رۆژ (25)ی تەمموزی ساڵی (2009)، وەرچەرخانێکی گرنگی مێژویی بو لەسەر ئاستی گۆرەپانی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا، ئەوەش بەهۆی دروستبونی یەکەم بزوتنەوەی ئۆپۆزسیۆنی جەماوەری لەژێر ناوی (بزوتنەوەی گۆڕان)دا، تا ئێستا کاروانی سیاسی ئەم بزوتنەوەیە بەردەوامی هەیەو خاوەن کۆمەڵێک تایبەتمەندی گرنگە کە لە هێزەکانی دیکەی هەرێمی جیادەکاتەوە و هەرئەو تایبەتمەندییانەشە وادەکات نەک تەنها لە ئایندەی نزیکدا بەڵکو لە ماوەی درێژ مەوداشدا، هێزێک لە هەرێمی کوردستان دروست نابێت کە بتوانێت ئەم بزوتنەوەیە تێپەڕێنێت و ببێتە جێگرەوەی.
لێرەدا بەشێک لەو خەسڵەتانە دەخەینەڕو کە بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنین و هەر ئەو خەسڵەتانەش پێش زۆری هێزی دیکەی خستون و دەیخەین:
هەلومەرجی دروست بونی بزوتنەوەی گۆڕان
بزوتنەوەی گۆڕان لە هەلومەرجێکدا دروستبو، کە خەڵکی هەرێمی کوردستان بەدەست گەندەڵی و نادادی کۆمەڵایەتی دەیانناڵاند، هاوڵاتیانی هەرێم بەدوای چەترێکدا دەگەڕان کە ببێتە سایەیەک بۆ گێرانەوەی ماف و گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتیان بە دەسەڵات.
لە مێژوی دوای راپەریندا بۆ یەکەم جار بو بزوتنەوەیەکی سیاسی چارەنوسی سیاسی خۆی وابەستەی دەنگی دەنگدەران بکات و پشت بە ناڕەزایەتیەکانی رای گشتی ببەستێ بۆ بەشداری کردن لە کارو چالاکی سیاسی، بەبێ بەکارهێنانی وەلائی حیزبی و ئایدۆلۆژی و بەبێ پەنابردنە بەر میکانیزمی ترس و تۆقاندن و بەخشینەوەی پارە.
لەلایەکی دیکەوە گۆڕان دهرگای واقعێكی سیاسی نوێی له كوردستاندا كردهوه، ئەویش هێنانە ئارای مۆدیلی ئۆپۆزسیۆن و پەنابردنە بەر خەباتی مهدهنی ئاشتیانە لهپێناو چاكسازی و گۆڕانكاریدا، لهوانهیه تهنها ئهمه بهس بێت بۆ ههڵسهنگاندنی رۆڵی ئیجابیانهی گۆڕان له بههێزكردنی ئهو جۆره خهباته لە هەرێمی کوردستاندا، سهرباری سهختی و دژواری قۆناغهكه.
ئەم هەلومەرجەش لە کاتێکدابو کە ئەستەمە لە هەرێمی کوردستاندا دروست ببێتەوە، چونکە ئەو دۆخە لە بەرەنجامی تێپەڕبون و کەڵەکە بونی کاتەوە دروست ببو، دامەرزێنەرانی بزوتنەوەکەش زیرەکانە هەستیان بەو بۆشاییە گەورەیە کردبو، بۆیە ئەم بزوتنەوەیەیان تێدا دامەزراند، سەرەنجام گۆڕان رۆڵی گەورەی بینی لە تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی لە هەرێمی کوردستان دروست ببو، ئەمەش جگە لەوەی دەرگای بە روی هەندێ هێزی دیکەدا کردەوە کە شوێن پێی ئەم بزوتنەوەیە بکەون، دەرگای بەسەر ئەو هێزانەشدا داخست کە پێش ئەو دروستبون و لەدوای ئەوەیشەوە دێن بتوانن ببن بە جێگرەوەی.
دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان
ئەو کەسایەتییانەی کە ئەم بزوتنەوەیەیان دامەزراند خۆیان خاوەن کۆمەڵێک تایبەتمەندی بون کە مەحاڵە کەسانی دیکەی هاوشێوەیان دروست ببێتەوە، لەسەرو هەمویانەوە نەوشیروان مستەفا کە دامەزرێنەری سەرەکی جوڵانەوەکە بو جگە لەوەی خاوەن کەسایەتییەکی کارێزمی بو لەهەناوی خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردەوە هاتبوە دەرەوە، جیاوازی و تایبەتمەندی ئەو دەستەیە بەو مانایە نییە کە لە خەڵکی دیکە زیاتربن یاخود خۆیان لە خەڵکی دیکە پێ جیاوازبوبێت، وەکو ئەوەی لە هێزەکانی دیکەدا بەدیاردەکەوت و بەدیار دەکەوێت، بەڵکو بەشێک لە تایبەتمەدییەکە ئەوە بوە خۆیان لە خەڵک پێ جیاوازتر و گەورەتر نەبوە، جگە لەوەی بەشێکی زۆریان کەسایەتی دیاری سەردەمی شاخ بون لە خەباتی شاریشدا جێ دەستیان دیاربو، بێ هیچ خواست بەرژەوەندییەکی شەخسی دەستیان لە کارو پۆست و هێزە سیاسییەکانی خۆیان هەڵگرت لە پێناو پرۆژەکی دیکە کە بزوتنەوەی گۆڕان بو، سەرباری گرێدانی ئەم کەسایەتییانە بە کۆمەڵێک کەسایەتی دیاری رۆشنبیر و مەدەنی و ئاینی و گەنج و پیر و ئافرەتان و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا و توانەوەیان کە نێو ئەم جوڵانەوەیەدا، ئەم تایبەتمەنییە کە لای گۆڕان کۆبوەتەوە لە هیچ هێزێکی دیەکەی سیاسی هەرێمدا کۆنابێتەوە.
گۆڕان وەک هێزێکی نائایدۆلۆژیی
ئایدۆلۆژیا هەمیشە تەوقێک بوە لە گەردنی سیستم و هێزە سیاسییە جیاوازەکانی دنیا بەگشتی و هێزەکانی ئێمەش بەتایبەتی، چونکە بە دەستنیشانکردنی ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو راستەوخۆ داخستنی دەرگایە بە روی بیرو راو ئایدۆلۆژییە جیاوازەکانی دیکە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەزمون دەریخستوە خۆ گرێدان بە ئایدۆلۆژیایەکی چەقبەستوی دیارکراوەوە رۆژێک لە رۆژان لە وێستگەیەک پەکی دەکەوێت و دەپوکێتەوە، بەسود وەرگرتن لە ئەزمونی هێزە سیاسییەکانی پێشو، بزوتنەوەی گۆڕان جەختی لەوە کردەوە کە بزوتنەوەکە خاوەنی هیچ ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو نابێت و بەمانایەکی دیکە سەرجەم خاوەن ئایدۆلۆژیا جیاوازەکان لەنێو ئەم پرۆژە سیاسییە جێگایان دەبێتەوە، بەم پێیە لەوپەڕی راستەوە بۆ ئەوپەڕی چەپ و ئیسلامییەک و عەلمانییەک و مامۆستایەک و کرێکارێک و سەرمایەدارێک و هەرکەسێکی دیکە خاوەن هەربیرو باوەڕێکی جیاوازبێت تەنها هەڵگری ئاڵای گۆڕان و گۆڕانکاری ئیجابی بێت لەنێو ئەم بزوتنەوە جەماوەرییەدا جێگای بوەتەوە و دەبێتەوە، کە زەحمەتە لە هێزەکانی دیکە ئەم فرە رەنگی و فرە دەنگییە جێگای ببێتەوە کۆببنەوە.
هاوشان بەوەی کە بزوتنەوەی گۆڕان هێزێکی نائایدۆلۆژییە ئەوەشی لەبەرنامە سیاسییەکی خۆیدا جێکردوەتەوە کە هێزێکی مەدەنی بێ چەک دەبێت لەم بوارەشدا سەلماندی کە چەک تاکە ئامرازی ململانێی سیاسیی و گرتنەدەستی دەسەڵات نییە، بەڵکو هەڵبژاردن و ململانێی سیاسیی و کێبڕکێی دیموکراتی رێکارێکی سەرکەوتوتر و زەمینەیەکی لەبارترە بۆ سەقامگیری سیاسیی و پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی.
