندکار تاکێک بێت فێری سنگفراوانی و بیرکردنەوەی ئازاد، پرسیار و ڕەخنەگرتن ببێت، سەبارەت بە بواری گشتی، لە سیستمی خێزان ‌و قوتابخانەوە تا سیستمی سیاسی‌ و فەرمانڕەوایی. 

10. گرنگیدان بە لایەنی ڕۆشنبیری فێرخواز و کردنەوەی ئەو بەشانەی دەبنە هۆی پێشخستنی پرۆسەی فێرکردن لە ناوەندەکانی خوێندندا وەک؛ کتێبخانە، تاقیگە، گۆڕەپان و شوێنی وەرزشکردن، شوێنی هونەر و میوزیک، بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای زانیاری ICT).

11. گرنگیدان بە هونەری شێوەكاری، موزیك‌ و شانۆ وەك وانەی سەرەكی‌ لە قوتابخانەكاندا و دابینكردنی پێداویستییەكان لەو پێناوەدا.

12. دانانی پلانی هاوبه‌ش له‌نێوان وه‌زاره‌ته‌کانی په‌روه‌رده‌، خوێندنی باڵا، پلاندانان بۆ وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانی تری هه‌رێم و نێوەندەكانی لێكۆڵینەوەی زانستی بۆ گەشەدان بە سامانی مرۆیی لە ئێستا‌و ئایندەدا.

13. هەوڵدان بۆ کردنەوەی بەشی زیاتر بۆ سیستەمی ئێواران و خوێندنی پارالێڵ، وەرگرتنی خوێندکاران بەگوێرەی زەمینە ‌و پلانی پێشوەخت و بەنرخێکی گونجاو، ئەو بڕە پارەیەش کە لە خویندکاران وەردەگیرێت، دەکرێت ببێتە سەرچاوەی داهات بۆ بەرزکردنەوەی کوالیتی خوێندنی زانکۆکان. 

14. گرنگیدان بەخوێندنگا كوردییەكانی ناوچە دابراوەکان و زامنكردنی وەرگرتنیان لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستاندا.

15. بەهێزکردن و بنیادنانی پرۆگرامێکی پێشکەوتو لە زانکۆ و پەیمانگاکان، بەتایبەت بەشە زانستییەکان، بەجۆرێک لەگەڵ پێشکەوتنەکانی ئێستادا گونجاو بێت. 

16. هاندانی لێكۆڵینەوەی زانستی لە زانكۆ‌ و مەڵبەندەكانی توێژینەوەدا، بەجۆرێك بچێتە خزمەتی پلانی ستراتیجی هەرێم، خزمەتی لایەنی رۆشنبیریی‌ و زانستی‌ و تەكنیكیی هاوڵاتیان.

17. لێپێچینه‌وه ‌لە پێشێلكاری زانستی ‌و كارگێڕیی‌ و ئاكاریی لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندندا. 

18. دانانی پلانێکی رۆشن بۆئەوەی زانکۆکانی کوردستان، بەپێی پێوەرە جیهانیەکان، پێگەی شیاویان لە ریزبەندیی زانکۆکانی جیهاندا هەبێ.

19. دروستکردنی پەیوەندی و مامەڵە و بەستنەوەی زانكۆكانی كوردستان بە تۆڕی زانكۆ جیهانییەكانەوە.

20. بایەخدان بە زمانی کوردی، هاوکات گرنگیدان بە زمانە زیندوەکانی جیهان بەتایبەت (عەرەبی و ئینگلیزی...)، دانانی پرۆگرامەکان بۆ فێربون بەو زمانانە، لە سەرەتای دەستپێکردن بەخوێندن تا دوا قۆناغەکانی زانکۆ.

21. دانانی بەرێوبەری قوتابخانە و سەرۆكی بەش و ڕاگرەكان تا سەرۆكی زانكۆ و پەیمانگاكان لەسەر بنەمای كێبڕكیِی ئاشكرا و توانا و لێهاتویی و سیڤیی.

22. کارکردن بۆ یەکخستن و بە ستانداردکردنی زمانی کوردی، لە ناوەندەکانی خوێندن، ئاکادیمی و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەدا.

23. بایەخدان بە گەشتە زانستیەکان لە ناوەندەکانی خوێندن، زانکۆ و پەیمانگاکاندا، بەپێی گرنگی و پسپۆڕیان وەک؛ سروشتناسی، ئاسەوارناسی، زمانەوانی، گەشت و گوزار، بانک و ...هتد.

24. کردنەوەی بەش و پسپۆڕیەکان بەپێی پێویستی بازاڕ، دۆزینەوەی هەلی کار بۆ دەرچوانی پسپۆڕییە جیاوازەکان، لەڕێگای دامەزراوەیەکی تایبەتی حکومی بۆ وەرگرتنی زانیاری و ڕیزکردنی خاڵبەندی دەرچوان. دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان کەرتی گشتی و تایبەت و ڕەخساندنی هەلی کاری یەکسان.

