چوار لایەن بۆ دەنگدەران: نوێنەرى راستەقینە هەڵبژێرن نەک شکستخواردوەکان
چوارلایەن لە هەولێرى پایتەختەوە پرۆسەى هەڵبژاردن تاوتوێ دەکەن و داوا دەکەن خەڵکى کوردستان بە گڕو تینەوە بەشدارى پرۆسەکە بکەن دەنگ و متمانە بدەنە لیست و نوێنەرى راستەقینەى خەڵک نەک ئەوانەى لە (27) ساڵی حوکمداریدا شکستیان هێنا و نەیانتوانی خزمەتى شایستە بە خەڵک بکەن.
پێش نیوەڕۆى ئەمرۆ هەرچوار لایەنى؛ بزوتنەوەى گۆڕان، یەکگرتوى ئیسلامى، کۆمەڵى ئیسلامى و بزوتنەوەى ئیسلامى لە شارى هەولێر کۆبونەوە بۆ تاوتوێکردنى چۆنیەتى بەڕێوەبردنى پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و رێگرى لە ساختەکار و داوایان لە کۆمیسیۆن کرد کاری جدی بکات بۆ دەرفەرتی یەکسان بە لایەن سیاسییەکانی کوردستان بۆ کۆنترۆڵکردنی هەمو ئەگەر و گومانەکان لە تێکڕای پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
هەروەک لە راگەیەنراوێکدا کە دواى کۆبونەوەکە بڵاویان کردەوە جەختیان کردەوە لەوەى حیزبەکانى دەسەڵات لە ماوەی (27) ساڵی حوکمداریدا نەیانتوانیوە ئەدایەکی شایستەی خەڵکی کوردستان بکەن، هاوکات دوپاتکردنەوەى هەماهەنگی نێوان هەر چوار لایەنەکە لە پرۆسەى هەڵبژاردن تا کاتى جیاکردنەوەی دەنگەکان و ئاشکرا کردنى ئەنجامى.
چوار لایەنەکە دواش لە خەڵکى کوردستان دەکەن بەوپەڕی تواناوە بەشداریی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن، بۆئەوەى نوێنەر و دڵسۆزی راستەقینەى خەڵک و خاکى کوردستان بنێرنە پەرلەمان.
هەولێر - هەژار ئەنوەر