گۆڕان وەک هێزێکی نیشتیمانی
گۆڕان هەر لەسەرەتای دروستبونیەوە رایگەیاند: کە هێزێکی نیشتیمانی دەبێت بەکردەوەش ئەوەی سەلماندوە کە رێگەی بەخۆی نەداوە بکەوێتە ژێر بارو داوای هیچ هێزێکی بێگانەو دەرەکییەوە، چونکە زۆر بون ئەو هێزانەی لەماوەی رابردودا بانگەشەی نیشتیمانی بون و خەمی نیشتیمانیان کردبوە بەشێک لە گوتارو قسەی بێکردار، بەڵام کەمن ئەو هێزانەی هەوڵی بێ وچانیان داوە بۆ چەسپاندنی بەنیشتیمانیی کردنی پرس و بابەتە نیشتیمانییەکان و جیاکردنەوەی لە پرسە حیزبییەکان و دورخستنەوەی لە بەرژەوەندییە حزبییەکان.
لە پرۆگرامی سیاسی بزوتنهوهی گۆڕان زیاتر لە دەیانجار وشەی "نیشتیمان" و "نیشتیمانی بون" بە مەبەست و ئاماژەی جیاواز بەکارهاتوە، وەکو؛ بهنیشتیمانی کردنی پرۆسهی دروستکردنی بڕیار، بهنیشتیمانی کردن و بهدهزگایی کردنی پهیوهندیی نێوان ههرێم و حکومەتی فیدراڵ، بهنیشتیمانی کردنی دامودهزگا سهربازی و ئهمنییهکان، عهقیدهی نیشتیمانی، سامانی نیشتیمانی، پلانی نیشتیمانی، ئایندهی نیشتیمان، داهاتی نیشتیمانی، پرۆژه نیشتیمانییەکان، قەوارەی نیشتیمانی، دامهزراندنی دهستهی نیشتیمانی، سندوقی نیشتیمانی، هەڵمەتی نیشتیمانی، پرۆژهی نیشتیمانی، بودجهی نیشتیمانی، بهرژهوهندی نیشتیمانی، دروشمی نیشتیمانی، دامهزراوەی نیشتیمانی، بەنیشتیمانی کردنی ئاسایش، ناوبانگی نیشتیمانی، سازانی نیشتیمانی، ئامانجی نیشتیمانی، پەیمانی نیشتیمانی، كۆدەنگی نیشتیمانی، ئیدارەی نیشتیمانی، سوپای نیشتیمانی، ئاسایشی نیشتیمانی، دادگای نیشتیمانی، میدیای نیشتیمانی، زانكۆی نیشتیمانی، بەنیشتیمانی کردنی دەسەڵاتەکانی حکومەت و پەرلەمان و دادوەری، بەنیشتیمانی کردنی هێزە چەكدارەكان، بەها نیشتیمانییەكان، رهههندی نیشتیمانی، بە نیشتیمانی کردنی دامەزراوە نیشتیمانییەکان و ئایندهی نیشتمان... هەتا دوایی.
ئەم پێگە تایبەتەی نیشتیمان و نیشتیمانی بون لای بزوتنەوەی گۆڕان و جەختکردنەوەی لە بەرنامە سیاسییەکەیدا بەڵگەی ئەوەیە، هەر لەسەرەتاوە ئەم بزوتنەوەیە پێناسە و چواچێوەیەکی تایبەتی هەبوە و هەیە بۆ نیشتیمان، بێگومان لە چەندین وێستگەی گرنگیشدا لەسەر ئاستی کردار ئەم دیدە رەنگی داوەتەوە، لەهەر گۆشەیەکدا بوار هەبوبێت هەوڵی چەسپاندنی بەرنامە سیاسییەکەی خۆی داوە، لەنێویشیاندا بە نیشتیمانی کردنی پرس و بابەتە نیشتیمانییەکان.