25. كردنەوەی پەیمانگای پیشەیی بەپێی ستانداردی جیهانی لە بوارەكانی كارەبا، ئەلیكترۆنیات، بیناسازی، دارتاشی، ئاسنگەری، فیتەری، بۆڕیچێتی، بۆیاخكاری، باخەوانی و ریكلام ... هتد. 

ئامانجە فەرهەنگی و مەدەنی رۆشنبیری و هونەرییەکان 
1. پشتیوانیکردن و پێشخستنی ئەدەب، هونەر، كەلەپور‌ و زمانی كوردیی، پاراستنی ئاسەوار‌ و شوێنە مێژوییەكان.

2. کارکردن بۆ لێکنزیککردنه‌وه‌ و یه‌کخستنی شێوه‌زاره‌کانی زمانی کوردی و پەیڕه‌وکردنی یه‌ک زمانی فه‌رمی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم.

3. ئاشناكردنی هاوڵاتیان بە رۆشنبیریی ‌و شارستانیەتی گەلان، هاندانی وەرگێڕان و پاداشتکردنی وەرگێڕ و داهێنەران.

4. پێکهێنانه‌وه‌ی ئەو دامودەزگایانەی پەیوەندیدارن بە رۆشنبیریی‌ و هونەرەوە، بەجۆرێك لەگه‌ڵ سیستمی دیموكراتیدا بگونجێن.

5. بایه‌خدان به‌ زمان و کولتوری پێکهاتە و که‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینیه‌کانی کوردستان و په‌ره‌دان به‌ مه‌ڵبه‌نده‌ رۆشنبیرییه‌کانیان.

6. به‌خشینی هاوكاریی دارایی بۆ پرۆژە سەربەخۆكان لە بوارە جیاجیاكانی داهێناندا وەك بەشەكانی هونەر (شێوەكاری، موزیك، سینەما‌ و شانۆ)، رۆژنامەوانی بینراو ‌و بیستراو ‌و خوێندراوە، تەلەفزیۆنی ئاسمانی، پرۆژە فیكرییەكان لە بواری زانستە كۆمەڵایەتییەكاندا، پرۆژەكانی وەرگێڕان، سەنتەرەكانی فێربونی زمان ‌و تەكنەلۆجیا‌ و زانیاریی سەردەم.

7. به‌خشینی پاداشتی شیاو بۆ ئەو داهێنەرانەی بەرهەمە ئەدەبی ‌و رۆشنبیریی ‌و هونەرییەكانیان كاریگەری‌ و وەرچەرخان دروستدەكەن.

8. پێکهێنانی دەزگایەكی تایبەت لە كەسانی پێشەیی ‌و پسپۆڕ لە بواری داهێناندا بۆ سەرپەرشتیكردن‌ و هاندانی فێستیڤاڵ و خول‌ و گردبونەوەی رۆشنبیریی ‌و هونەریی، دور لە دەستێوەردانی حیزبی ‌و سیاسی.

9. دابینکردنی موچەی شیاو بۆ ئەو داهێنەرانەی جگە لە نوسین و داهێنانی ئەدەبی و هونەریی هیچ پێشە و داهاتێکی تریان نیە. دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە.

10. زەمانەتکردنی ژیان و دابینکردنی موچەی خانەنشینی بۆ ئەو نوسەر و هونەرمەند و داهێنەرانەی توشی قەیرانی تەندروستی دەبن، یان دەگەنە تەمەنی خانەنشینی.

11. هاوکاریکردن و ها‌ندانی رێكخراوە ناحكومییەكانی كۆمەڵگەی مه‌ده‌نی (سەندیكا، كۆمەڵە، فیدراسیۆن ‌و گروپەكانی فشار) بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەی چاودێریكردن ‌و دروستكردنی گوشار لەسەر پەرلەمان‌ و دەزگا حكومیی‌ و دادوەرییەكان.

12. به‌‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ئه‌و كۆششانەی پارەی دەوڵەت ‌و موڵكی گشتی بەكاردەهێنن بەمەبەستی بەهێزكردن ‌و سەپاندنی دەسەڵاتی سەندیكا‌ و رێكخراو گروپە حیزبییە تایبەتەكان.

13. تەرخانكردنی بەشە بودجەی تایبەت، بۆ بوژانەوە و دروستكردنی ژێرخانی وەرزشی لە كوردستاندا.

14. سەربەخۆیی وەرزش و نەهێشتنی هەژمونی حیزب و بەرپرسە حیزبییەكانە لە پرۆسەی وەرزشدا.

15. دروستكردنی یاریگا و مەلەوانگا و گۆڕەپانی یارییە هەمە جۆرەكان لە قەزا و ناحیە و شارەكاندا بە ستانداری نێودەوڵەتی.

16. گرنگیدانە بە خوێندنی وەرزش، وەك وانەیەكی بنەڕەتی لە سیستەمی فێركاریدا، هاوكات بایەخدانی زیاتر وجددی بەتوێژینەوەی زانستی و هونەری وەرزش لەئاستی زانكۆ و خوێندنی باڵادا .

