
نەوشیروان مستەفا: بەشداریکردنمان لە حکومەتدا لەسەر شەراکەتی راستەقینە بەندە

ئەمڕۆ سێشەمە ٢٩/١١/٢٠١٣، نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئەنجومەنی قەزای کەلار و ژمارەیەک هەڵسوڕاوی گەرمیان کۆبۆوە.
لەو کۆبونەوەیەدا، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەستخۆشی لەتەواوی هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازانی سنوری گەرمیان کرد؛ کە توانیان لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستاندا سەرکەوتنێکی گەورە بۆ لیستی ١١٧ی بزوتنەوەی گۆڕان تۆمار بکەن.
لە بەشێکی تری وتەکەیدا؛ لەسەر ئەنجامە باشەکانی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵوەستەی کرد و بە بەشداربوانی کۆبونەوەکەی راگەیاند "سەرکەوتنی لیستەکەمان لەسەر ئاستی کوردستان و عێراقیش دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوە، زۆربەی لایەنە عێراقییەکان کە پیرۆزباییان کردوە؛ سەرسامی خۆیان دەربڕیوە کە چۆن ئێمە توانیومانە لە پێگەی ئۆپۆزسیۆنەوە رکابەری ئەو دولایەنە بەهێزە بکەین کە پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیان بە دەستەیەوە و بە بودجە و میدیا و دەزگای هەواڵگرییەوە، بەرامبەریان وەستاوینەوە و بەهێزیش بوین".
نەوشیروان مستەفا ئاماژەی بەوەشکرد ئەگەرچی تائێستا گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت دەستی پێنەکردوە، بەڵام ئەوان بەشداری حکومەتێک دەکەن کە شەراکەتی راستەقینە تێیدا رەنگبداتەوە و بنەمای بەرژەوەندی گشتی خەڵکی کوردستان و چاکسازی و بەگژداچونەوەی گەندەڵی ببێتە کۆڵەکەی بیناکردنی ئەو حكومەتە.
دواتریش لەسەر هەڵسەنگاندنی کاری رێکخراوەیی بزوتنەوەکە و پێداچونەوەی بە هەیکەلیەتی رێكخراوەیی لە سنوری کەلار گفتوگۆکرا و هەڵسوڕاوان بۆچون و سەرنجیان خۆیان لەو روەوە پێشکەشکرد و کۆبونەوەکە بە ئامادەبونی رێکخەری ژوری پەیجوری بزوتنەوەی گۆڕان بەڕێوەچو.