سبەینێ کەرنەڤاڵی سەرخستنی لیستی (148)ی گۆڕان بەڕێوەدەچێت
سبەینێ بە کەرنەڤاڵێک، بانگەشەی لیستی (148)ی بزوتنەوەی گۆڕان و کاندیدەکانی لیستەکە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
دانا عەبدولکەریم؛ ئەندامی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند؛ بزوتنەوەی گۆڕان هەمو كات ئامادەی هەڵبژاردن بوە، ئەوە یەكێتی و پارتی بون كە ساڵی رابردو نەیانوێرا هەڵبژاردن ئەنجام بدەن و دوایانخست، پارتی لە ریفراندۆمێکی شکستخواردو و یەکێتیش لە (16)ی ئۆکتۆبەر کە بە خیانەتی (16)ی ئۆکتۆبەر ناودەبرێت، هاتبونە دەرەوە، بۆیە نەیانوێراو هەڵبژاردنیان دواخست.
ئاماژەی بەوەکرد، کاتێک باسمان لە گرنگی ئامادەکاری پێویست و هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دەکرد، بۆ ئەوەبو دەستی ساختەکاریی لە هەڵبژاردنەکان دوربخەینەوە.
سەبارەت بە دەست پێکردنی بانگەشەی سەرەکی گۆڕان، دانا عەبدولکەریم وتی :" سەعات چوار دوانیوەڕۆی سبەینێ چوارشەممە لە هۆڵی گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی بانگەشەی سەرەكی گۆڕان بۆ لیستی (148) بۆ بەشداریی کردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت و تێیدا كاندیدەكان دەناسێنرێن و پلاتفۆرمی سەرەکی گۆڕان بۆ ئەم هەڵبژاردنە و دروشمەکان دەخرێنەڕو".