سێهەم؛ ئامانجە ئەمنی و سەربازیییەکان
1. هەڵوەشاندنەوەی دەزگاکانی ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایشی هەرێم و گواستنەوەیان بۆ سەر وەزارەتی ناوخۆ. 

2. دیاریکردنی رادەی نەسرییە و ژمارەی پاسەوانی بەرپرسەکان، لە باڵاترین بەرپرسەوە تا بچوکترین بەرپرس بەشێوەیەکی دادپەروەرانە، بەجۆرێک لەگەڵ نەریتە شارستانی و ئەمنییەکان دونیادا بگونجێت.

3. ئاماده‌کردنی ئەفسەر، پله‌دار، سەرباز، پۆلیس و مونته‌سیبه‌کانی ده‌زگا ئه‌منی و سه‌ربازییه‌کانی هه‌رێم به‌پێی عه‌قیده‌یه‌کی نیشتمانی و دیموکراتی و مەدەنی نوێ، بە ئەزمون وەرگرتن لە وڵاتانی جیهانی دیموکراتی.

4. پێکهێنانی هێزی پاسەوانی هەرێم لەژێر ناوی (پێشمەرگە)، بە سودوەرگرتن لە مادە پەیوەندییدارەكانی دەستوری عێراق، بەشێوازێكی نیزامیی مۆدێرن، بە سودوەرگرتن لە ئەزمونی هێزی پێشمەرگەی ئێستا، موتوربەكردنی ئەو هێزە بە نەوەی نوێ‌‌ و كردنەوەی دەرگای پەیوەندیکردنی ئارەزومەندانە لەتەمەنێکی دیاریکراودا، دور لە لایەنگریی سیاسیی، حیزبیی، ناوچەیی و خێڵەكی.

5. قه‌دەغەكردنی رێكخستنی حیزبی ‌و سیاسی لەناو هێزی پێشمەرگە (پاسەوانی هەرێم) و وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌ سه‌ربازی و ئه‌منی و هه‌واڵگرییه‌کاندا.

6. ئامادەكردن ‌و رێكخستنەوەی هەمو ئەو هێزە چەكدارانەی كە ئینتیمایان بۆ حیزب‌ و گروپ ‌و تاكەكەس هەیە، سەرلەنوێ‌ دامەزراندنیان لە هێزی پاسەوانی هەرێمدا، یان خانەنشینكردنیان بە ئاستێكی دارایی شیاو، یان دۆزینەوەی دەرفەتی كاری نوێ‌ بۆیان‌ و دابینكردنی بیمەی كۆمەڵایەتی‌ و ئابوریی بۆ خۆیان ‌و خێزانەكانیان.

7. جێگۆڕکێی و دابەشكردنی هێزە چەكدارەكانی هەرێم بەسەر ناوچە ‌و دەڤەرە جیاوازەكاندا، بە ئاگاداریی دەزگا پەیوەندییدارەکان، بۆئەوەی لەبری ئینتیما بۆ ناوچەیەكی دیاریكراو، ئینتیمایان بۆ كوردستان هەبێت، بەمەبەستی دورکەوتنەوە لە لایەنگیریی لۆكاڵی و ناوچەگەرێتی.

8. گۆڕینی پرۆگرامی خوێندن و مه‌شق له‌ خول ‌و پەیمانگا‌ و كۆلێژەكانی سەربازیی و پۆلیس به‌شێوه‌یەکی هاوچه‌رخ، موتوربەكردنی پرۆگرامه‌کان بە وانەكانی مافی مرۆڤ و ئاكاری شارشتانی، تەکنۆلۆژیای نوێ.

9. پێشخستنی سیستمی هاتوچۆ و دامه‌زراوه‌ی پۆلیسی هاتوچۆ به‌شێوه‌یه‌کی مەدەنی، به‌سودوه‌رگرتن له‌ ته‌کنه‌لۆژیای نوێ و ئه‌زمونی وڵاته‌ پێشکه‌وتوه‌کانی جیهان، دابینکردنی رێز و موچه‌ و هاوکاری دارایی پێویست بۆ ئه‌فسه‌ر و مونته‌سیبه‌ پله‌ جیاوازەکانی پۆلیسی هاتوچۆ به‌ئامانجی جێبەجێكردنی یاسا به‌ یەك پێوەر بەسەر هەمو هاوڵاتیاندا.

10. دابینکردنی پێداویستی تایبەت و بەخشینی دەسەڵاتی زیاتر بە پۆلیسی دارستان، کە هۆکاری سەرەکین بۆ پاراستنی سامانی ژینگە و ڕوبەری سەوزایی.

11. هەوڵدان و بەدواداچون و لێپێچینەوە لە هەمو ئەوانەی تێوەگلاون لە پرۆسەی بازرگانی و قاچاخچێتی و هاوکاری کردنی رێکخراوی داعش لەماوەی چەند ساڵی رابردودا.

