Print WWW.GORRAN.NET
 لەسەر داوای فراکسیۆنی گۆڕان بەزۆر ناردنەوەی پەنابەران رادەگیرێت
4/5/2018 2:39:35 AM
لەسەر داوای فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەران، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ژمارەیەک رێنمایی بۆ رێگرتن لەبەزۆر ناردنەوەی پەنابەران دەردەکات.

 

ئەمین بەکر، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان و ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  راگەیاند؛ وەزارەتی دەرەوەیان ئاگادارکردوەتەوە لەوەی کە لەبەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا بەزۆر پەنابەران رەوانەی عێراق دەکەنەوە، بۆیە داوایان کردوە رێگریی لەو کارانە بکرێت.

 

وتیشی :"لەهەندێک لە وڵاتانی ئەوروپا رێکخراوەکانی تایبەت بەهاوکاریی پەنابەران لەگەڵ دەزگا ئەمنیەکانی ئەو وڵاتانە تێوەگلاون لەکارێکی نایاسایی و نامرۆڤانە بۆ بە زۆر ناردنەوەی پەنابەران، بەجۆرێک لەڕێگەی رێکخراوەکانەوە داوا لەباڵوێزخانە و کونسڵخانەکانی عێراق لەو وڵاتانە دەکرێت کە گوایە پەنابەران دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ عێراق و داوای پاسپۆرتی تێپەڕبونیان بۆ دەکەن، لەکاتێکدا ئەو پەنابەرە لای دەزگا ئەمنیەکان گیراوە یان دەست بەسەرە و ئاگادارنییە".

 

رونی کردەوە؛ لەسەر داوای ئێمە وەزارەتی دەرەوە رێنماییەکی بۆ هەمو باڵوێزخانەکانی عێراق لەوڵاتانی دەرەوە دەرکردوە و داوای کردوە پاسپۆرتی تێپەڕبون بۆ هیچ عێراقییەک نەکەن تا خۆی لەبەردەم باڵوێزخانە و کونسڵخانەکان ئامادە نەبێت.