لیستی نیشتمان کە بەشداری دەكات لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (12/5/2018)، بە لیستی ژمارە (183)، پێداگری دەکات لەسەر جێبەجێكردنی مادەی (١٤٠)ی دەستوری هەمیشەیی عێراق بە سەرجەم بڕگەكانییەوە، چارەسەركردنی یاسایی كێشەی كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەکان و قەرەبوی زیانلێكەوتوانی ئەو ناوچانە. لە بەرنامەی لیستی (نیشتیمان) بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەختکراوەتەوە لەسەر ئەوەی بەڕێوەبردنی ناوچە دابڕێندراوەكان، دەبێت بەهاوبەشی لەنێوان حكومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستاندا بێت تا یەكلاییكردنەوەی چارەنوسیان بەپێی دەستور و هەروەها بنبڕكردنی هەژمون و دەسەڵاتی حزب لە دامەزراوەکاندا، لەڕێگەی بەمەدەنیكردنی رۆڵ و چالاكییەكانی لە ململانێی سیاسی و لە چوارچێوەی یاسادا.
بەرنامەی لیستی نیشتمان (ژمارە 183) بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2018
یەكەم: لەسەر ئاستی دەستوری و سیاسی و ئەمنی
1. ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەمنی و سیاسی ئەو ناوچانەی لەدوای 16ی ئوكتۆبەری 2017وە گۆڕانكارییان بەسەرداهاتوە.
2. پێداگری لەسەر جێبەجێكردنی مادەی ١٤٠ی دەستوری هەمیشەیی عێراق، بە سەرجەم بڕگەكانییەوە، چارەسەركردنی یاسایی كێشەی كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەکان و قەرەبوی زیانلێكەوتوانی ئەو ناوچانە.
3. بەڕێوەبردنی ناوچە دابڕێندراوەكان، بەهاوبەشی لەنێوان حكومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستاندا، تا یەكلاییكردنەوەی چارەنوسیان بەپێی دەستور.
4. پێویستە دۆسێی ئەمنیی ئەو ناوچانە، بەشێوەیەكی سەرەكی بسپێردرێت بە هێزە ئەمنییە ناوخۆییەكان و حكومەتی فیدڕاڵ هاوکارییان بکات.
5. بنبڕكردنی هەژمون و دەسەڵاتی حزب لە دامەزراوەکاندا، لەڕێگەی بەمەدەنیكردنی رۆڵ و چالاكییەكانی لە ململانێی سیاسی و لە چوارچێوەی یاسادا.
6. پشتگیریكردنی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و پاراستنی سەربەخۆییان لەپێناو خزمەتكردنی بەرژەوەندییە مەدەنی و پیشەییەكانی سەرجەم توێژەكانی كۆمەڵگا.
7. داکۆکیکردن و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و دەستەبەرکردنی ئازادیی رۆژنامەگەری.
8. دروستكردنی پردی متمانەی دو سەرە و پێكەوە ژیانی برایانە لە نێوان پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكانی عێراق، لەسەر بنەمای دادپەروەری و شەراكەت و پێكەوەژیان و ئەزمونی مێژویی هاوبەش و زامنكردنی مافە دەستورییەكانیان، بەمەبەستی هێنانەدی و پتەوكردنی رایەڵەكانی تەبایی و دۆستایەتی.
9. كاركردن بۆ نەهێشتنی جیاكاری و ستەمی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی و رەگەزیی لەسەر هاولاتیان بەتایبەتی ئێزیدی و صابئە و شەبەك و فەیلییەكان و دەستەبەركردنی مافە دەستورییەكانیان.
10. بەگژداچونەوەی تیرۆر و توندڕەوی و رەگەزپەرستی و دەمارگیری.
11. كاراكردنی رۆڵی دەستە و كۆمسیۆنە سەربەخۆكان و چاوخشاندنەوە بە پێكهاتەیان لەسەر بنەمای پیشەییبون و بێلایەنی و پێوەرە نێودەوڵەتییەكان و هاوسەنگی لەنێوان پێكهاتەكانی گەلانی عێراقدا.
12. رێگەگرتن لە بەكارهێنانی دامودەزگا حكومییەكان بۆ بەرژەوەندی كەسی و تایبەت و بنبڕكردنی دەستێوەردانی حزبی تیایاندا.
13. دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدراڵی بەپێی ماددەی 65ی دەستور و بنەما و پێوەرە كارپێكراوەكان لە وڵاتە فیدراڵییە پێشكەوتوەكاندا.
14. ئیدانەكردن و بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە خەڵكی مەدەنی، راپێچكردنی بەرپرسانی ئەم روداوانە بۆ بەردەم دادگا، گەشەپێدانی گیانی لێبوردەیی لە نێوان تاكەكانی گەلی عێراقدا.
15. بنیادنانەوەی سوپای عێراق لەسەر بنەمای نیشتمانی، بە لەبەرچاوگرتنی ڕێژەی پێكهاتەكان و بە دورگرتنی لە ململانێ سیاسییەكان.
16. پاراستنی بنەمای هاوسەنگی (التوازن) لە سەرجەم دامودەزگا سەربازی و مەدەنی و دیبلۆماسییەكاندا، كە ڕەچاوی هەمو پێكهاتەكانی عێراقی تیادا بكرێت.
17. ئەو یاسا خزمەتگوزاری و ئابورییە فیدراڵییانەی کە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیاندایە، پێویستە لە هەرێمی کوردستانیش جێبەجێبکرێن.
|