ئێمه‌ کێین؟

پێناس:
بزوتنەوەی گۆڕان رێکخراوێکی سیاسیی خاوەن کەسێتیی مەعنەوییە، لە گردبونەوەی ئارەزومەندانەی ئەو هاوڵاتیانە پێکدێ کە لە دەوری بەرنامەی سیاسی و پەیڕەوی ناوخۆی بزوتنەوەی  گۆڕان کۆبونەتەوە. شوێنی چالاکیی بزوتنەوەی گۆڕان هەرێمی کوردستان و عێراق و هەر جێیەکی ترە کە هاوڵاتیانی کوردستانی لێ بێ.

مێژو:
بزوتنەوەی گۆڕان، وەک قەوارەیەکی سیاسی و لیستێک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی چواری ساڵی ٢٠٠٩، بەدیاریکراوی رۆژی ١١/٤/٢٠٠٩ کاتێ نەوشیروان مستەفا لە دیدارێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "الشرق الاوسط"ی لەندەنی ژمارە ١١٠٩٢ ئاشکرای کرد کە رێبەرایەتی لیستێکی تایبەت دەکات، جیاواز لە لیستی حیزبەکانی تری کوردستان، بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان.

قەوارەی سیاسی:
رۆژی ٢٨/٤/٢٠٠٩ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە نوسراوی ژمارە ١٥٩ لیستی گۆڕانی وەک قەوارەیەکی سیاسی فەرمی لە هەرێمی کوردستان ناساند. بۆ بەشداریکردنیش لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رۆژی ٢٧/٨/٢٠٠٩ بە نوسراوی ژمارە ٣٢ لیستی گۆڕانی وەک قەوارەیەکی سیاسی فەرمی لە سەر ئاستی عێراق ناساند.

بزوتنەوەی سیاسی:
مێژوی راگەیاندنی بزوتنەوەی گۆڕان وەک رێکخراوێکی سیاسی دەگەڕێتەوە بۆ ٣١/٥/٢٠١٠ کاتێ لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نوسراوی ژمارە ١٣٣٨٢ مۆڵەتی فەرمی وەرگرت.
 
سەنگ:
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ساڵی ٢٠٠٩ لیستی گۆڕان ٢٥ کورسی پەرلەمانی لە کۆی ١١١ کورسی بەدەستهێنا، وەک دووەم فراکسیۆنی پەرلەمان بووە گەورەترین هێزی ئۆپۆزیسیۆن لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان. لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ساڵی ٢٠١٠  لیستی گۆڕان وەک دووەم گەورەترین هێزی سیاسی هەرێم دەرکەوت، لەسەر ئاستی عێراقیش ٤٨٧,١٨١ دەنگی بەدەستهێنا، لەو هەڵبژاردنەدا هەشت کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەدەستهێناو بووە پێنجەم فراکسیۆنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.