لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، دەستلەکارکێشانەوەی پارێزگار و سەرۆک و جێگری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پەسەند کران و پارێزگار و جێگر و سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هەڵبژێردران.
لەکۆبونەوەکەدا کە بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەلایەن کەناڵەکانی راگەیاندنەوە پەخشکرا، دەست لەکارکێشانەوەی د.ئاسۆ فەرەیدون وەک پارێزگاری سلێمانی و دەستلەکارکێشانەوەی د.هەڤاڵ ئەبوبەکر لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە (23) دەنگ و بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی متمانەیان پێبەخشرا.
هەر لە کۆبونەوەکەدا د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، وەک پارێزگاری نوێی سلێمانی و ئازاد محەمەد ئەمین، وەک سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پەسەند کران.
هەر لە کۆبونەوەکەدا ئەنوەر تاهیر لە پشکی بزوتنەوەی گۆڕان، لە شوێنی ئەکرەم شەریف لە پشکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، وەک جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە زۆرینەی دەنگ و بە (24) دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا متمانی پێبەخشرا.
دوای دەستبەکاربونی پارێزگار و سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ هەفتەی داهاتو دواخرا.