Print WWW.GORRAN.NET
 پەیامێک لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە
3/22/2018 6:33:09 PM
بزوتنەوەی گۆران، لە جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردیدا پەیامێک ئاراستەی خەڵکی کوردستان دەکات و رایدەگەیەنێت: بەداخەوە ئەم نەورۆزە؛ بۆ گەلی کورد پڕە لە ئاڵنگاریی و مەترسی، بەشێوەیەک کوردستان دەرگیری دەیان و بگرە سەدان كێشەیە، دەوڵەتە شكستخواردوەكانی ناوچەكە كوردیان خستوەتە بەردەم شەڕێكی نەخوازراو.

بزوتنەوەی گۆڕان لە پەیامەکەیەدا؛ جه‌ژنی نه‌ورۆز لە گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە پیرۆز دەكات و هیواخوازە ئەم بۆنە نەتەوەییە ببێتە مایەی خێرو خۆشی و بەرقەراربونی ئاشتی و کۆتایی پێهێنانی کێشەو گرفتەکان.

بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت: بەداخەوە ئەم نەورۆزە؛ بۆ گەلی کورد پڕە لە ئاڵنگاریی و مەترسی، بەشێوەیەک کوردستان دەرگیری دەیان و بگرە سەدان كێشەیە، دەوڵەتە شكستخواردوەكانی ناوچەكە كوردیان خستوەتە بەردەم شەڕێكی نەخوازراو و داگیركردنی عەفرین و ئاوارەكردنی سەدان هەزار هاوڵاتی سیڤیلی بێوەی، یەكێك لەو دەیان دیمەنە جەرگبڕانەی كە کوردانی ناچارکردوە لە جەژنی نەورۆزدا ماتەم بگێڕن و دڵتەنگ بن.

لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتوە؛ مێژوی کورد پڕە لەم جۆرە هەوراز و نشێوانە، ئەگەر کورد جارێک و تەنانەت بۆ ماوەیەکی درێژیش توشی نوشوستییەک بوبێت؛ کاتیی بوە و هێندەی نەبردوە زیندوتر و بەهێزتر هاتوەتەوە مەیدان، زۆرجاریش رێککەوتوە کە سەرهەڵدانەوەکان هاوکاتی جەژنی نەورۆز بون، ئەمەش بە تەواوەتی لەگەڵ ناو و ناوەڕۆکی جەژنەکەدا یەکانگیر بوەتەوە.

بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەکردوە؛ لەسەر ئاستی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانیش بەهۆی سیاسەتی شكستخواردوی دەسەڵاتدارانەوە، هاونیشتیمانیان روبەڕوی ناخۆشترین دۆخی ئابوریی کردوەتەوە و بێکاریی و بێ موچەیەیی بەرۆکی گرتون، ئێستاش کە حکومەتی فیدراڵ بودجەی ناردوە، پێویستە حکومەت موچەی تەواوی فەرمانبەران بدات و هیچ پاساوێكیش نەماوە بۆ پاشەکەوتکردنی.

بزوتنەوەی گۆڕان لەو بۆنە نیشتیمانی و نەتەوەییەدا جارێکی دیکە، پشتیوانی تەواوی داوا رەواکانی کارمەندانی پەروەردە و  تەندروستیی و تەواوی فەرمانبەران دەکات و جەخت دەکاتەوە کە؛ پێویستە داهاتی ناوخۆ و فرۆشتنی نەوت و رێککەوتنی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ و هەمو گرێبەستەکان ئاشکرا بکرێن.

بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئەوەی خستوەتەڕو کە؛ نەورۆز رۆژی دەستپێك و ئومێدە، بزوتنەوەی گۆڕانیش هێزێكی پڕ لە ئومێد و هیوایە، سەرباری هەمو مەترسیی و کێشە و تاریكییەكان، هیوای نەورۆزێكی پڕ لە جۆش و خرۆش و سەرکەوتن بۆ هەموان دەخوازین.