Print WWW.GORRAN.NET
 لیستى گۆڕان: دەبێت پاڵاوگە گەورەکانى نەوت رادەستى حکومەت بکرێنەوە
9/15/2018 8:02:55 PM
لیستى گۆڕان لە خولى نوێى پەرلەمانى کوردستاندا کار بۆئەوە دەکات لەرێگەى پەرلەمانەوە خاوەندارێتی هەردو پاڵاوگەی (بازیان ‌و کەڵەک) بدرێتەوە بە حکومەتی هەرێم و گرێبەستەکانی فرۆشتنی نەوت و غاز بخرێنە بەردەست دیوانی چاودێری دارایی.

لیستى گۆڕان (148)ى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ پەرلەمانى کوردستان بەرنامەیەکى تۆکمەى داڕشتوە بۆ درێژەدان بە خەبات لەپێناو بەرژوەندى گشتى و شەفافیەت لە داهات و سودوەرگرتنى گشتى لە سامانى سروشتى لەو چوارچێوەیەشدا تەوەرى دوەمى بەرنامەى داهاتوى چوارساڵى تەرخانکردوە بۆ چۆنیەتى ممامەڵەکردن لەگەڵ سامانە سروشتیەکانى هەرێم و دەرهێنانى لەدەستى حیزب و قۆرخکارى.

هەروەک کار دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەمو ئەو گرێبەستانەی تایبەتن بە پاراستنی کێلگە نەوتییەکان لە لایەن کۆمپانیای بەپرسە حیزبیەکان و پاراستنی ئەم ئەرکە بە پۆلیسی نەوت و غاز.
ته‌وه‌ری دوەم
یەکەم؛ ئامانجە ئابورییەکان
- لەسەر ئاستی سامانی سروشتی
1. مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ سامانی سروشتی، سەرزەوی و ژێرزەوی، وه‌ک موڵكی هەمو هاوڵاتیانی كوردستان بەبێ‌ جیاوازی. وەک لە ماددەی (١١١)ی دەستوری عێراقدا هاتوە.
2. کاراکردنی رۆڵی چاودێری و لێپرسینەوەی په‌رله‌مان له‌ سیاسه‌تی نه‌وت و گاز و سامانی سروشتی، له‌ چاودێر‌یکردنی ناوه‌رۆکی گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌کان به‌ر له‌ ئیمزاکردنیان له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌. هاوکات پێویستە هەر گرێبەستێکی نەوت بەبێ ڕەزامەندی پەرلەمان واژۆ نەکرێت.
3. دروستکردنی "سندوقی کوردستان بۆ داهاتە نەوتی ‌و غازییەکان"، به‌ مه‌به‌ستی گێڕانەوە و پاشه‌که‌وتکردنی بڕێک له‌ داهاتی سامانی سروشتی (نەوت، گاز، كانزا‌ و كانی ئاسن‌ و... هتد) بۆ نه‌وه‌کانی داهاتو، بۆ ئەو ناوچانەی خاوەن ئەو سامانەن، یان بەکارهێنانی لە کاتی قەیرانی ئابوری و گەمارۆدا.
4. نەوت و سامانی سروشتی وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی داهات لە هەرێمی کوردستاندا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، نەک وەک تاکە سەرچاوەی داهات. ئەوەش لە پێناو دورکەوتنەوە لە دیاردەی (دەوڵەتی رەیعی: دەوڵەتی کرێخۆر)، خستنەگەڕی بەشێک لە داهاتی نەوت و سامانە سروشتییەکانی دیکە لە بوژاندنەوەی کەرتەکانی دیکەی وەک (کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری)، تا هەمو کەرتەکان پێکەوە ببنە سەرچاوەی داهاتی گشتی لە هەرێمی کوردستاندا.
5. دانانی نه‌خشه‌یه‌کی گشتگیرو پلانی جێگرەوە بۆ پاراستن و به‌کارهێنانی کانزاکان و سامانی سروشتی جگه‌ له‌ نه‌وت و گاز.
