كۆنسوڵی ئیتاڵیا لە هەرێم سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد
كۆنسوڵی ئیتاڵیا لە هەرێم سەردانی مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان دەكات لە شاری سلێمانی و لە كۆبونەوەیەكدا دۆخی هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی حكومەتی عێراق تاوتوێ دەكرێت.
سێرێنا مۆرونی كۆنسوڵی ئیتاڵیا لە هەرێم، سەردانی مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد لە گردی زەرگەتەو لە لایەن محەمەد تۆفیق رەحیم ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان و رێكخەرو ئەندامانی ژوری پەیوەندیە دبلۆماسییەكانی گۆڕان پێشوازی لێكرا.
لە کۆبونەوەیەکیشدا کە رۆژی چوارشەممە بەڕێوەچو، دۆخی هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی حكومەتی داهاتوی عێراق تاوتوێكرا، هاوکات بزوتنەوەی گۆڕان جەختیكردەوە، كە دەبێت كابینەی داهاتوی حكومەتی عێراق، جێبەجێكردنی مادەی 140 و ناردنی بودجەی هەرێم و پێشمەرگە جێبەجێبكات و مافی خەڵكی كوردستان لەبەرچاو بگرێت.