بزوتنەوەی گۆڕان لەزۆر روەوە لە هێزەکانی دیکەی هەرێم جیاوازە، بەڵام لەسۆنگەی باوەڕبون بە بازدان بەسەر ئەو بابەتانەی کە پێویستە نیشتیمانی بن حیزب خۆی لێ بەدور بگرێت، ئێمە لێرەدا دو نمونە دەهێنینەوە:
یەکەم: مەدەنییەت: بزوتنەوەی گۆڕان هەر لەسەرەتاوە نیەتی ئەوەی هێناوە بزوتنەوەیەکی مەدەنی بێ چەک بێت، ئەم تایبەتمەندییە بزوتنەوەی گۆڕان جیا دەکاتەوە لە هێزەکانی دیکە، بەتایبەتیش پارتی و یەکێتی، لەهێزەکانی دیکەش بەوە جیادەکرێتەوە، کە ئەم بزوتنەوەیە هەر لەسەرەتاوە دەیتوانی هێزێکی چەکداربێت، تەنانەت ئەو کەسایەتیانەی کە چەکداریش بون پێش دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان بون بە کەسی مەدەنی.
دوەم: پەیوەندی دەرەوە: یەکێکی دیکە لەو پرسانەی بزوتنەوەی گۆڕان هەر لەسەرەتاوە باوەڕی وابوە بە جێبهێڵرێت بۆ دام ودەزگا و دامەرزاوە نیشتیمانییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەویش رێکخستنی پەیوەندییە دەرەکییەکانە، پێوابوە کە پێویست ناکات حیزب و دامەزراوە نیشتیمانییەکان پەیوەندی دەرەکییان هەبێت و نوسیگە و ئۆفیس لە وڵاتانی دەرەوە بکەنەوە، چونکە دەرگا دەکاتەوە لەسەر پێشخستنی بەرژەوەندی حیزبی لەسەر حسابی بەرژەوەندی نیشتیمانی.
بزوتنەوەی گوڕان و ئازادییەکان
زۆربون ئەو کەس لایەنانەی لە هەرێمی کوردستان قەتیس مابون لەژێر حوکمی پارتی و یەکێتیدا، زۆرێک لە ئازادییەکان بەرتەسک کرابونەوەو بەشی هەرە زۆری ئازادییەکانیش لە خەڵکی ئەم نیشتمانە زەوتکرابون، ئیدی هەر لە ئازادی رادەربڕین و ئازادی رەخنە و ئازادی بیرکردنەوە و ئازادی سیاسی و تەنانەت ئازادی ئاینییش بۆ هەندێ کەسی کەوتبوە بەر هەڕەشەی ئەو هێزانەی هەرێمی کوردستان.
ئەوە بزوتنەوەی گۆڕان بو ئەو بەربەستانەی هەمو لەرزان و تێکیشکاندن بە قازانجی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئێستا بەشێک لە هێزەکانی دیکەش سودمەند بونە لەم دەستکەوتە گەورە و پڕ بایەخە کە تا لێمان وەرنەگیرێتەوە بەهاکەی بۆ هەندێ کەس و لایەن بەدیار ناکەوێت.
ئەوە دامەزراوە میدییاییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بو دۆخی هەرێمی کوردستانی لە قۆناغێکی پڕ مەترسیی و چەپاندنەوە گواستەوە بۆ قۆناغکی پڕ لە چالاکی مەدەنی و سیاسی دروستکردنی گەلێکی وشیار بەرامبەر ماف و ئازادییەکانی خۆی، زەنگی دا بەگوێ ئەو هێزە دەسەڵاتدارانەی کە ملهوڕانە کوردستانیای بەرەو تاریکی زوڵم و ستەم ناعەدالەتی پاڵدەنا، بزوتنەوەی گۆرانیش بە پاڵپشتی دەنگدەرەکانی رێی لێگرتن پێی گوتن نا.
هەمو ئەمانەو کۆمەڵێک تایبەتمەندی دیکەبون کە بزوتەوەی گۆڕان دایهێناو ئەستەمە هێزی دیکە تێی پەڕێنێت، چونکە بوارێکی ئەوتۆی نەهێشتوەتەوە کە لایەنی دیکە داهێنانی تێدا بکەن، مەگەر تەنها دوای بکەون و بەشوێن هەنگاوەکانیدا پێ هەڵبگرن.
نوسینی: هەڵمەت محەمەد شوکر