Print WWW.GORRAN.NET
 دەقی رونكردنه‌وه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌باره‌ی‌ روداوی‌ ده‌ستگیركردنی‌ ژماره‌یه‌ك هه‌ڵسوڕاوه‌وه‌
5/3/2014 5:37:42 PM

رونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌وه‌

شه‌وی‌ هه‌ینی 2-5-2014 له‌ نزیك (ئه‌لبیسه‌كه‌)ی‌ سلێمانی‌  چه‌ند هه‌ڵسوڕاوێكی‌ گۆڕان كه‌ چاودێری‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بون و به‌مه‌به‌ستی‌ چاودێریكردن و پاراستنی‌ ده‌نگی‌ ده‌نگده‌ران له‌ته‌زویرو ساخته‌كاری‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ یاساو رێنماییه‌كانی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵا سه‌رقاڵی‌ چاودێری‌ كردنی‌ پرۆسه‌كه‌ بون. به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزێكی‌ میلیشیاوه‌ به‌بێ‌ فه‌رمانی‌ دادوه‌ر په‌لاماری‌ هه‌ڵسوڕاوانی‌ گۆڕان ده‌ده‌ن‌ و زۆر نامرۆییانه‌ ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌درێن، دواتر له‌ ژێر فشارو زۆر لێكردندا ناچار به‌ دانپێدانانێكی‌ نایاسایی‌ و دور له‌ هه‌مو پێودانگێكی‌ مرۆیی‌ و یاسایی‌ كران. میدیاكانی‌ یه‌كێتیش وه‌ك هێزه‌ میلیشیاكه‌ی‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ روداوه‌كه‌ كرد.


ئێمه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ به‌ توندی‌ ئیدانه‌ی‌ ئه‌و پێشێلكاری و بێ‌ حورمه‌تیه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ به‌ئه‌ندامان و هه‌ڵسوڕاوانمان كراوه‌، هه‌مو لایه‌ك و رای‌ گشتیش له‌ پیلانێكی‌ ترسناكی‌ یه‌كێتی‌ دژ به‌ئیراده‌ی‌ ده‌نگده‌ران ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ دوباره‌كردنه‌وه‌ی‌ سیناریۆكانی‌ روداوی‌ ئه‌لبیسه‌كه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ (21/9) كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ دژه‌ تیرۆره‌وه‌ هه‌وڵی‌ ته‌زویرو ساخته‌كاری‌ دراو دواتر له‌لایه‌ن چاودێره‌كانی‌ گۆڕانه‌وه‌ رێگریان لێكرا.

ئێستاو دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ (30/4)ده‌ریخست كه‌ گۆڕان له‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ له‌ پێشه‌نگداییه‌و براوه‌ی‌ بێ‌ ركابه‌ره‌و زیاتر له‌ (95) هه‌زار ده‌نگی‌ له‌ یه‌كێتی‌ زیاتره‌. هه‌ربۆیه‌ یه‌كێتی‌ په‌شۆكاوه‌و سه‌رباری‌ ساخته‌كارییه‌ به‌رچاوه‌كانی‌ نه‌یتوانی‌ ده‌نگی‌ پێویست بهێنێ‌. ئێستا ده‌ستی‌ داوه‌ته‌ دروستكردنی‌ سیناریۆی‌ بێ‌ بنه‌ما بۆ نانه‌وه‌ی‌ ئاژاوه‌و پشێوی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ تاریكیدا پرۆسه‌ی‌ ته‌زویرو ساخته‌كاریه‌كانی‌ جێبه‌جێبكات .

بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان دوپاتی‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌هۆی‌ بێ‌ لایه‌ن نه‌بونی‌ به‌رێوه‌به‌ری‌ كۆمسیۆنی‌ سلێمانی‌ و هه‌ندێ‌ له‌به‌رپرسانی‌ هێزه‌كانی‌ ئاسایش و دژه‌ تیرۆر ناچاره‌ خۆی‌ به‌رگری‌ له‌ ده‌نگی‌ ده‌نگده‌ره‌كانی‌ بكات. تا دوا سنور داكۆكی‌ له‌ده‌نگه‌ پاك و بێ‌ غه‌شه‌كانی‌ ده‌كات. هاوكات به‌توندی‌ پرۆتستۆی‌ ئه‌و كاره‌ دژه‌ مرۆییانه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ سوات و دژه‌ تیرۆر ده‌كه‌ین. سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ی‌ به‌شداری‌ ئه‌و تاوانه‌ بون ناوه‌كانیان لای‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان تۆماره‌و روبه‌ڕوی‌ یاساو دادگا ده‌كرێنه‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی‌ له‌شاره‌كانی‌ كۆیه‌و چه‌ند شوێنی‌ تر، هه‌مان ئه‌و هێزانه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ په‌لاماری‌ ده‌نگده‌رانیان داوه‌و سوكایه‌تییان به‌ده‌یان كه‌سایه‌تی‌ ئه‌و شوێنانه‌كردوه‌، له‌دوای‌ كۆتاییهاتنی‌ ئه‌نجامه‌كان، كۆی‌ ئه‌نجامده‌رانی‌ هه‌مو ئه‌و كارانه‌ روبه‌روی‌ دادگا ده‌كه‌ینه‌وه‌ .

ئێوه‌ش جه‌ماوه‌ری‌ سه‌ربه‌رزی‌ كوردستان. ده‌نگده‌رانی‌ وره‌ به‌رزی‌ گۆڕان. دڵنیا بن له‌ یه‌ك ده‌نگی‌ ئێوه‌ خۆش نابین و پاریزگارییان لێ‌ ده‌كه‌ین. ئۆباڵی‌ هه‌ر پێشهات و روداوێك ده‌خه‌ینه‌ ئه‌ستۆی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان و هێزی‌ دژه‌ تیرۆره‌كه‌ی‌ كه‌كارێكی‌ وایانكردوه‌ هاوڵاتیان متمانه‌یان به‌ده‌زگا ئه‌منییه‌كان لاوازبوه‌، چونكه‌ كراونه‌ته‌ حزبی‌ و به‌رگری‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ حزب و گروپێك ده‌كه‌ن. هاوكات سه‌رله‌به‌ری‌ ئه‌و تۆمه‌تانه‌ ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌بۆ هه‌ڵسوڕاوانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان دروستكراون و هه‌ندێكیان به‌هۆی‌ ئه‌شكه‌نجه‌دانی‌ زۆره‌وه‌ له‌شه‌وی‌ رابردوه‌وه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ی‌ فریاكه‌وتن. له‌ژێر چاودێری‌ وردی‌ پزیشكیدان.

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان
3/5/2014