6. هەموارکردنەوەی یاسای ژمارە (٢٢)ی ساڵی (٢٠٠٧)ی نەوت و غاز و پێکهێنانی هەمو ئەو کۆمپانیانەی لەو یاسایەدا ناویان هاتوە. لەگەڵ هەموارکردنەوەی یاسای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان.
7. لە ماوەی یەک مانگدا، خاوەندارێتی هەردو پاڵاوگەی (بازیان ‌و کەڵەک) بدرێتەوە بە حکومەتی هەرێم. هاوکات، مافی ئەو کۆمپانیا ناحیزبییانەی ڕۆڵیان هەبوە لە پێشخستنی پاڵاوگەکاندا، پارێزراو بێ. تا گۆڕینی موڵکدارێتی پێویستە نرخی پاڵاوتنی بەرمیلێک نەوتی خاو بە رێژەی سەروی (٥٠%) دابەزێنرێ.
8. پێویستە گرێبەستەکانی فرۆشتنی نەوت و غاز بخرێنە بەردەست دیوانی چاودێری دارایی و لە لایەن كۆمپانیایەكی پسپۆڕی جیهانییەوە وردبینی بکرێن و دەرگا واڵا بکرێت بۆ رێكخراوە جیهانییەکانی بواری شەفافیەتی نەوت. دواتر نرخی فرۆشتن، تێچونی گواستنەوە و خەزن، داشكاندن بەهۆی كوالێتی و داشكاندن بەهۆی نەبونی سەروەری وەك دەوڵەت، رونبێتەوە.
9. دەزگای چاودێری دارایی لێكۆڵینەوە لە كۆی داهاتی نەوت و گازی سروشتی و داهاتی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كانی‌ ناوخۆ بکات لەماوەی چەند ساڵی رابردودا، لە بڕی بەرهەمهاتو، تا نرخی فرۆشتن و داشكاندنەكان و پارەی بەدەستهاتو لەگەڵ چۆنێتی بەكارهێنانی پارەكەی.
10. هەموارکردنەوەی گرێبەستەکانی نێوان حكومه‌ت و كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی کارەبا.
11. رێکخستنه‌وه‌ی کەرتی به‌کارهێنانی کاره‌با، به‌کۆنترۆلکردنی زیاده‌ڕە‌وی و سه‌رپێچی و به‌فیرۆدان، بێ چاوپۆشی لە ماڵ و پڕۆژە و باخ و دامەزراوەی حیزبەکان. وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزی کاره‌بای کۆمپانیا و کارگه‌کانی بازرگانی و پیشه‌سازی و لێپرسینه‌وه‌ و لێپێچینه‌وه ‌له‌و لێخۆشبونانه‌ی لەماوەی ‌رابردودا کراون.
12. پێداچونه‌وه ‌و زیادکردنی کرێی کاره‌بای کۆشک و ڤێلا گه‌شتیارییه‌کان و باخ و شوێنی حەوانەوە و جیاکردنه‌وه‌یان لە ڕوی کرێوە له ‌که‌رتی نیشته‌جێ بون.
13. بایەخدان بە دروستکردنی پیشەساز‌ی نەوت بە شێوەی ستونی و دەسەڵاتی دروستكردنی كارگەی مۆدێرن، بە تایبەت كارگەی پترۆكیمیاوییەكان، بدرێت بە حکومەتە خۆجێییەکان.
14. هەڵوەشاندنەوەی هەمو ئەو گرێبەستانەی تایبەتن بە پاراستنی کێلگە نەوتییەکان لە لایەن کۆمپانیای بەپرسە حیزبیەکان و پاراستنی ئەم ئەرکە بە پۆلیسی نەوت و غاز.
15. هەناردەکردنی نەوت و گازی هەرێم لە ڕێی دامەزراوە فیدراڵییە تایبەتمەندەکانی عێراق، بە بەشداری نوێنەری هەرێمی کوردستان بەپێی ماددەکانی (١١١) و (١١٢)ی دەستوری عێراق ، لە ژێر چاودێری پەرلەمانی کورستان و دامەزراوە چاودێریەکانی هەرێم و عێراق.