12. کردنەوەی دۆسیەی سزادانی هەمو ئەو بەرپرسە ئەمنی و سەربازییانەی بەرپرس بون لە دۆسیەی کەوتنی شەنگال و خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر، هاوکات پاداشتکردنی ئەو فەرماندە سەربازییانەی کە لە شەری دژی داعشدا توانیویانە رۆڵی قارەمانانە بگێرن، بەبێ رەچاوکردنی ئینتیماو وەلائی حیزبیان.

13. هاوکاریکردنی مادیی و مەعنەوی بریندار و کەمئەندامانی شەری داعش، هەوڵدان بۆ ناردنە دەرەوەی هەمو ئەوانەی کە پێوسیتیان بەهاوکاری پزیشکی هەیە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان. دۆزینه‌وه‌ی باندەكانی بازرگانی ‌و قاچاخچێتی ماده‌ هۆشبه‌ره‌کان لە ناوخۆ‌ و دەرەوەدا و دروستكردنی لیژنەی ئه‌منی هاوبەش لەگه‌ڵ وڵاتانی دراوسێدا لەو پێناوەدا.

14. رێگرتن لە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و سەرلەنوێ‌ داڕشتنەوەی سیستمی ئەمنی، بەپێی پێوەری پیشەیی و لێهاتویی و دڵسۆزی بۆ نیشتمان و پابەندبون بەپایەكانی دەوڵەتی مەدەنی و سەربەخۆی دەزگا ئەمنییەكان لە ئینتیما بۆ حیزب و كەس و دەستەیەكی دیاریكراو.

15. پەیڕه‌وکردنی مامه‌ڵه‌ی مرۆیی له‌گه‌ڵ زیندانیان وه‌ک قوربانیی قەیرانە كۆمەڵایەتی‌ و سیاسی ‌و ئابورییەكانی هەرێمی کوردستان. 
 

ته‌وه‌ری چواره‌م

یەکەم؛ ئامانجە ته‌ندروستی و ژینگەییەکان
- ئامانجە تەندروستییەکان
1. دورخستنەوەی دەستی حیزب لەسەرجەم کایە و سێکتەرەکانی کەرتی تەندروستی، بەجۆرێک کە هاوڵاتیبون پێوەری سەرەکی ئامانجی خزمەتگوزاری کەرتی تەندروستی بێت.

2. زیادکردنی بودجەی وەزارەتی تەندروستی، بەشێوەیەک چیتر سێکتەری تەندروستی پێویستی بە گەڕانەوە نەبێت بۆ کۆمپانیا و حیزب و کەسایەتی و سەرمایەردارەکان.

3. هەوڵدان بۆ دروستکردنی سیستمی بیمه‌ی ته‌ندروستی بۆ هاوڵاتیان به‌جۆرێک هاوڵاتیان له‌ هه‌ر ئاستێکی بژێویدا بن بتوانن سودمەندبن لە بەشە بیمەی تەندروستی تایبەت بەخۆیان. 

4. بنیادنانی ژێرخانێکی هاوچه‌رخ بۆ که‌رتی تەندروستی بەگوێرەی پێوەرە جهانییەكان، بەسودوەرگرتن لە ئەزمونی وڵاتە پێشكەوتوەكان‌. 

5. بایەخدان بە نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن وەك بەشێك لە كەرتی تەندروستی گشتی، پێویستە بێ بەرامبەر بەهانای هاوڵاتیانەوە بچن. 

6. چارەسەركردنی قەیرانی بێرۆكراتی‌ و پلەبەندیی لە نێوەندە تەندروستییەكاندا بە جۆرێك كەشێكی دادپەروەرانە لەناو نەخۆشخانەكاندا، لەنێوان پزیشك ‌و بەرپرس، پزیشك‌ و كارمەند، كادیری تەندروستی ‌و نەخۆشدا بێتە ئاراوە. 

7. بایەخدان بە پزیشك ‌و كارمەندانی تەندروستی، بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی ‌و پیشەییان، كردنەوەی خولی تایبەت بۆیان لە ناوخۆ ‌و دەرەوەی وڵات بەشێوەیەكی دادپەروەرانە.

8. به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی پاوانكاریی كەرتی تەندروستی، چ لەناو حكومەت ‌و چ لەناو بازاڕدا، هاندانی نەوەی نوێی پزیشك‌ و كارمەندانی تەندروستی تا بەشداریی لە بنیادنان ‌و خزمەتگوزاریی كەرتی تەندروستیدا بكەن.

9. دانانانی پلانی زانستی بۆ كردنەوەی سەنتەری پزیشكی لە پسپۆڕییە وردەكاندا لە شارە گەورەكان‌ و لقی هاریكار لە شارۆچكە‌ و ناوچە كەناریەكاندا. 

