Print WWW.GORRAN.NET
 کەرنەڤاڵی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستی گۆڕان ژمارە (148)
9/15/2018 8:00:22 PM
 کەرنەڤاڵی هەڵمەتی بانگەشەی لیستی گۆڕان ژمارە (148) لە هۆڵی زەرگەتەی مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان دەستی پێکرد.

کەرنەڤاڵەکە بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستی پێکرد.

دواتر زمناکۆ جەلال، ئەندامی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان، وتارێکی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە ئەمڕۆ دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی خراپدایە و ئەوەش کاریگەری نەرێنی هەیە و ژیانی خەڵک پڕ لە قەیران کردوە، و دەستەیەک لە خەڵکی سیاسی مشەخۆر کە پابەندی هیچ پێوەر و یاسا و رێسایەک نابن و لەهیچ شتێک سڵ ناکەنەوە و مەسەلەی خەڵکیان بردوەتە تونێلی تاریکەوە و دەرفەتە گرنگەکانیان کردوەتە قوربانی میزاج و هەوەس و بەرژەوەندی کەسی و حیزبی و بنەماڵەییەکان.

 

ئاماژەی بەوەکرد؛ لە میژوی حوکمڕانی ئەم چینە دەسەڵاتدارەدا شکۆی دامەزراوەکانیان کردوەتە قوربانی عینادی خۆیان و پاڵپشتی نێودەوڵەتیان بردوەتە دۆخێکی پڕ کیشە و قەیران و شەڕی داعشیان نەکردە دەستکەوت بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەڵکو شەنگال و ئێزدییەکانیان دایە داعش و کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانیان تەسیلمی حەشدی شەعبی کرد و پێگەی حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیان پێ بایەخ کرد.

 

لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی گۆڕان ئاماژەی بەوەکرد؛ دوا سیناریۆی دەسەڵاتداران و چینی بەرژەوەندیخواز تەزویری دەنگەکان بو و تاکە ئامانجیشیان ئەوەبو خەڵک توشی نائومێدیی بکەن.
پەیامی ئاراستەی دەنگدەرانیش کرد بەوەی سەرباری نا عەدالەتی و خەمساریی و فەرهودی سامانی وڵات، ئەمڕۆ گۆڕان لە جاران زیاتر بە ئیرادە و بەرپرسایرێتی و بەرگریی لە مافەکانی خەڵک کرادەکات و پەیام و گوتاری دژی پلان و نەخشە و بەرنامەی ئەوانەیە کە روحی نیشتیمانپەروەریی لاواز دەکات و جیاوازیی دروست دەکات.

 

لە وتارەکەی لیژنەی باڵای هەڵبژاردندا، جەخت کراوەتە لەسەر ئەوەی کە گۆڕان خەبات دەکات بۆ چەسپاندنی چەمکی هاوڵاتی بون و ئامادەکردنی هاوڵاتی وەک کەسێکی ئازاد و خاوەن ماف و ئەرک و بە یاسایی کردنی دامەزراوە سیاسی و یاساییەکان، تا هاوڵاتیان بێجاوازیی ژیانی، شایستە بژین.

جەختی کردەوە کە هێز ومتمانەی دەنگدەران لە (30)ی ئەیلولدا بۆ لیستی (148) بۆ گۆڕینی هاوکێشەی سیاسی گرنگە و بزوتنەوەی گۆڕان دەنگی سەرجەم چین و توێژەکانە و سەرچاوەی هێزی گۆڕان دەنگی خەڵکی کوردستانە.

لیژنەی باڵا دوپاتی کردەوە کە؛ پرۆژەی شکۆداری نەوشیروان مستەفا بەردوەوامی پێدەدەن و سورترن لەسەر بەرنامە و کارنامەکان لەسەر بنەمای ژیاندۆستی و یەکتر قبوڵ کردن دور لە رەشبینی و نائومێدی و  بەدیهێنانی وڵاتی پڕ بەرهەم و ئاستی بەرزی گوزەران، ئەوەش پێویستی بە خەباتی مەدەین پەرلەمانییە، ئەوەش پشت بە دەنگ و متمانەی خەڵک دەبەستێت.

 

بزوتنەوەی گۆڕان داوای لەسەرجەم دەنگدەران دەکات هەموان بچنە سەر سندوقی دەنگدان و لەبەرامبەردا بەڵێن دەدات کە نیگەرانییەکانی خەڵک هەوێنەی بەرنامە و کارنامەی سیاسی گۆڕانە و سورە لەسەر جێبەجێ کردنیان بەهەمان روحیەتی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا لە جاران سورتر دەبین لەسەر پرۆژە مەزنەکە و چاکسازیی بنەڕەتی لە حوکمڕانیی.

