پاشنیوه‌ڕۆی رۆژی شه‌ممه 12/4/2014، وه‌فدێك به نوێنه‌رایه‌تی گه‌نجانی پارتی ئاشتی و دیموكراسی (به‌ده‌په) سه‌ردانی مه‌كۆی سه‌ره‌كی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیان كرد له شاری سلێمانی و له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری گه‌نجانی گۆڕان كۆبوهنهوه.
له‌دیدارێكدا نوێنه‌رانی گه‌نجانی گۆڕان پیرۆزباییان له وه‌فدی گه‌نجانی به‌ده‌په كرد به بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنیان له هه‌ڵبژاردنه ناوخۆییه‌كانی توركیا و ئومێدیشیان خواست سه‌ركه‌وتنی زیاتر به‌ده‌ست بهێنن له‌پێناو گه‌یاندنی خزمه‌تی زیاتر به دۆزی ره‌وای كورد له توركیا.
ئامانجی سه‌ردانی وه‌فدی گه‌نجانی به‌ده‌په، پرسی به‌ستنی كۆنفرانسی چواره‌می نه‌ته‌وه‌یی گه‌نجانی كورد و زه‌مینه‌سازی رێكخستنی كۆنفرانسی نه‌ته‌وه‌یی كورد بو به‌به‌شداری سه‌رجه‌م حیزب و پارته كوردییه‌كان له هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستاندا، هاوكاتیش وه‌فدی گه‌نجانی به‌ده‌په رۆڵی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیان به‌رز نرخان له پشتگیری پرسی كورد له پارچه‌كانی تری كوردستان و ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموكراتی له باكور و رۆژئاوای كوردستان.
له به‌رامبه‌ردا، گه‌نجانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ستراتیژی سیاسی بزوتنه‌وه‌كه‌یان بۆ وه‌فدی میوان رونكرده‌وه و جه‌ختیان له‌وه كرده‌وه كه هاوكاری سه‌رخستنی هه‌ر كۆبونه‌وه و كۆنفرانسێك ده‌كه‌ن كه له ئه‌نجامیدا جۆرێك له هه‌ماهه‌نگی و كاركردنی نه‌ته‌وه‌یی گه‌نجان و یه‌كگوتاری كوردی لێ به‌هه‌م بێت.
له كۆتایی دیداره‌كه‌دا هه‌ردولا كۆك بون له‌سه‌ر دانانی میكانیزمێك تا نوێنه‌رایه‌تی هه‌مو گه‌نجان و لاوانی پارته سیاسییه‌كان به‌شداری چواره‌مین كۆنفرانس بكه‌ن و روانگه‌ی گه‌نجان بۆ پرسی كورد له‌م قۆناغه‌دا بخه‌نه‌ڕو.