10. دانانی دەستەیەكی پسپۆڕ بۆ سەرپەرشتی ‌و چاودێریكردنی نەخۆشخانە ئەهلییەكان ‌و بەخشینی پلەبەندیی پێیان بەگوێرەی پێوەرە جیهانییەكان. 

11. گرنگیدان بە تەندروستی كۆمەڵگا، چاودێریكردنی جۆر و کوالێتی دەرمان، رۆشنبیریی تەندروستی‌ و پرنسیپی خۆپاراستنی پێشوەخت لەسەر ئاستی تاكەكەس ‌و كۆمەڵگە.

12. قەدەغەکردنی دیاردەی قۆرغکاری بازاڕی دەرمان و قاچخچێتی دەرمان و کلینیکەکانی جوانکاری، لەگەڵ بەدواداچون و لێپێچینەوە لەو کۆگایانەی دەرمان، کە بە پشتیوانی حیزب و کەسانی دەسترۆیشتو مافی کارکردنیان پێدراوە، لەکاتێکدا خاوەنی ئیجازەی فەرمی نین، لەگەڵ بەهێزکردنی کوالێتی کۆنترۆڵ بۆ جۆر و چۆنێتی ئەو دەرمانانەی دێنە خاکی هەرێمی کوردستانەوە.

 

- ئامانجە ژینگەییەکان 
1. بڵاوكردنەوەی فەرهەنگی ژینگەپارێزیی، پاراستن‌ و دەستپێوەگرتنی ئاو، مەترسییەكانی پیسبونی سروشت، بەرخۆریی ‌و پیس مەسرەفی، پەنگخواردنەوەی گەرما وەك كێشەیەكی جیهانی.

2. چاککردنی سیستمی كۆكردنەوە ‌و فڕێدانی پاشه‌ڕۆ‌ و خاشاك بەشێوەیەك کە مەترسی بۆسەر سروشت‌ و تەندروستی گشتی ‌و نەوەكانی داهاتو دروست نەكات.

3. که‌مكردنەوەی ژاوەژاو‌ و زیادەڕۆیی لە بەكارهێنانی ئۆتۆمبێل‌ و ئامێرە ئاڵودەكارەكاندا، بەتایبەتی لە سەنتەری شارەكاندا.

4. دانانی باج لەسەر ئەو تاک و گروپ و كارگانەی ژینگە پیسی دەكەن، لەگەڵ کارکردن بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان و قەرەبوكردنەوەی دارایی ‌و تەندروستی ئەو ناوچانەی كە نزیك كارگە مەترسیدارەكانن.

5. پاراستنی ژینگەی دارستان‌ و روەكی سروشتی، ئاژەڵ‌ و باڵندە كێوییەکان.

6. سازدانی هەڵمەتێکی گشتی بۆ پاککردنەوەی شوێنە گەشتوگوزارییەکان لە پاشەڕۆی پلاستیکی و مەعدەنی و غەرامەکردنی هەر گەشتیار و سەیرانکەرێک کە شوێنی خۆی بە پیسی بەجێبێڵێ. 

7. تەرخانکردنی بودجەیەکی شیاو و دانانی پلانێکی نیشتمانی بەپێی سەقفێکی زەمەنی بۆ پاککردنەوەی کوردستان لە مین، پاشماوەی جبەخانەی سەربازی، بۆمب و ژەهرە کیمیاییەکان.

8. پەیڕه‌وکردنی نەخشەیەكی گشتی بۆ جێبەجێكردنی ستانداردی جیهانی سەبارەت بە فراوانکردنی روبەری باخ‌ و سەوزایی لە شار ‌و ئاوەدانییەكاندا.

9. پاراستنی جوانی و سروشتی كوردستان لە شێواندن و دامەزراندنی پارێزراوی سروشتی.

10. کۆنترۆڵکردنی پێشوه‌خت و پاشوه‌ختی کارگه‌ و پرۆژه‌ پیشه‌سازی و کیمیاییه‌کان و ره‌تکردنه‌وه‌ی هه‌ر پرۆژه‌یه‌ک که‌ مه‌ترسی گەورە بۆسه‌ر ژینگه‌ دروست بکات.

دوەم؛ سامانی مرۆیی و دادی کۆمه‌ڵایه‌تی 

هاوکاری هاوڵاتیانی هەژار و فەرمانبەر و خانەنشین و کەسوکاری شەهیدان
1. کارکردن بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی رێژه‌ی هەژاریی‌ و بێکاری لەسەر ئاستی خێزان‌ و تاكەكەس‌، لەپێناو بەرزكردنەوەی دەرامەتی تاك‌ و خێزان، بوژاندنەوەی باری دارایی ‌و بژێویی ئەو هاوڵاتیانەی لە خوار هێڵی هەژارییەوەن

2. هەوڵدان بۆ دانانی سندوقێکی نیشتمانی، که‌ بڕێک له‌ بودجه‌ی هه‌رێمی بۆ ته‌رخان بکرێ، لەروی داراییەوە سەربەخۆ بێت و سەر بە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی بێت، بەمەبەستی هاوکاریکردنی کەسانی هەژار و نەدار و کەم دەرامەت.

