بزوتنەوەی گۆڕان لە یادی (27)ەمین ساڵڕۆژی راپەرینی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا رایدەگەیەنێت، خۆیان بە تەواوکاری هەوڵەکانی شۆڕشگێڕانی راپەڕین لەسەرو هەموشیانەوە رەوانشاد نەوشیروان مستەفا دەزانین لە داڕشتنی بناغەکانی دەولەتی هاوڵاتی و دامەزراوەییبون.
لە راگەیەندراوەکەی گۆڕاندا هاتوە: لە یادی راپەڕیندا دیسانەوە دوپاتی دەكەینەوە هەر لەسەر شاڕێی چاكسازی و عەدالەت و گۆڕانخوازی بەردەوام دەبین، رۆحی هەمیشە زیندوی ئەندازیاری راپەڕین و هەمو شۆڕشگێڕە قارەمان و دڵسۆزەكان و كەسوكاری شەهیدان دەكەینە هەوێنی بەردەوامبون لەسەر رێگای بەئاكام گەیاندنی داخوازی و ویست و خەونەكانی راپەڕینی مەزنی گەلەكەمان.
دەقی راگەیەندراوەکە:
لەیادی راپەڕیندا، ئامانجەكانی بەردەوامە
پێش (27) ساڵ، خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان دژ بەستەم و داگیركاری و نادادی و سیاسەتە دیكتاتۆرییەكانی بەعس لە سەرتاسەری كوردستان بەئیرادەیەكی یەكگرتوەوە هاتنە مەیدان و بۆ یەكجاری كۆتاییان بەحكومی داگیركاریی بەعس هێنا لە هەرێمی كوردستان.
شۆڕشگێڕانی راپەڕین لەسەروشیانەوە رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، هەر لەیەكەم ساتەوەختی راپەڕین و دوای كۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی بەعس، سەرقاڵی داڕشتنی بناغەكانی دەوڵەتی هاوڵاتی و دامەزراوەیی بون، هەنگاوی یەكەم هەوڵیاندا كەسە حیزبیەكان بە تەنها وڵات بەڕێوە نەبەن، بەڵكو كەسانی شارەزاو تەكنۆكرات بەشداری پێبكرێت بۆ بەگەڕخستنی دامودەزگاكان و دواتریش ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دامەزراندنی حكومەتێكی بەرپرس كە لەئاستی داخوازی و چاوەڕوانی خەڵكدا بێت، هەروەك چۆن هەوڵدرا حكومەت و حیزب لەیەك جیابكرێتەوە و سەركردەكان ببنە بەشێك لەدامەزراوەكان، نەك لەدەرەوەی ئەو دەزگایانە خۆیان و مەكتەب سیاسیەكانیان خاوەنی دەسەڵات بن. بەداخەوە ئەم هەنگاوە گرنگانە هەر لەسەرەتاوە شكستیان پێهێنرا ئەمانەش هۆكارێك بون بۆ نەهامەتیەكانی دوای راپەڕین، هەرلەشەڕی ناوخۆی ماڵوێرانكەرەوە تا داڕوخانی ژێرخانی ئابوری و بڵاوبونەوەی گەندەڵی و زاڵبونی مەحسوبیەت و مەنسوبیەت لەكوردستاندا.
ئێمە لەبزوتنەوەی گۆڕان خۆمان بە تەواوكاری هەمو ئەو هەوڵە دڵسۆزانە و خەمخۆرانەیە دەزانین و زادەی ئەو خەباتەین لە پێناو دروستكردنی دەوڵەتی هاوڵاتی و خۆشگوزەرانی و دامەزراوەكان. بۆیە لەم یادەدا دیسانەوە دوپاتی دەكەینەوە هەر لەسەر شاڕێی چاكسازی و عەدالەت و گۆڕانخوازی بەردەوام دەبین، رۆحی هەمیشە زیندوی ئەندازیاری راپەڕین و هەمو شۆڕشگێڕە قارەمان و دڵسۆزەكان و كەسوكاری شەهیدان دەكەینە هەوێنی بەردەوامبون لەسەر رێگای بەئاكام گەیاندنی داخوازی و ویست و خەونەكانی راپەڕینی مەزنی گەلەكەمان.
بزوتنەوەی گۆڕان
5/3/2018