 

لیژنەی باڵا داوای کرد کە دەنگدەرانی کوردستان دەنگ و متمانەی خۆیان ببەخشن بە لیستی گۆڕان ژمارە (148) و کاندیدەکانی.

 

دواتر سەرۆکی لیست و سەرجەم کاندیدانی لیستی (148)ی بزوتنەوەی گۆڕان ناسێنران.

 

لەبەردەوامیی کەرنەڤاڵەکەدا، عەلی حەمە ساڵح سەرۆکی لیستی (148)ی بزوتنەوەی گۆڕان وتەیەکی پێشکەش کرد و سڵاوی پڕ ئیرادە و هیوا و ئازادی بۆ هەمو هاوڵاتیانی کوردستان نارد و رایگەیاند: ئەم هەڵبژاردنە گرنگی گەورەی هەیە و نەخشەی ئایندەی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان دیاری دەکات و بەشداریی کردن خەڵک لەم هەڵبژاردنەدا بەرپرسیارێتیەکی نیشتیمانییە.

ئاماژەی بەوەکرد؛ بزوتنەوەی گۆڕان لەماوەی رابردودا لە پەرلەمانی کوردستان رێگریی کرد لە سەرۆکی هەتاهەتایی هەرێم و روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و بە تاڵان بردنی سامانی وڵات لە پای هەڵوێست و بەرنامەکانی رێگریی لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و وەزیرەکان کرا بچنەوە سەر کارەکانیان.

سەرۆکی لیستی گۆڕان رایگەیاند: تا گۆڕان لە حکومەت و سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستاندا بو رێگریی کرد لە ستەمی پاشەکەوتی موچە و ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە گۆڕان بەرگرییکاری مافەکانی هاوڵاتیانی کوردستانە.

جەختی کردەوە کە بزوتنەوەی گۆڕان بە پشت بەستن بە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و رۆشنبیران و رۆژنامەی ئەهلی و ئازاد دروست بو و بەربەسی گەورەیە لەبەردەم زوڵم و زۆردرایی، بۆ ئەوەی ئەو بەربەستە تۆکمەتر بکەین، پێویستە ئەو بەرەیە بەهێزتر بکرێت.

ئامانجەکانی لیستی گۆڕانی خستەڕو بەوەی کە لیستی گۆڕان ئامانجی بەهێزکردنی پەرلەمانی کوردستانە وەک باڵاترین دامەزراوەی شەرعی هەرێمی کوردستان و کاردەکات بۆ رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ناوەند بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان لەسەر نەوت و بودجە و موچە و خاک و پێشمەرگە و هەروەها لابردنی ستەمی پاشەکەوتی موچە و جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتو و گەڕاندنەوەی موچەی پاراستنی کۆمەڵایەتی و بە بەرنامەیەکی تۆکمە و قۆناغ بە قۆناغ قەرزی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بدرێتەوە.

سەرۆکی لیستی گۆڕان جەختی لەسەر بە دامەزراوەیی کردنی کەرتی نەوت کردەوە و رایگەیاند: گۆڕان خەبات دەکات بۆ رەخساندن و دروستکردنی دەرفەتی کار و گەشەپێدانی ئابوری و پێداچونەوە بە باج و رسومات و بە دامەزراوەیی کردنی هێزی پێشمەرگە و ئاسایشی ناوخۆ و هێزە ئەمنی و سەربازەکانیان و بەنیشتیمانی کردنیان.

ئاماژەی بەوەکرد؛ بەرنامەی گۆڕان ئەوەیە ساڵانە لە چوارچێوەی بودجەی گشتیدا، بودجەیەکی باش بۆ کەرتی کارەبا و رێگاوبان و نەخۆشخانە و قوتابخانە ئاو و ئاوەڕۆ تەرخان بکرێت.

دوای وتەکەی سەرۆکی لیستی گۆڕان، سەرجەم کاندیدانی لیستی (148) سوێندی یاساییان خوارد بەمشێوەیە:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

"سوێند دەخۆم بە خودای مەزن کە پارێزەری مافەکانی هاوڵاتیان و بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتیمان و سەروەری یاسا و پرەنسیپەکانی گۆڕان بم".