3. یەکخستنی سیستمی موچە و داتاکردنی ناوی موچەخۆرانی کوردستان و ئەلیکترۆنیکردنی دابەشکردنی موچە لە رێگەی بانکەوە، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ژمارەی راستەقینەی موچەخۆرانی کوردستان و جیاکردنەوەی موچەخۆری راستەقینە لە بندیوار و ئاشکراکردنی موچەخۆری وەهمی و بڕینی هەمو ئەو پارانەی لە ئەنجامی ناعەدالەتی و گەندەڵی بەفیرۆچون و گێڕانەوەی بۆ وەزارەتی دارایی.

4. چاره‌سه‌رکردنی دیارده‌ی بێکاری له‌ڕێگه‌ی دابینكردنی دەرفەتی كار بۆ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی توانای كاریان هەیه‌ له‌ هه‌ردو که‌رتی گشتی و تایبه‌تدا.

5. دابینکردنی بیمه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستی و موچه‌ی خانه‌نشینی بۆ هه‌مو ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی له‌ که‌رتی گشتی و تایبه‌تدا کارده‌که‌ن کاتێ روبەڕوی قەیرانی تەندروستی دەبنەوە یان دەگەنە تەمەنی یاسایی خانەنشینی.

6. هەوڵدان بۆ پێدانی خانەنشینی بەهەمو هاوڵاتیەکی کوردستان، ئەوەش بە بڕینەوەی موچەیەک کە لەگەڵ باری ژیان و گوزەرانیدا بگونجێت، کاتێک گەیشتە تەمەنی خانەنشینی.

7. ده‌‌رکردنی یاسایەكی تایبەت بە خانەنیشینی، بەجۆرێك شایستەی تەمەنی خزمەت ‌و ماندوبونی مرۆڤی بەرهەمهێن و ره‌نجده‌ربێت له‌ هه‌ردو که‌رتی گشتی و تایبه‌تدا. بە جۆرێک دادی کۆمەڵایەتی فەراهەم بکات لە نێوان هەمو چین و توێژەکاندا.

8. هەوڵدان بۆ دابینكردنی یەكەی نیشتەجێبون بۆ مامۆستا و فەرمانبەرە خێزاندار‌ و كرێچییەكان.

9. کارکردن بۆ چارەسەری كێشەی بێماڵی‌ و كرێچێتی ‌و جێبەجێكردنی پرۆژەی گەورە لە بواری نیشتەجێبونی هاوڵاتیاندا.

10. چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی که‌سانی بێحاڵ و ماڵ، دێوانەكانی سەر جادە.

11. پاداشتکردن و هاوکاریکردنی پێشمەرگە، كەسوكاری شەهیدان، قوربانیانی ئەنفال ‌و كیمیاباران، زیندانییە سیاسیەكان، قوربانیانی جەنگەكانی سەردەمی داگیركردن، قوربانیانی شه‌ڕی ناوخۆ و شەڕی داعش، هەمو ئەو كەسانەی كە لەپای كوردستانیبون ستەمیان لێكراوە، گیان‌ و ئەندامی جەستەیان لەدەستداوە، ماڵ ‌و حاڵیان بەخشیوە. 

12. قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتوان و کەسوکاری شەهیدان و بی سەروشوێنانی شەڕی داعش.

پێگەیاندنی منداڵان و نەوجەوانان
1. بایەخدان بە وەرزش، پەروەردەی جەستەیی، گەشتی زانستی ‌و حەوانەوەی دەرونی منداڵان‌ و نەوجەوانان‌ و قوتابیان.

2. گرنگیدان به‌ رۆشنبیریی‌ و چاپەمەنیی منداڵان‌ و كردنەوەی كەناڵی نیشتیمانی تایبەت بە منداڵان، لەگەڵ پێگەیاندنی نەوەی نوێ‌ بە وێنەی رەنگین‌ و زمانی كوردیی پاراو.

3. قه‌‌دەغەكردنی كارپێكردن و بەسوخرەگرتن ‌و سواڵكردن بە منداڵان و نەوجەوانان، گرتنەبەری سزا ‌و رێوشوێنی پێویست لەو پێناوەدا.
1. گەڕانەوەی متمانە بۆ کەرتی پەروەردەی گشتی، بەجۆرێک پەروەردەکردنی منداڵ و نەوجەوانان ئەرکی سەرشانی کەرتی گشتی و حکومەت بێت. بەو ئامانجەی جۆرێک لەدادپەروەری کۆمەڵایەتی لەکۆمەڵگادا بەدی بێت و هەست بە جیاوازیی نەکرێت لەنێوان کەرتی پەروەردەی گشتی و تایبەتدا.

