Print WWW.GORRAN.NET
 راگەیاندراوێک لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە
7/15/2018 5:01:23 AM
راگەیەندراوێک لە بزوتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ناوەڕاست و باشوری عیراق 
‎سەرەڕای هەموو قەیرانە سیاسی و ئەمنی و یاساییەکان ، ئەمڕۆ گەلانی عێراق بەدەست نەبونی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن هەر لە نەبونی ئاو و کارەبا و خراپی دۆخی تەندروستی تا دەگاتە  هەژاری و بێکاری وداڕمانی ژێرخانی ئابوری، ئەمەش لە لایەک دەرئەنجامی تەشەنە کردنی گەندەڵیە، لە کۆی جومگەکانی حکومڕانییدا، لە لایەکی ترەوە نەبونی ئیرادەو خەمێکی نیشتیمانیە بۆ چارەسەرکردنیان، کە تەنها هاوڵاتیان باجەکەی دەدەن.ئەمڕۆ خەڵکی عێراق لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ناوەڕاست و باشوور لە بەغداد و نەجەف و کەربەلا و بەسرە خۆپیشاندان و ناڕەزایی ئەنجام دەدەن و داوای مافەسەرەتاییەکانی خۆیان دەکەن.
‎ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان وەک چۆن بەردەوام لە بەرەی خەڵکدا بووین، پشتگیری تەواوی خۆپیشاندانی مەدەنیانە و ئاشتییانەی هاوڵاتیان دەکەین و داواکارین حکومەتبەزوترین کات بەدەنگ داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانەوە بچێت و کار بۆ دابینکردنیان بکات و گەندەڵکاران و بەرپرسە کەم تەرخەمەکان بەسزا بگەیەنێت.
 لە هەمان کاتدا بەتوندی ئیدانەی هەر هەڵسوکەوتێکی ناشارستانی دەکەین کە زیان بە بەرژەوەندی گشتی و موڵکی دەوڵەت بگەێنێ، شکاندن و تاڵانکردن وسوتاندنی موڵکی گشتی و موڵکی تایبەتی هاوڵاتیان و لایەنە سیاسیەکان ، جگە لەوەی کەلتورێکی ناشرینە، ئەویش شێوازێکی تری گەندەڵییە.
‎هەروەها بزوتنەوەی گۆڕان داوادەکات هەموو لایەنە سیاسیەکان و حکومەتی عێراق پابەند بن بە بڕیارەکانی ئەنجومەنی نوینەران و دادگای فیدڕالی سەبارەت بە بژاردنەوەی تەواوی دەنگەکان و هەڵوەشاندنەوەی ساختەکارییەکان لە سەرجەم پارێزگاکان، لە پێناو ڕێزگرتن لە دەنگی ڕاستەقینەی خەڵک و گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ دەستور و یاسا کارپێکراوەکان، پێمانوایە جێبەجێ نەکردنی ئەو بڕیارانە كێشەكان ئاڵۆزتر دەكات و قەیرانەكانیش قوڵتردەكاتەوە.
‎بزوتنەوەی گۆڕان
١٤/٧/٢٠١٨