پشتیوانیکردنی ژنان و گەنجان 

2. هەوڵدان بۆ تێپەرکردنی پرۆژە یاسای موچەی کابانی ماڵ لە پەرلەماندا، ئەوەش بە تەرخانکردنی برە موچەیەکی دیاریکراو بۆ ژنانی بێکار تا ئەو کاتەی دەبنە خاوەن کار، یاخود دەگەنە تەمەنی خانەنشینی.

3. قەڵاچۆكردنی هەمو جۆرەكانی توندوتیژیی جەستەیی‌ و رۆحی دژی رەگەزی مێینە، لە خێزانەوە بۆ كۆمەڵگا‌ و نێوەندەكانی خوێندن ‌و كارگێڕی تا دامودەزگا باڵاكانی دەوڵەت.

4. قه‌‌ده‌غه‌کردنی هەر جۆرە هەراسانكردنێكی سێكسی دەرهەق بە رەگەزی مێینە. سزادانی توندی ئەو بەرپرسە سیاسی ‌و حكومی ‌و حیزبیانەی كە پۆستەكانیان بۆ ئەو مەرامە بەكاردەهێنن.

5. ته‌‌رخانكردنی بودجەیەكی گەورەتر بۆ چاودێریی كۆمەڵایەتی‌ و تەندروستی، موچە‌ و بیمەی دایك لە قۆناغی دوگیانی، زەیستانی ‌و بەخێوكردنی منداڵدا.

6. هاوکاریی دارایی، بیمەی كۆمەڵایەتی، كردنەوەی خولی راهێنان ‌و دابینكردنی موچەی خانەنشینی، لە کاتی تەمەنی یاساییدا، بۆ ئافرەتە بەرهەمهێنەكانی ناوماڵ، وەك بەرگدرو، فەرشچن ‌و خانمە دەستڕەنگینەكان بەگشتی.

7. به‌‌دواداچونی كێشەی كۆمەڵایەتی ‌و دەرونی گەنجان، دواندن ‌و كردنەوەی وۆرك شۆپ‌ و راپرسی زانستی لە هەمو ناوچەكاندا سەبارەت بە هۆكاری لاوازبونی بەشدارییان لە كاروباری سیاسی ‌و كارگێڕیی ‌و بواری گشتیدا، كێشەی رەبەنی، قەیرانی بێباكی ‌و بێئومێدیی.

8. سازدانی هەڵمەتێكی نیشتمانیی، كۆمەڵایەتیی‌ و ئاینی، سەبارەت بە كێشەی رەبەنی، هۆكارەكانی سەرهەڵدان‌ و تەشەنەسەندنی، گه‌ڕان بەدوای چارەسەری گونجاودا.

9. چالاککردنی سیستمی پێشینی دارایی هاوسەرگیریی، پرۆژەكانی بنیاتنانی باڵەخانە ‌و كامپی نیشتەجێبون بۆ ئەو گەنجانەی بڕیاری هاوسەرگیریی دەدەن.

10. بایەخدان بە توانا‌ و بەهرەی هونەریی ‌و ئەدەبی ‌و رۆشنبیریی گەنجان، دامەزراندنی دامودەزگای پێویست بۆ ئەو مەبەستە.

11. کارکردن به‌ سیستمێكی بانكیی بۆ بەخشینی قەرزی درێژخایەن بەو گەنجانەی كە پرۆژەی هەرەوەزیی هاوبەش پێشكەش دەكەن لە بواری بەرهەمهێنان ‌و داهێناندا.

12. پەیڕه‌وکردنی دادی کۆمه‌ڵایه‌تی و یاسایی له‌نێوان هه‌ردو ره‌گه‌ز و بایه‌خدان به‌ رۆڵی ئافره‌تان له‌ڕێگای خستنه‌گه‌ڕی گوشار ‌و كۆششی پەرلەمانی ‌و مەدەنی بۆ قەڵاچۆكردنی هەمو ئەو بڕیار ‌و دیاردە ‌و نەریتانەی جیاكاریی لەنێوان دو رەگەزەكەدا دروستدەكەن.

هاوکاریکردنی پەککەوتە و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان
1. چاودێریکردن و هاوکاریکردنی په‌ککه‌وته‌ و به‌ساڵاچوان له‌ڕێی چاكسازیی لە دامودەزگاكانی چاودێریی پەككەوتە ‌و بەساڵاچواندا بە دابینكردنی شوێن‌ و كەشی ژیانی لەبار بۆیان له‌ڕوی جەستەیی ‌و دەرونییەوە. 

2. پشتیوانیکردنی مادیی‌ و مەعنەویی‌ و پەروەردەیی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان.

3. داڕشتنەوەی یاسا‌ و رێنماییەكان سەبارەت بە پەروەردە، هاتوچۆ، كارگێڕیی، هونەر‌ و راگەیاندن، بەجۆرێك جێگەی خواستی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانی تێدا ببێتەوە.

4. دامەزراندن ‌و كاراكردنی رێكخراو ‌و دامودەزگای تەندروستی‌ و كۆمەڵایەتی‌ و قوتابخانەی تایبەت بۆ پشتیوانی مادیی ‌و مەعنەویی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان.


هاوکاریکردنی کرێکار و کارگوزار وکاسبکار و فرۆشیاران
1. دابینکردنی موچەی خانەنشینی بۆ کرێکاران، جوتیاران و بەرهەمێنەرانی ناو ماڵ و کەرتی تایبەت.

2. دابینکردنی كەشێكی دادپەروەرانە لە فەرمانگە‌ و شوێنەكانی كاردا بۆ كارگوزار ‌و فەرمانبەرانی پلەكانی خوارەوە، چ لەڕوی دارایی‌ و چ لەڕوی ئاكاری كارەوە.

3. قه‌‌ده‌غه‌کردنی خراپ بەكارهێنانی كارگوزار ‌و فەرمانبەرانی پلەكانی خوارەوە بۆ كاری ناشایستە‌ و شەخسیی بەرپرسەكان لە دەرەوەی كاری فەرمی.

4. هاندانی هێزی كاری كوردستانی لە پرۆژەكانی ئاوەدانكردنەوە‌ و بەرهەمهێنان ‌و خزمەتگوزاریدا.

5. چالاککردنی سەندیكاكانی كرێكاران‌ و جوتیاران بەجۆرێك گوزارشت لە خەم‌ و داواكاریی ئەو دو چینە بكەن ‌و نەچنە ژێر كاریگەریی دەسەڵاتی سیاسییەوە.

6. رێگریكردن لە هەر جیاكارییەك كە لەنێوان بازرگاناندا دەكرێت، رێگریكردن لە بەرتەسککردنەوەی دەرفەتی كار‌ و قازانج لەبەردەم هەندێك بازرگاندا بەقازانجی هەندێكی تر، كە بەهۆی خزمایەتی، ئینتمای حیزبی، مەحسوبیەت ‌و بەرژەوەندیی ژێربەژێروە ئەنجام دەدرێت.

7. لابردنی ئەو كەند‌ و كۆسپە بیرۆكراتیانەی كاسبكار، دوكاندار، خاوەن مارکێت و وەستا‌و پیشەوەرەكان جاڕس دەكەن. دابەشكردنی خزمەتگوزاریی ‌و پێداویستیە مەدەنیەكان بۆ گەشەدان بە بازاڕ بەشێوەیەكی ئاسۆیی.

8. کارئاسانی بۆ شۆفێرە گشتییەكانی نێو شار‌و هێڵەكانی دەرەوە، ئەركی حكومەتە كەشێكی دەرونی لەباریان بۆ دابین بكات ‌و رێگە نەدات مامەڵەی نامرۆڤانەیان لەگه‌ڵ بكرێـت. 

9. کارئاسانی بۆ فرۆشیارە دەستگێڕەكان، كتێب فرۆش ‌و شمەك فرۆشەكانی سەر جادە، ئەركی حكومەتە، بەرلەوەی دەرفەتی كاریان لە شوێنە گشتییەكاندا بەرتەسك بكاتەوە، شوێنی كاری شیاویان بۆ دابین بكات. 

10. رێزگرتنی پەناهەندەكان‌ و دابینكردنی كامپ ‌و شوێنی ژیانی شیاو بۆیان، رێزگرتنی كرێكارە بیانییەكان، كە لە پرۆسەی بنیاتنانەوە ‌و ئاوەدانكردنەوەی كوردستاندا كاردەكەن.

پشتیوانیکردنی رەوەندی کوردی 
1. گۆڕینی ئه‌و بڕیار و رێنمایی ‌و نەریتە بیرۆكراتیانەی هاندەر نین بۆ بەشدرایی رەوەندی دەرەوە لە بواری رۆشنبیریی، سیاسی، زانستی ‌و تەكنۆكراتی لە حكومەت‌ و دامودەزگاكانی هەرێمدا.

2. کڕینه‌وه‌ی ئه‌و وزە‌ و توانا كوردیانەی كە لە زانكۆ جیهانییەكاندا، یان لە نەخۆشخانە‌ و كۆمپانیا‌ و شوێنە هەستیارەكاندا كاردەكەن ‌و بەگه‌ڕخستنیان لە حكومەت‌ و دامودەزگاكانی هەرێمدا.

3. بایەخدان بە نەوەی دوەمی رەوەندی كوردستان، لەڕوی دروستكردنی كەناڵەكانی پەیوەندیی لەگەڵیاندا ‌و ئاشناكردنیان بە زمان ‌و فەرهەنگ و كەلەپوری ناوخۆ.

4. بایەخدان بە رەوەندی کوردی لە دەرەوەی وڵات، خۆشكردنی زەمینەی كۆچی پێچەوانەی ئارەزومەندانە‌ بۆیان، بەتایبەتی بۆ زانا و پسپۆڕ و شارەزاكانیان. لەپێناو بەشداریپێكردنیان لە دروستكردنەوەی ژێرخانی ئابوری و زانستی و مرۆیی وڵاتدا.